مرۆڤ و ئیکۆسیستەم و ئەرکی مێدیایی ئێمە !
ژینگە و گۆڕانکارییەکانی کاریگەری ڕاسەوخۆیان لەسەرکۆی کاراکتەرەکانی پێک هێنەری ناو ئەم ژینگەیه هەیە
بێگومان خودی مرۆڤ کە کارکتەری هەرە دیاری نێو سیستمی ئیکۆلۆژیایە ، کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری ژینگەیی وەکو هەر بوونەوەرو هەر پێکهێنەرێکی تری ناو ئەم ژینگەیە بەلایەنی ئەرێنی و نەرێنی یەوە کاریگەری لەسەری دروست دەکەن ، کاریگەرییەکانی گۆڕانکاری ژینگەیی لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بەجۆرێک بوونەتەئاستەنگ کە ڕووبەڕووی مەترسی لەناوچوونی لایەنەگرنگ و پێویستیەکانی بەردەوامیدان بە ژیانی تەندروست و بێخەوشیان لێ کەوتۆتەوە، بەڵام ئەوەی لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێ بدرێت ، ئەوەیە کە مرۆڤ بۆخۆی تەنها بوونەوەرێکە لەناو ئیکۆسیستەمدا ، کاریگەری گەورەی لەسەر ئیکۆسیستەم هەیە ، بەڵام بەداخەوە زۆرترین کاریگەرییە ژینگەییەکانی مرۆڤ کاریگەری نەرێنین ، ئێمەی مرۆڤ زۆرینەی زۆری چالاکی و جموجوڵەکانمان پێچەوانەی پێویستی برەو دانە بەبەردەوام بوونی خزمەتگوازری ژینگەیی ئەم زەمینەی هەموومان وەکودروشمێکی بێکردار و بریقەدار بەدایکی خۆمان ناوی دێنین ، جەنگە نەگریسە کان و بەکارهێنانی جۆراو جۆر چەکی بایۆ لۆژی و کۆکوژ کە ساڵانێکی زۆر کاریگەری لەسەر ئاو و هەوا و خاک بەجێدەهێڵن شاهیدی ئەم حەقیقەتەن ، پیشەسازی و کارگەکانمانو بیناسازی و باڵەخانەکانمان لەژێر ناونیشانی شارستانێتیدا جگە لە داڕمان و هەرەس پێهێنانی سروشت و بێ هێز کردنی توانا لەڕادەبەدەرە خزمەتگوزارییەکەی ژینگە ، و دەرخستنی توانای دەسەڵاتگەری لەچەوساندنەوەی چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا هیچ شتێکی تریان نەبەخشیوە بە مرۆڤایەتی ، ئێمەی مرۆڤ تەنانەت لە کشت و کاڵ و ئاودێری و باخداریشدا بەهۆی بەکارهێنانی لەڕادەبەدەری بەرووبوومی کیمیاوی بەئامانجی زیادکردنی بەرهەم خاک و تەنانەت سەرسەچاوەسروشتییەکانی ئاو و ئاوی ژێر زەویشمان دەرمانخوارد کردووە ، بەجۆرێک ئەگەر لەسەردەمەکانی پێشوودا ، خواردنی سێوێک یان پرتەقاڵێک ووزەبەخش و ڤایتامین بەخش بوو بێت بۆ جەستەمان ، ئەمێستاکە ئەو بەروبوومانە بەجۆرێک دەرمانخوارد کراون کە دەبێت بەترسەوە بیانخۆین نەکا تووشی دەرد و بەڵامان بکەن ، ئەمە جگە لەوەی مرۆڤ بووە بەو دڕندەیەی وورگی خاک تاقووڵترین جێگالەپێناو بەرژەوەندی کەسی هەڵدەدڕێت و کارێز و کانیاوەکان ووشک دەکات و دارستان وێران و ووشک دەکات و کێو و شاخەکان هەڵدەدڕێت و خاپوریان دەکات ، لەلایەکی ترەوە تەمبەڵی مرۆڤ و بەکارهێنانی پلاستیکی لەڕادەبەدەر و زۆربوونی پاشماوە و پاشەڕۆی لەڕادە بەدەر تەواو سیفەتی ژینگەی تەندروستییان لەم زەمینە سەندووەتەوە ، لێرەوە لەسۆنگەی بەرپرسیارێتی و هەست پێکردنی ئەرکی ژینگە پارێزی ، ماڵپەڕی چامەنێت بەشێکی گرنگ لەئەرکەکانی کارکردن دەبێت بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشێاری ژینگەیی هاوشان لەگەڵ بەڕۆژەڤ کردنی پرسی نەتەوەیی و نیشتیمان پارێزی و ووڵاتپارێزیدا ……….