سەرووتار

کورد لەدەروازەی جەنگی جیهانی سێیەمدا :

نووسینی : سوارە مەحمود حەسەن

لەڕاستیدا جەنگەکان مایەی خۆشحاڵی مرۆڤی خاوەن ویژدان و ڕەشتی مرۆڤانەنین ، چونکە لەسادەترین پێناسەیدا جەنگ هەڵایساندنی لافاوی خوێن و تێکدانی سروشت و ژینگەیە، بەدرێژایی مێژوو لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکان لەپێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای سەربازیدا بێگومان ترسناکی جەنگەکان لەسەر مرۆڤایەتی و ژینگە و سروشتیش فراوانتر بووە ،هەرجەنگێک بریتییە لە نەخشەڕێگای فراوانخوازی دەسەڵات و نفوزی سیاسی و ئابووری و فراوانکردنی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتخوازانی چاوچنۆک بەسەر ڕووبەرێکی فراوانتری بەشێکی تر لەجیهاندا ، پێویستە ئەوەیش بگوترێت هۆشمەندی گەلانی ناوچەکانی جەنگ و نزیک لەجەنگ و شێوازی مامەڵەکردنی ناوخۆیی و دەرەکییان لەم دۆخانەدا کاریگەری گرنگی هەیە لەسەر پارێزگاری کردن لەمانەوەی خۆیان و پتەوکردنی پێگەی خۆیان لەئەگەری هەر گۆڕانکارییەک لەنەخشەی نوێ کەلەلایەن جەمسەری سەرکەوتووی جەنگەنەگریسەکانەوە دادەڕێژرێت ، گەلی کورد کە لەمێژووی سەد ساڵەی ڕابردووی خۆیدا لە ئەنجامی شەڕی جیهانیدا قوربانی گەورەی جەنگ بووە بەوەی وەک ژێر دەستەی دەوڵەتی عوسمانی گەنجەکانی بەزۆرەملێ ڕاپێچی سەربازی کراون و باج و خەراجێکی زۆری جەنگ خراوەتە ئەستۆی ، بەبێ ئەوەی لەهیچ هاوکێشەیەکی سیاسی و سەربازی جەنگدا شوێن و پێگەی هەبووبێت ، لەگەرمەی شەڕەکاندا سووتەمەنی شەڕی نەگریسی جیهانی بووە ، لەدوای جەنگیش وەکو پارسەنگدانەوەی هێزەنێودەوڵەتییەکان و نەخشە نوێیە جیهانییەکە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە ، هەر بۆیە لەنێوان نەخشە نوێیەکەدا دابەش و کەرت و پەرت کراوە بەجۆرێک وەک ئەوەی گەلی کورد هەڵایسێنەری شەڕ و لایەنی شکستخواردووی جەنگی یەکەمی جیهانی بووبیێت ، بەواتایەکی دروست کورد گەورە قوربانی جەنگی جیهانی یەکەمە ، ئەمەیش لەسایەی ناهۆشیاری سیاسی گەلی کورد ، نەبونی پێشەنگی سیاسی و شارەزا و کارامە ، نەبونی کۆدەنگی سیاسی گەلی کورد و لەبەرامبەریشدا شارەزایی و لێزانی سەرانی قۆرغکار و شۆڤێنیەتی گەلانی دەوروبەری ، بەتایبەت تورک و سیاسەتی فێڵبازی کەمالیستەکان هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانیانەوە ، ئەوەی لەسەد ساڵەی ڕابردوودا ڕوویانداوە تەنها بوونەتە لاپەڕەکانی مێژوومان تازەناکرێت بەدیاریانەوە هەناسەی سارد هەڵبکێشین و پەشیمانییان لەبارەوە دەرببڕین ، وەلێ وانەی گرنگن و پێویستە لێیانەوە فێر بووبین و ڕەخنەدانی خۆمان بکەین و ئایندەیەکی نوێیان لەسەر دابڕێژین ، ئالەم دۆخەی ئێستادا لەدەروازەی جەنگێکی پڕلەکارەساتی مرۆییداین و سەرجەم تەپ و تۆزی ئەم جەنگە نەگریسە بەسەر ئێمەدا دادەبارێت ،بۆیە ئێمەی گەلی کورد ئەگەربە ووریایی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا نەکەین ، ئەوا دووبارە بەشێکی بەرچاوی سووتەمەنی وقوربانیدانی بێ تاوان و بێلایەنی ئەم جەنگەیشمان بەر دەکەوێت ، کەواتە پێویسە چۆن مامەڵە بکەین؟ ، چۆن ئایندەی گەلەکەمان مسۆگەر بکەین و گرەنتی مانەوەی خۆمان بین ؟
بۆ ئەم دۆخە گەلی کورد پێویستە هاودەنگ و کۆک و یەک گرتوو بێت ، وبەیەک پێوەری دووری لەلایەنەکانی ئەم جەنگە بەدووربێت ، بەجۆرێک لایەنگیری هیچ کام لە جەمسەرەکانی جەنگی پێوە دیار نەبێت ، کۆبوونەوە لەدەوری هزر و سیستەمێک کەئایندەیەکی ڕۆشن بۆ گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەیش دیاری دەکات ، کە بەدڵنیایی تاکە سیستەمێک کە بتوانێت ئایندەی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە لەسایەیدا بەئارامی بژین بریتی یە لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی ، هەر لێرەدا بەپێویستی دەزانم ئەوە بڵێم خۆ ڕێکخستنی گەلی کورد و دروستکردنی لینکی پتەو و بەهێز لەنێوان خۆیان و گەلانی ناوچەکە بۆ ڕێکستنی گەلانی تریش لەسەر ئەم جۆرەسیستمە نەک بەتەنها گەلی کورد بەڵکو گەلانی تری ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوینیش بەگشتی لەگەڵخۆیاندا لەلەناوچوون و کوێرنەبوون دەرباز دەکەن ، ئەم هزرەتەنها چارەسەرە بۆ دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆسەرجەم گەلانی ئێران ، بەپێچەوانەوە هەر چارەسەرییەک و هەرگۆڕانکارییەک کە ئیسرائیل و ئەمریکا لەنەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا جێبەجێ ی بکەن لەکۆتاییدا هەڵایسانی لافاوی خوێنە لەنێوان پێکهاتە و گەلانی ناوچەدا و گەلی کوردیش نابێتە خاوەنی پێگەی پتەوی خۆی بەڵکو بەشێکی گەورەی قوربانیدانی بەردەکەوێت .

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button