دۆخی سیاسی باشوری کوردستان لەسایەی دەسەڵاتی وابەستەی داگیرکەراندا
بێ گومان ئەو دۆخەی ئەمڕۆی باشوری کوردستان دۆخێکە هاوشێوەی لەهیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا نابینرێتەوە ، کوردستان شێوازێک لەدەسەڵاتدارێتی بەڕێوەی دەبات ، لەسەر بنەمای پارێزگاری کردن لەبەرژەوەندی دوژمن و داگیر کەران و شکاندنی شکۆی دڵسۆزانی گەل و نیشتیمان بونیاد نراوە .
لەم بارەیەوە بۆ گفت و گۆکردن دەربارەی دۆخی سیاسی و ئازادی لەباشوری کوردستان ماڵپەڕی چامەنێت بەپێویستی زانی لەگەڵ نووسەر و چاودێری سیاسی کاک (عادل عوسمان ) ئەم گفت و گۆیە ساز بدات .
چامەنێت :سەرەتا زۆر سوپاس بۆ بەڕێز تان کە کاتی خۆتان بەخشی پێمان ، ڕاستەو خۆ بەوە دەست پێ دەکەین و دەپرسین بەڕای ئێوە هۆکارەکانی دۆخی چەق بەستووی سیاسی باشوری کوردستان چی یە؟ ، ڕێگاکانی چارەسەری ئەم دۆخە چین؟
عادل عوسمان: سوپاس بۆ چامەنێت، کە دەرفەتێکی لەو شێوەیەی دروستکردووە لەسەر دۆخی باشوری کوردستان و قەیرانەکانی بدوێین.
لە ڕاستیدا کۆمەڵێک ھۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی پەیوەندییان بە چەقبەستویی دۆخی باشوری کوردستانەوە ھەیە، کە دەتوانین بەم شێوەیەی خوارەوە بیانناسێنین. لە پێشدا بێ ئیرادەیی ھێزە سیاسیەکانی ھەرێمی کوردستان، ئەوکات بێڕۆڵی حکومەتی ھەرێم و دروستکردنی قەیرانی دروستکراو لە نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدراڵی ئێراق و دەستێوەردانی ھێزە داگیرکەرە دەرەکیەکان.
لایەکی تری ئەو چەقبەستووییە باڵادەستی و خۆسەپاندنی ھێزێکی سیاسییە بەسەر ھەموو ھێزە سیاسییەکان و ڕەنگڕێژکردنی سیاسەت و بەڕێۆەبەری بەگوێرەی دەسەڵاتەکانی خۆی و پاشکۆیی ھێزە سیاسیەکانی تر و بە هەموشیانەوە خۆسەپاندن بەسەر کۆمەڵگە و بێڕۆڵکردنی کۆمەڵگەیە. لەیەک قسەدا یەکلایی بکەینەوە. نەبوونی دیموکراسی ناوخۆیی حیزبەکان و بەش نەکردنی بەڕێوەبەرییە لەگەڵ کۆمەڵگەدا.
چامە نێت: لەهیچ کۆمەڵگەیەکدا ڕێگە پێدراوە هێزی دەسەڵاتدار لەبەرەی دژ بەگەلدا ئەوەندە سەرسەخت بێت و بەرامبەر بەهێزی داگیرکەر و پێشێل کردنی سەروەری نیشتیمان نەک هەر نەرمی بنوێنێت بەڵکوبەردەوام لەخزمەتی ئەجێندای داگیر کەراندا بێت ؟
عاد ل عوسمان : ھیچ پێوانەیەک نییە کە ھیچ ھێز و حکومەتێکی وڵاتێک یان ھەرێمی و حیزبەکانی کۆمەڵگەیەک، لەدەرەوەی پێوانەکانی سەروەری وڵات، بکەوێتە خزمەتی داگیرکەر و ھێزە دەرەکییەکان. بەکارھێنانی ھێز لە کۆمەڵگەدا دژی خەڵکەکەی خۆت، نیشانەی نابەرپرسیاری و پێشێل کردنی مافەکەنی ھاوڵاتی، مافی مرۆڤ و ئازادیە کۆمەڵایەتی و تاکەکەسییەکانە. ھەربۆیە شیاو نییە ھیچ ھێزێکی سیاسی لەدژی گەلی وڵاتەکەی سەرسەخت بێت و توندوتیژی کەدژی خەڵک و کۆمەڵگە جیاوازەکان بەڕێوەببات. بەڵکو پێویستە بەرامبەر دوژمن ڕەق و بەرامبەر کۆمەڵگە نەرم و هاوبەشیپێکەر بێت. بەوشێوە کۆمەڵگەیەکی ئاشتەواو ئارام بۆ هەموان دەستەبەر دەبێت. کە نەک تاکەکانی ناوی هەڵاتوو ڕاکردوو بن، بەڵکو خزمەتکار و بەشدار دەبن.
چامەنێت : دەکرێت چەمکی ئازادی چۆن پێناسە بکرێت ؟ لەباشوری کوردستان دۆخی ئازادی لەچ ئاستێکدایە ؟
عادل عوسمان : ئازادی واتە تێگەیشتنی مرۆڤ و ھۆشمەندیەکەی بەرامبەر جوڵەی گەردونی بونەوەر و زیندەوەر و بەشداری لەو شێوە بەڕێوەبەرییەدا وەک بەشێک لە بوونی ژیان. بەشداری کاریگەر لە ژیاندا، ڕۆڵی ھۆشمەندی مرۆڤ لەو ژیانەدا دەکاتە ئازادی. ئازادی واتە تێگەیشتنی مرۆڤ لە جوڵەی گەردونی و بەشداری کردن تێیدا. لە باشوری کوردستان تێگەیشتن لە ئازادی بێناوەرۆک کراوە و ھێنراوەتە خوارەوە بە ئازادی بەشداری لە ھەندێ جوڵە و دەربڕینی ناڕەزایەتی. ئەوە ئازادی نییە، بەڵکو بێناوەرۆک کردنی ئازادی و ڕوتکردنەوەیەتی لەو مانا قوڵە گەردوونییەی تێگەیشتن لە جوڵە و بەشداری لە بەڕێوەبردنی ژیانێکی پێکەوەیی و ھەرەوەزی.
چامە نێت : بەردەوام ئەوکاتانەی شوێنێکی کوردستان پێویستی بەهەمئاهەنگی و هاکاری گەل دەبێت ، دەسەڵاتی باشوری کوردستان ئاستەنگی بۆ گەیشتنی هاوکاری گەل دروست کردووە ، بێ ئیرادەبوونی دەسەڵات بەرامبەر بە داگیرکەر هۆکارەکەی چی یە؟
عادل عوسمان :گەلی کورد ھەمیشە لە دۆخی نەخوازراو و ھێرش بۆ کراودا بووە. بە تایبەت لەسەردەمی ھێرشی داگیرکەرانی کوردستان بۆسەر بەش و پارچەکانی تر و لە ناوخۆی هەر وڵاتێکدا. هەروەها بەھۆی کارەساتە سروشتیەکانیشەوە، کۆمەڵگە جیاوازەکانی ئێمە پێویستی بە ھاوکاری یەکترو ئامادەیی ھاوکاری یەکتربووە و ئەو گیانی هاوکاری و پێکەوەییەش هەمیشە ئامادەیی هەبووە. چ لە ھێرشی دەوڵەتەکان یان کارەساتە سروشتییەکانی وەک لافاو و زەمین لەرزەبێت. گەل ھەمیشە ھاوکاری بە واتای نیشانداوە. لە ئەنفالەکانی باشورەوە، تا زەمین لەرزە و لافاوەکانی کرماشان وسەلاسی باوەجانی، تا زەمین لەرزەی گەورەی باکوری کودستان لە مەرەش و ناوچەکانی، تا بۆردومان و ھێرشەکانی سەر عەفرین و ڕوژئاوای کوردستان. گەل بە ڕۆحی ھاوپشتی و بەرخۆدانەوە بە ھانای یەکەوە چوون و ئەوەی لەدەستییان ھاتبێت بۆ کۆمەک و دابینکردنی پێداویستی درێغییان نەکردووە. ئەوەش نیشانەی بەرپرسیارەتی و بەتەنگەوە ھاتنی کۆمەڵایەتی و ھەرەوەزی کۆمەڵگەی کوردییە.
ئەو ھاوکاری و پێکەوەییە بۆ یەکیەتی کوردان ڕۆڵی ڕۆح و ھەوێنە. ئەوەش دوژمن تەنگاو دەکات و لێی دەترسێت. ھەربۆیە شێوازە جیاوازەکانی ڕێگری پێشخستوە و دەیەوێت ڕێگری لەو ھاوکاری و ھاوپشتییانە بگرێت. ھەربۆیە خەندەق لێدەدات، ناھێڵێت ھاوکارییەکان بگات و دەیان ڕێگەی ڕێگری جۆڕاو جۆر پێشدەخات.
چامەنێت :ئەم شێوازە لەمامەڵەکردنی دەسەڵات ئاکامەکەی بەچی دەگات ، ئەم دۆخە زامنی مانەوەی دەسەڵاتدارانی باشور دەکات؟
عادل عوسمان : لەڕاستیدا شێوازی بەڕێوەبەری دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان نەشیاو و نەرێنییە و لە ژێر ناڕەزایەتی بەرینی کۆمەڵگەی کوردیدایە و نەرێنی شکاوەتەوە و دەشکێتەوە. بەتایبەت کە ئەم سەردەمە قۆناغی گۆڕانکاری و وەرچەرخانە. ئەو شێوازە دەسەڵاتخوازییەی باشور کێشە ھێنە. لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ناگونجێت. دۆخی کۆمەڵایەتی شێوازی پەستان و لە قاڵبدان قبوڵناکات. شێوازی دەسەڵاتدارەتی ھەرێم لێدانە لە کۆمەڵگە و بێڕۆڵکردنی. ھەربۆیە ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان پەرە دەسەنێت و دۆخی پێکدادان قوڵتر دەکاتەوە و سیستەمی ھەرێمی کوردستان پشت بە توندوتیژی دەبەستێت و پێکدادانەکان قوڵتر دەکاتەوە. لە بری ئەوەی ھێزەکانی ھەرێم ببنە بەشێک لە چارەسەرکردنی کێشەکان، بۆخۆشیان بوونەتە بار بەسەر کێشەکان و کۆمەڵگەوە و لە خزمەتی مانەوەی دەسەڵاتی خۆیاندا ھاوکاری ھێزە دەرەکییەکان و بە تایبەت داگیرکەری تورک دەکەن. ھەربۆیە لە شەڕێکی نەبڕاوەی کۆنەپەرستانە و توندووتیژانەدان لەدژی کۆمەڵگە. کۆمەڵگەش ئەو ھێرش و توندووتیژی و ھاوکارییەی داگیرکاری قبوڵناکەن و لە بەرامبەریدا پەرە بە زھنیەتی دیموکراتیک و کۆمەڵایەتی دەدەن. بۆئەوەش شێوازی جیاوازی سیاسەتی کۆمەڵایەتی پەرەپێدەدەن کە جیاوازە لە سیاسەتی دەسەڵاتداران.
چامەنێت : دۆخی ئێستای گۆڕانکارییە نێودەوڵەتی و هەرێمییەکان ئەوەدەخوازن گەلی کورد پەرەبەیەک گووتاری خۆی بدات ، و کۆنگرەی نەتەوەیی بەهێزتر بکرێت، ئایا دەسەڵاتدارێتی باشور ئەم باسە بەهەند وەردەگرێت ؟
عادل عوسمان : دۆخی ئاڵوگۆڕەکان لە ئاستێکی یەکلاکردنەوەی ڕەوشەکاندایە. ھەربۆیە ھەموو کۆمەڵگە و ھێزە سیاسیەکانی ناوچەکە پەیوەنددار دەکات و لێی بەدەر نابێت. بەتایبەت لە دۆخی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا چەقی گۆڕانکارییەکان کوردستان و وڵاتی کوردانە. ھەربۆیە ھێزە سیاسیەکانی ناویشی بەدەرنابن لێی. ھەرھێزێک لە دەرەوەی شەپۆلی گۆڕانکارییەکان بجوڵێتەوە زیانمەند دەبێت و بە نەرێنی دەشکێتەوە بەسەریدا. دۆخی ھێزە سیاسیەکانی ھەرێم بەرچاوە و پێویستی بە گۆڕانکاری و دروستکردنی گوتارێکی پێکەوەیی و چارەسەرییە. چونکە چەقی چارەسەری لە دەوری پرسی کورد چڕبۆتەوە و دەورانی زێڕینی یەکیەتی، یەکگرتوویی و یەکگوتاری کوردە و بەوە دەتوانرێت پرسی چارەسەری پەرتەوازەیی و چەند گوتاری ناو کوردان چارەسەر بکرێت. وە ھەر ھێزێکی سیاسی ئەو گۆڕانکارییانە بە ھەند نەگرێت نە دۆخی سیاسی ھەنوکە و نە مێژووش ڕەحم بە ھیچ کەس ناکات.
کۆمەڵگەی کوردی لە ئاستی شێوەگرتنی سیاسەتی دیموکراتی و کۆمەڵایەتیدایە. هێزە سیاسیەکانی هەرێم لەو شێوازە سیاسییە کۆمەڵایەتییە دابڕاون و توانای دیموکراتیزەکردنی خۆیان و بونە بەشێک لە کۆمەڵگەیان نییە. هەربۆیە مەترسییەکانی سەریان لەپاڵ گۆڕنکارییەکانی سیستەمی داگیرکاریدا چەندجارە دەبێتەوە. چونکە سیاسەتی دیموکراتیک و کۆمەڵایەتی کەلەسەر پەرەدان بە ڕێکخراوو سیستەمە خۆبەێوەبەرییەکانی گەنجان، ژنان، ژینگەپارێزی و کۆمەڵگەی مەدەنی دادەمەزرێن توانای قبوڵکردنی شێوازی بەڕێوەبەری دەسەڵات و قۆرخکردنی نییە. هەربەو پێوانەیە گەشەکردنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سیاسەتی دیموکراتیک، ئاستی بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەسەڵاتخواز کورت و مەیرسیدار دەکات و پێویستیشە هێزە سیاسیەکانی هەرێم لەو گۆڕانکارییە لە سیاسەتی کوردان تێبگەن و قبوڵی بکەن. چونکە پێکهاتەی نەتەوەیی کوردان لەسەر فرەڕەنگییە و پێویستی بە دانپیادانان و قبوڵکردن و پێکەوەبوونە.
چامەنێت : هەڵوێستی گەل بۆ ئەم دۆخە ڕوونە و پشتیوانی بەهێز و سەرسەختی دۆزەکەیەتی ، بەڕێزتان چۆن له هەڵوێستەکانی گەل دەڕوانن؟
عادل عوسمان : پێویستە ئەوە بڵێم، لە ناو گەلدا یەکیەتی نەتەوەیی و تێکۆشان بۆ سەرخستنی دۆزی ئازادی گەل بە شێوەیەکی بەرچاو بەرەو پێشچووە و لە ئاستی باشدایە، بەڵام ھەڵگری کەموو کوڕی خۆیشیەتی. گەل و پێشەنگە سیاسیەکەیشی دەتوانێت لە پرسی تێکۆشاندا وەڵامی کەموکوڕیەکان بداتەوە قۆناغ بە ئاستی سەرکەوتنی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد بگەیەنێت. گەشەکردنی تێکۆشانی کۆمەڵایەتی و دیموکراتیک، لە شێوەی ڕێکخستنە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی، رەگەزییەکان و ژینگەپارێزان، خۆبەڕێوەبەری و پێکەوەژیانی گەلاندا، وەڵامی ئەو قەیران و مەترسییانەیە کە کۆمەڵگە وەک هێڵی چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک پێشکەشی کردووە و بوەتە هێڵێکی سیاسی ڕێکخراو، کە پێویست دەکات لە کۆمەڵگەی باشوریشدا ببێتە گوتاری چارەسەری کۆمەڵایەتی و پێکەوەیی و هاوبەشی و کۆتایی بە دۆخی قەیرانی پارچەبوون، دابڕان و شەڕە ناوخۆییەکانی کوردان بێنێت. پەرەسەندنی سیاسەتی دیموکرات، شێوازی وەڵامی کۆمەڵگەیە بە قەیران و چارەسەرییەکان. شێوازی بەرێوەبەری سیاسەتی دەسەڵاتخوازیش پڕ قەیران و بەردەوامی کێشە دروستکراوەکانی وەک نەبوونی خزمەتگوزاری، کێشەی مووچە و کارەبا و ڕێگەوبان و پرسەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و خوڵانەوەیە لەناو بازنە داخراوەکانی بێچارەیی و لەدەستدانی دەسکەوتەکاندا. لە کاتێکدا پارێزگاری لە دەسکەوتەکان لە ڕێگەی سیاسەتی دیموکراتیک و خۆ دیموکراتیزەکردنەوە دەبێت، نەک ئەو شێوازە پڕ لەقەیران و چەندبارە بوەوانەی حیزبەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنە دروستکراو و گرێدراوەکەی.
هەر بۆیە چارەسەری دیموکراسییانەی کێشەکانی ناوماڵی کورد بە کۆمەڵگە و هێزە سیاسییەکانیەوە ڕۆڵی کلیل دەبینێت لە چارەسەری پرسەکانی ئێراق و دیموکراتیزەبوونی کۆماری فیدراڵی ئێراق و بەوەش ئێراق دەکاتە پێگەیەکی گرنگ لە ڕۆڵبینین لە دیموکراتیزەبوونی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چارەسەری پرسی کورد وەک بون و ناسنامە لە وڵات و دەوڵەتەکانی تری دراوسێ و چارەسەری پرسە مێژوویی و داگیرکاری و دەسەلاتخوازییەکان و بەوەش خۆری ئازادی و پێکەوەژیانی گەلان بۆ کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست درەوشاوە و پڕ شکۆ دەبێت.
چامەنێت : لەکۆتایدا زۆر سوپاس بۆ نووسەر و چاودێری سیاسی بەڕێز عادل عوسمان ماڵپەڕەکەمانی بە ووشەڕەنگینەکانی ڕازاندەوە ، هەروەها سوپاس بۆ خۆێنەرانی دیدارەکەمان ….
NVN SNWUTa CiDS Vle ZJs VgQfoSOB uJFqRj