دیداری چامە

پرسی ئاشتی لەدووڕیانی بەرەو پێش چوون و چەق بەستندا

بەشی یەکەم


پاش تێپەڕ بوونی زیاتر لەچل ڕۆژ بەسەر پەیامی ئاشتی بەڕێز ئۆجەلاندا ، بەڵام تائێستا لایەنی بەرامبەر هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی بەرەو ئاراستەی چارەسەری دیموکراسیانەی بۆکێشەی گەلی کورد لەو ووڵاتە نەناوە ، لەکاتێکدا کە کۆی جیهان بەو پەڕی هیواوە لەپەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان دەڕوانن ، بەڵام دەوڵەتی تورک لەبەردەوامی دان بە هێرش و پەلامارەکانی و ناڕوونی لەهەڵوێستەکانیدا ، زۆرینەی چاودێرانی سیاسی نائومێدکردووە .
لەم بارەیەوە لاپەڕەی دیداری چامە لەماڵپەڕی چامەنێت ، بەپێویستی زانی ئەم گفت و گۆیە لەگەڵ چاودێری سیاسی بەڕێز (ئیبراهیم فەرەج)ساز بکات ، لەگەڵ ڕێز و سوپاسمان بۆ بەڕێز مامۆستا ئیبراهیم کە زۆر بەووردی وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.
چامە نێت : ئامانجی دەوڵەتی تورک لەپشت گوێ خستنی پرسی ئاشتی چی یە؟ ئایا ئەم پشتگوێ خستنە لەبەرژەوەندی دەوڵەتی تورکە؟
ئیبراهیم فەرەج : لەدوای دروست بوونی دەوڵەتی نوێی تورکیا لەساڵی ١٩٢٣ لەلایەن کەمال ئەتاتورکەوە. نوسینەوەی ڕەگەزپەرستانەترین دەستووری جیھان لەساڵی ١٩٢٤ کەنکوڵی لەھەبوون و زمانی کورد کرد .لەڕاستیدا کەمال نەیدەتوانی ئەو دەوڵەتە دروست بکات ،گەر ھاوکاری سەرۆک خێڵە کوردەکانی باکوری کوردستان نەبووایە.
بەڵێنی دابوو گەر حکومەت پێک بھێنێت مافی ئۆتۆنۆمی بەکورد دەدات. بەڵام نەک بەڵێنەکەی جێ بەجێ نەکرد .بەڵکو حەسەن خەیری بەگ کەخودی ئەتاتورک ناردبووی بۆ نێوەندە دبلوماسیەکانی ئەوروپا . تا کۆمەڵگە ی نێودەوڵەتی لەپەیمانی سیڤەر پەشیمان بکاتەوە. کارەکەی کردو ڕایگەیاند ئێمەی کورد دەمانەوێت لەگەڵ برا تورکەکانمان لەناودەوڵەتی تورکیا بژین. پەیمانی سیڤەر(١٩٢٠/٨/١٠) خاڵەكانی ٦٢،٦٣،٦٤ لەبەرژەوەندی کورد بوو.بەھۆی فڕو فێڵی تورک و ھەوڵەکانی حەسەن خەیری بەگ گۆڕا بۆ پەیمانی لۆزان(١٩٢٣/٧/٢٤).
پاداشتی حەسەن خەیری لەسێدارەدان بوو .بەتۆمەتی ئەوەی بەجل و بەرگی کوردییەوە چۆتە کۆنگرە نێودەوڵەتیەکان . ئەمەی وەکو تاوانی جوداخوازی خستە ملی . دواتر کۆمەڵکوژی شێخ سەعیدی پیران(١٨٦٥/١٩٢٥) و ھاوڕێکانی بەدوادا ھات.پاشان کۆمەڵکوژی سەید ڕەزا(١٨٦٣ /١٩٣٧) ھاوڕێکانی و خەڵکی دێرسیم .دەوڵەتێکی فاشست و خوێن ڕێژ سەرپێخرا. لەساڵی ١٩٧٨ کەپە—کە—کە دروست بوو. لەساڵی ١٩٨٤ شۆڕشی چەکداری دەستی پێکرد . چل ویەک ساڵە شەڕێکی خوێناوی لەنێوان کوردو تورک ھەیە. چەندین جار بەڕێز ئۆ—جا—لان یەک لایەنە شەڕی ڕاگرتووە. بەڵام دەوڵەتی داگیرکەری تورک و حیزبە سیاسیەکانی، ھەرگیز بەشێوازێکی ئەرێنی ھەنگاویان نەناوە، بۆ ئەوەی ئاشتی جێگای شەڕ بگرێتەوە . درێژترین ماوەی گفتووگۆی پە—کە—کەو تورکیا لەساڵی ٢٠٠٥ —٢٠١٥ کەبەگفتووگۆی ئۆسلۆ ی نەرویج ناسراوە دەساڵی خایاند. بەڵام ئەوان تاکتیکیانە لەودۆخە نزیک دەبوونەوە ئامانجیان بوو پە—کە—کە تەسلیم وەرگرن و بێ مەرج چەکی پێ دابنێن. لەوقۆناغەدا کۆمەڵکوژی پاریسشیان ئەنجامدا. بەڵام پە—کە—کە و ڕێبەرەکەی لەفڕو فێڵی تورکەکان باش تێگەیشتبوون. بۆیە ئەودۆخە گۆڕا بۆ شەڕێکی قورس کەتائێستاش بەردەوامە .
لەدوای بانگەوازیەکەی بەڕێز ئۆجالان . پە—کە—کە ھەرزوو وەڵامی بانگەوازیەکەی بەئەرێنی دایەوە ئامادەییان دەربڕی بۆ پرسی ئاشتی و وەک نیەت پاکی یەک لایەنە شەڕی ڕاگرت . تەنیا بەرگری ڕەوا نەبێت ھیچ ھێرشێک ئەنجام نادات.
بەڵام تورکیا نەک تائێستا وەڵامی ئەرێنی نەداوەتەوە ،بەڵکو ھێرشە سەربازیەکانی زۆرترو زیاتر کردووە.سەری زمان و بنی زمانی خۆ ھەڵوەشانەوەی پەکەکەو چەک تەسلیم کردنیەتی بەتورکیاو عێراق بەبێ مەرج . بێ ئەوەی ھیچ ھەنگاوێک بنێن بۆ داننان بەمافەکانی کورد.
سیاستوانانی تورکیا ھەرلەسەردەمی ئەتاتورکەوە بۆ ئێستا لەگفتووگۆکانیان لەگەڵ کورد ئامانجیان تەسلیم بوونی کورد بووە نەک دانووستاندن .بۆ وەڵامی پرسیارەکەتان لەبەرمەبنای ئەو شیکاریەی مێژووی ئەوسەد ساڵەی کۆماری نوێی تورکیا بۆمان دەردەکەوێت .بەوعەقڵیەت و بیرکردنەوە کەڕەگەزپەرستی بەسەریدا زاڵە . ناتوانن بڕیارێک بدەن بۆ ئاشتی کەکورد ببێتە خاوەنی مافە نەتەوەیی ،دیموکراتی ،کولتووریەکانی. تورکیا سەد ساڵ زیاترە لەگەڵ کورد لەشەڕدایە. ئایا توانیویەتی کورد بەشەڕ والێبکات بتوێتەوەو باسی مافەکانی نەکات؟یان کوردی پێ لەکورد بوون خراوە؟ یان کوردی پێ تەواو بووە؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر . بۆیە شەڕ بۆ تورکیش زیانی گەورەی بووە. ڕەوشی ئابوری،سیاسی،سەربازی ،کۆمەڵایەتی،دبلوماسی ،…. تابێت خراپتر دەبێت.گوێ نەدان بەم پەیامە گرنگ و مێژوویەی بەڕێز ئۆجالان کارێکی لۆژیکی و ئەقڵانی نییە. تورکیا ئەبێت ئەوە لەمێشکی خۆی دەربکات .بێ ھەنگاوی ئەرێنی بۆ بەدەسخستنی مافەکانی نەتەوەی کورد شتێک بەناوی چەک دانان نابینێت. پێویستە بەڕێز ئۆجالان پێش ھەرشت ئازاد بکات،دەیان ھەزار زیندانی لەسەر کورد بوون گیراون ئازاد بکات،بەئیرادەیەکی مەزن دەست بۆ ھەمواری ئەوخاڵانەی ناودەستوور بەرێت کە ھۆکاری بڵاو بوونەوەی بیری ڕەگەزپەرستی و شەڕی سەد ساڵەی تورک کوردن.
ئێمەی کورد چاوەڕێی ئەوھەنگاوانەین کەلۆژیکی دانوستاندن ئەیخوازێت. ھیچ لایەکی شەڕکەر کەئاشتی ڕاستەقینەی دەوێت .نابێت تەنیان بەتەمای دەسکەوت بێت بێ ئەوەی لایەنەکەی تریش دەسکەوتی ھەبێت. ئاشتی چێ بێت تورکیا دەبێتە مێرگێکی دیموکراتیک بۆ پێکەوە ژیانی شکۆمەندانەی گەلان. شەڕ بەردەوام بێت.چۆن لە٤١ ساڵی ڕابردوو ساڵ بەساڵ دۆخی ھەمەلایەنەی تورکیا خراپ بووە بەتایبەتی باری ئابوری و کۆمەڵایەتی زیاتر خراپ دەبێت. بێگومان پشتگوێ خستن و گوێ نەگرتن لەو پەیامەی گرنگەی ئیمراڵی لۆژیکی نییەونابێت. لێکەوتەو دەرھاویشتەکانی ژیانی گەلانی تورکیا قورسترو کارەساتبارتر دەکات. بۆیە پێویستە گەلانی تورکیا ببنە پاڵپشتی ئاشتیەکی ھەمیشەیی ،حیزبە سیاسیە ئۆپۆزسیۆنەکانیش بەئیرادەیەکی جدی گەلی تورک و ئەندام و دۆستەکانیان بۆ ئاشتی ھان بدەن. خوێندکاران و مامۆستایانی تورکیاو کرێکاران ، ھەموو توێژەکانی کۆمەڵگە گەرببنە پشتیوانی پرۆژەکەی بەڕێز ئۆجالان .تورکیایەکی ئارام ،دیموکراتی دەبینن.

چامە نێت :وەک بینرا پەبامی ئاشتی بەڕێز ئۆجەلان لەنێوەندە جیهانییەکاندا بەگەرمی پیشوازی لێکرا ، ئایا گەلی کورد دەتوانێت ئەو تێڕوانینە نێو دەوڵەتییە بقۆزێتەو بۆ پێکهێنانی پشتیوانی نێو دەوڵەتی ؟
ئیبراهیم فەرەج : جیاواز لە بانگەوازیەکانی ڕابردووی پەکە—کەو ئۆجالان . ھیج کاتێک وەکو ئەم بانگەوازیە دەنگدانەوەی لەسەر ئاستی کۆمەڵگە ی نێودەوڵەتی ودەوڵەتە زلھێزەکان و وڵاتانی عەرەبی و ودەزگا ڕاگەیاندنە جیھانیەکان نەبووە.لەسەر ئاستی ھەرەباڵای وڵاتان پێشوازی کرا لەو بانگەوازیە ،نەتەوەیەکگرتووەکان یەکێک لەودەزگا نێودەوڵەتیانە بووکەبەگەرمی پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەی ئاشتی لەتورکیا دەربڕی . چەندین وڵاتانی جیھانی و ڕێکخراوەکانی کەتایبەتن بە ناوبژیوانی نێوان دەوڵەتان و گروپە سیاسی و سەربازیەکان لەنێویاندا وڵاتی سویسرا ئامادەییان دەربڕیووە بۆ ناوبژیوانی نێوان کوردو تورک لەجنێف. ئەوەی تائێستا ڕوونە کورد لەڕابردوو لەئیستاشدا ڕاستگۆ بووە لەگەڵ پەیامی ئاشتی و سەد لەسەد بۆ ئاشتیەکی شکۆمەندانە ئامادە بووە ، ئەبێت تورکیاش ئەم جارە ڕاستگۆ بێت . ئامادەی داننان بێت بەمافەکانی کورد بۆ پێکەوەژیان لەتورکیایەکی دیموکراتی .
کورد بەھۆی ئەوبانگەوازیە کەلە کات و شوێنی خۆیدا بوو لەساتێکی مێژووییدا بوو .توانی ببێتە ڕۆژەڤێکی گرنگی جیھانی .بۆ جیھان سەلماوە کەکورد شەڕخواز نیە دەستپێشخەرە بۆ ئاشتی .کورد نەتەوەیەکی ئاشتیخوازو دیموکراتیخوازە. لەکەی تیرۆر بە شۆڕشە پڕ بەھاکەیەوە .بڕیارێکی سیاسیەو پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیەکانە کەخۆیان دایانڕشتووە! یاساکان ڕێگایان داوە ھەموو نەتەوەیەک بۆ ئازادی و بەدەستھێنانی مافەکانی خەباتی سیاسی،دبلوماسی ،چەکداری بکات. بەوشۆڕشانە وتراوە شۆڕشی ڕزگاریخوازی گەلان کۆمەڵگە ی گەلان لەساڵی ١٩٧٣ بەبڕیاری ژمارە (٣٠٧٠) دانی ناوە بەمافی ھەموو ئەو نەتەوانەی کەبۆ ئازادی و سەربەخۆیی خەباتی چەکداری دەکەن.
بەتایبەتی شۆڕشی کورد لەباکوری کوردستان دەیان جار دەستپێشخەری بۆ ئاشتی کردووە.ڕایانگەیاندووە ئەوان شەڕیان لەپێناوی ئاشتی کردووە.گەر دەوڵەت بۆ ئاشتی ئامادەبێت ئەوان سازو ئامەدەن بۆ پێکەوەژیان لەچوارچێوەی سیستمی ناناوەندی دیموکراتی لەتورکیادا . ھەموو نەتەوەیەکی خاک داگیرکراو ماف پێشێل کراو حەقی خۆیەتی ھەموو ڕێگانی تێکۆشان بگرێتە بەر بۆ ئازادی و بەدەستھێنانی مافەکانی .
کوردی ئازادو دیموکراتیک ئاشتی وەکو پڕ پڕ بەھاترین و گونجاوترین ڕێگای خەباتی دبلوماسی دەبینێت.لەڕێگای ئەم پەیام وبانگەوازیە جارێکی تر دەستی ئاشتی درێژ کردووە. جیھانیش پشتیوانە و ئامادەی ھاوکاری ھەردوو لایەنی شەڕکەرن. کاتی ئەوەیە تورکیا گەنگاو بنێت. کورد ھەڵمەتێکی گەورەی دبلوماسی لەجیھاندا دەست پێکردووە بۆ سەرخستنی ئەم بانگەوازیە مێژووییە.
کورد ھەوڵەکانی خۆی لەناوخۆی تورکیا لەڕێگای دەم پارتیەوە چڕو پڕ کردووە بەسەردانی ھەموو حیزبەکانی دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات دەستی پێکردوو تائێستاش بەردەوامە. لەدەرەوەی تورکیاش ھەوڵی چڕو پڕ ھەیە بۆ ئەوەی ئەم بانگەوازیە تورکیا بۆ وڵاتێک کەئاشتی تێدا بێت وەرچەرخێنێت. کورد ئەمڕۆ خاوەنی دەزگای بەتوانای دبلوماسیە بەتایبەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد.لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەزگایەکی گرنگەو ڕۆڵی گرنگ بۆ ئاشتیەکی ھەمیشەیی لەتورکیا دەگێڕێت.ئەمە جگە لەھەوڵەکانی دەم پارتی و سیاسیەکانی ڕۆژئاڤای کوردستانیش لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتی و وڵاتانی جیھان بۆ ئەوەی زۆرترین پشتیوانی بۆ ئەم بانگەوازیەی ئاشتی بەدەستبھێنن . ئەم دەرفەتە زۆر زێڕینە بۆ کوردو تورک نابێت لەدەست بچێت. شەڕو کوشتن ھیچ سودێکی نییە بۆ کۆمەڵگە ی تورکیاو گەلان. ئاشتی و کۆمەڵگە ی دیموکراتیک ڕێگا گونجاوو ڕاستەکەیە.
……..ماویەتی ….

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button