دیداری چامە

دەستدرێژییەکان بۆسەر ئازادی ژنان و ڕۆنامەنووسانی ئازاد – خزمەتێکی تری دەسەڵات بەئەجێندای داگیرکەران

دیدارێک لەگەڵ بەڕێز نەجیبە قەرەداخی ، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی

بەشی دووەم و کۆتایی
چامە نێت : لەکاتێکدا کە ئاشکرایە سەرجەم ئەو کۆمپانیا و ڕێکخراو و دەزگایانەی ژنی ئازاد ، دام و دەزگای مۆڵەت پێدراون و بەبێ فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزی ئەمنییەوە داخراون ، بەڕای ئێوە تاکو چەند لەگەڵ یاساکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و ئێراق و یاسانێو دەوڵەتییەکان یەکدەگرنەوە ؟
نەجیبە قەرەداخی : بەپێی ئەو بیانووانەی کە لەم ڕۆژانەی دواییدا بۆ داخستنی ئەو دەزگایانە نیشان دراون و بەپێ ی بەدواداچوونمان بۆ ئەو ڕێکخراوانە و پەیوەندی لەگەڵ ئەندامەکانیاندا لەدەرەوەی وڵاتەوە، زانیمان کە هیچ کامێک لەو ڕێکخراوانه مۆڵەتی ڕێکخراوەکەیان بەسەر نەچووە ، چ جای هەندێک ڕێکخراو هەیە سێ و چوار مانگە دامەزراون. چۆن بووە لەماوەی سێ و چوار مانگدا ئەم مۆڵەتە تەواو بووە و کراوەتە بیانوو؟ بیانووی دەزگاکانی ئاسایش بۆ داخستنی ئەم ڕێکخراوانە بەتەواوی لەدژی بنەما یاساکانی خۆشیانە، چ جای ئەوەی لەدژی بنەما یاساییەکانی یاسای نێودەوڵەتیشە ، بیانوی بێ بنەمان. لەهەر وڵاتێکدا کە بانگەشە بۆ دیموکراسی بکات، یان بانگەشە بۆ دامەزراوەییبوون بکات کە لە باشوری کوردستان بەداخەوە ئەوەنییە، دەتوانێت سەردانی ئەو ڕێکخراوانە بکات، کاغەزی ڕێکخراوەکان ( بەڵگەنامەکان و مۆڵەتنامەکانیا) سەیر بکات، هەتا تەنانەت دەتوانێت چاودێری چالاکییەکانیان بکات، کە بە دڵنیاییەوە من دەزانم کە چاودێری دەکرێن، هەموو دەزگایەک لەباشوری کوردستاندا چاودێری دەکرێت، باشە خێرە لە ٣١ی کانوونی یەکەم کە ڕۆژی پشووە و دوا ڕۆژی سەری ساڵە و هەموو کەسێک ئامادەکاری بۆ هاتنی ساڵی نوێ دەکات، تۆ دەهاوێژیتە سەرئەو ڕێکخراوانە و دایان دەخەیت؟ لەبەر ئەوە من پێم وابێت ئەم بڕیارە بەتەواوەتی بڕیارێکی سیاسییە، بڕیارێکە بۆ دڵخۆشکردنی داگیرکەرانی کوردستان، نەک بەتەنیا لەهەرێمی سلێمانی و دەور و بەری بەڵکو لەسەرتاپای باشوری کوردستان ئەم زهنییەتە نادیموکراتیکە زاڵ دەکات، بەو هەڵکوتانەی دەستەیەکی ئاسایش بۆ سەرئەو دامەزراوانە. گەنجان و ژنانی باشوری کوردستان و بە تایبەت ڕۆژنامەوانان و نووسەران و ئەکادیمییەکان دەکەم، ئەو بانگەشانەی کە دەسەڵاتی هەرێمی باشوری کوردستان لەبەرامبەر بە دەزگا و دامەزراوە مەدەنییەکان دەیکەن ، بەتایبەتی دەزگا و دامەزراوەی ژنان ، کە پێویستییەکی حەتمی ئێستای باشوری کوردستانە، بێدەنگ نەبن لەبەرامبەر بەو ناڕەواییەی کە لێیان دەکرێت. لەبەرئەوەی ئەگەر لەڕووی یاساییەوە سەیری بکەی، هەنگاوی نا دیموکراتی و هەڵوێستی دژە دیموکراتییە، هەڵوێستێکی نانەتەوەییە ، هەڵوێستێکی دژە ژنە. بە ئاشکرا هەڵویستێکی قڕکردنە. بێدەنگکردن خۆی لە خۆی دا قڕکردنە، بۆ ئەوەش لەبەرامبەر بەو شەپۆلی قڕکردنەی ژن کە هەوڵ دەدەن بە بێدەنگ کردنی ژن، داخستنی ئەم دام و دەزگایانە ئەنجامی بدەن، با هەموو توێژەکانی کۆمەڵگە بەتایبەتی ژنان دەنگیان هەڵبڕن. ئەوەی ئەمڕۆ لەبەرامبەر بەوان دەکەین، سبەی لەبەرامبەر بێدەنگەکانیش دەیکەن.
چامەنێت : ئەرکە هەنوکەییەکانی میدیای کوردی لەدۆخی ئێستای گەلی کورددا چی یە ؟ بەلەبەرچاو گرتنی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و پرسی ئاشتی لەباکوری کوردستان و گۆڕانکارییە نێو دەوڵەتی و جیهانییەکان .؟
نەجیبە قەرەداخی : هەرچۆن ئینتەرناسیونالیستەکانی جیهان، بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و شۆڕشگێرەکانی جیهان، فێمێنیستەکانی جیهان، بزوتنەوە سۆسیالیست و کۆمەڵایەتییەکانی جیهان ، ئەو بزوتنەوانەی کە لە ئاستی خۆجێییدا چالاکن، هەر چۆن ڕۆژئاوای کوردستان وەکو مۆمێک دەبینن لەشەوێکی تاریکدا ، چۆن وەکو هیوایەک دەبینن لەم دونیای بێهیواییەدا، ئەوە ئەم حەقیقەتەکەی کوردستان کە ڕۆژئاوای کوردستان وەک هیوا، مۆدێلێک و پەرەدایمێک بەرجەستە بووە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان، بێگومان بۆ ئێمەش دەبێت بەگشتی هێرش لەبەرامبەر ڕۆژئاوای کوردستان خەتی سوور بێت. لەم سۆنگەیەوە من ئەو ڕۆحی وڵاتپارێزی نەتەوەییە لەباشوری کوردستاندا بەقووڵی دەبینم، بەڕاستی کە مرۆڤ لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەڵوێستی خەڵک دەبینێت، تەنانەت بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان لەگەڵ ئەو هەموو، کەم و کوڕییانەی کە ئێستا هەیە، ئەو هەموو زهنیەتە نادیموکراتییەی کە هەیە ، بەشێک لەهێزە سیاسییەکانی باشوری کوردستان بەڕاستی هاوسۆزن لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا، هاوسۆزن لەگەڵ ئەوکۆمەڵگەیا کەڕووبەڕووی هێرشێکی گەورەی داگیرکەری و هێرشی ناوخۆیی دەبێتەوە، بۆ ئەوەیش لەم کاتەیا، کە من ناتوانم بڵێم پرۆسەی ئاشتی هەیە، چونکە تا ئێستا ئەم قۆناغە ناوی لێنەنراوە، تەنیا وەکو ژەستێکە کە هەم مەترسی و هەم دەرفەت پێکەوە لەخۆ دەگرێت. گەلی کورد لەدوای سەد ساڵ نایەوێت جارێکی دیکە زەمینەی ڕێککەوتننامەیەکی دیکە وەک هاوشێوەی ڕێککەوتننامەی لۆزان دووبارە ببێتەوە، لەبەرئەوە هاوسۆزی و پشتیوانی یەکتری هەموو بەشەکانی کوردستان زۆر گرنگە. باشوری کوردستان و ژنان بەتایبەتی لەباشوور ئەم ڕۆڵەیان بەشێوەیەکی زۆر بەرچاو دەکەوێتە سەرشان، چ لە ڕووی ماددی و چ لە ڕووی مەعنەوییەوە، چ لەڕووی قاڵبوونەوە لەسەر ئەو مۆدێلی تێکۆشانە، ئەو مۆدێلی خۆبەڕێوەبەرییەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، قاڵ بوونەوە لەسەر جەوهەری شۆڕشی ژن کە لە هەمان کاتیشدا کردنەوەی دەلاقەی نوێ بۆ گفت و گۆ لەسەر ئەم شۆڕشە، لەسەر ڕۆحی ئەم شۆڕشە کە سەرەتا ڕۆح و فەلسەفەی ئەم شۆڕشە، لەباکوری کوردستانەوە سەرهەڵدەدات ، لەڕۆژئاوای کوردستان گەورە دەبێت، ئێستا ئەم فەلسەفەیە لە قۆناغی گەردوونیبووندایە. ئەم هەنگاوە لەباشوری کوردستاندا، پێویستی بەتێگەیشتنێکی وڵاتپارێزانە و نەتەوەییانە هەیە لەئاست بەشەکانی دیکەی کوردستاندا بەڵام لەبەر ئەوەی کە دۆزی گەلی کورد دۆزێکی نەتەوەیی ، دۆزێکی دیموکراسی ، تەنانەت تێکۆشانێکی دیموکراسی، تێکۆشانێکی ئیکۆلۆژی، تێکۆشان لەسەر بنەمای ئازادی ژن هەیە، ئەمە تەنانەت مۆدێلێکی سەرلەنوێ بیرکردنەۆەیە. زۆر گرنگە لەباشوری کوردستانەوە، چاومان لەسەر ئەو مۆدێلەی ڕۆژئاوای کوردستان بێت کە خۆی لە خۆی دا کاریگەری کردووە، لەهەمان کاتیشدا ببینە خاوەنی مۆدێلێکی تایبەت بەخۆمان، مۆدێلی سەرلەنوێ بیرکردنەوەی تایبەت بەخۆمان لە باشوری کوردستان کە ئەمەش من پێم وا بێت بە وەڵامدانەوەی ڕاستی پێوەری ئازادی دەبێت. یەکەمین و سەرەکیترین پێوەری ئازادییش هەڵوێستە لە ئاست ئازادی ژن. هەروەها پێوەری بوونە خاوەنی بەها نەتەوەیی و بەها دیموکراسیەکان لەئاستی کۆمەڵگادا، بەبەشداریکردنی ڕاستەوخۆ و بوونی تاکەکانی کۆمەڵگا بەبکەرێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕاستەوخۆ لە بوارەکانی ژیاندا. لە لایەکی تر پێوەری تێگەیشتنمان بۆ ئیکۆلۆژی لەبەرامبەر بەو وێرانکارییەی لەژینگەدا هەیە، لەناهاوسەنگ بوونی پەیوەندییەکانی نێوان مرۆڤ و مرۆڤ، مرۆڤ و کۆمەڵگە، ڕاستکردنەوەی ئەو هاوسەنگییانە پێوەرێکی سەرەکی ئازادی و دیموکراسییە. لەباشوری کوردستاندا مەگەر ئێمە ئەرک و ڕۆڵ وبەرپرسیارێتییەکانمان بەوشێوەیە پێک بهێنین، واتا ئەگەر لەئاستی داگیرکەرانی کوردستاندا خاوەن دۆزێک بین بەڵام لەنێوانی خۆشماندا ئەگەر کێشەیەک هەبێت بێگومان هەموو ئەو کێشانە گرنگە بەڕێگەی دیالۆگ، بەڕێگەی گفت و گۆ ، بەڕێگەی تەنانەت ئەو دەلاقە فکرییانەی کەپێویستە ئێمە بیکەینە دەرفەتێکی نوێ بۆ گفت و گۆ. چەندە ئەرک و ڕۆڵمان لەبەرامبەر بەشەکانی دیکەی کوردستان هەبێت، دەبێت لەئاستی باشوری کوردستانیشدا ئەو ئەرک و ڕۆڵەمان لەبیر نەچێت و هەمووشی پەیوەستن بە یەکەوە. کەواتە ئێمە خاوەنی دۆزێکی نەتەوەیی، دۆزێکی دیموکراسی ، دۆزێکی ڕەگەزیشین ، ئەمانە ئەم سێ دۆزە پەیوەستە بەیەکەوە، دۆزی ئازادییە، دۆزی دیموکراسی و یەکسانییەکی ڕاستەقینەیە، یەکسانییەک لەسەر ماف و ئەرکی لیبرالانە بەڵکو لەسەر بنەمای دیموکراسییەکی ڕاستەوخۆ و ڕاستەقینە.
چامە نێت : ژنان لەناوخۆ و دەرەوەی کوردستان چۆن و بەچی میکانیزمێک داکۆکی و پشتیوانی یەکدی بن بۆ پێشخستنی تێکۆشانی ژنانی ئازاد ، ئەرکی پیاوی کورد (لەناوخۆ و دەرەوە ) لەم ناوەندەدا ، بۆ پشتیوانیکردنی ژنانی ئازاد چی یە؟
نەجیبە قەرەداخی : باشترین میکانیزم بۆ پشتیوانی کردنی ژنان لەناوخۆ و دەرەوەی وڵات خۆڕێکخستن کردن و تێکۆشانە. ئەم دوو میکانیزمە گرنگە. فۆرمی خۆڕێکخستن چی دەبێت باببێت، کۆمەڵگە دەتوانێت بەپێی پێویستییەکانی ئەو جێیەی کە لێیەتی، بەپێ ی پێویستی وەڵامدانەوە و چارەسەری کێشەکانی، دەتوانێت لەجوڵەیابێت ، ژنان لەدەرەوەی وڵات، لەڕاستیدا ژنان بەتایبەتیش باشوری کوردستان لەدەرەوەی وڵات لە جموجوڵێکی جدی خۆڕێکخستن کردندان، دەتوانم بڵێم کە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەوان، لەوانەیە لە ژنان لەناوخۆی وڵات کەمتر نەبێت، لەبەر ئەوەی کە ئەو ژنانەی لەدەرەوەی وڵاتن دوو ئەرکی سەرەکی لەبەردەمیانایە، ئەوەیە کە چۆن لەو وڵاتانەی کە لێیین ببن بەوەڵامدەرەوە بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتی، دەروونی و یاساییەکانیان، بۆئەوەی کە خاوەن بیرکردنەوە و مۆدێلی دیموکراتی بن بۆ خۆیان، بێ ئەوەی کە چاوەڕێی ئەوەبن سیستەم لەم وڵاتانەدا چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکات. هەر بۆ زانیاریتان ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵە گەلی کورد لە دەرەوەی وڵات، خاوەن مۆدێلێکی خۆڕێکخستنی تایبەت بە خۆیەتی لە هەموو بوارەکاندا، ژنانی باشوری کوردستان لە دەرەوەی وڵات بە ئیلهام وەگرتن لەو ئەزموونە خۆیان ڕێک دەخەن و دەبنە وەڵام چارەسەری پرسەکانیان لە دەرەوە و تەنانەت دەبنە هێز بۆ ژنانی ناوخۆی وڵاتیش. لەهەمان کاتدا، ئەم خۆڕێکخستنە لە دەرەوەی وڵات، هەم ڕوویان لەکوردستان و هەم دەتوانن پەرە بە تواناکانیان بدەن لەدەرەوەی وڵات. بە دلنییاەوە لە ناوەوەی کوردستاندا ، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان جیاوازن ، لەوەی لەنێو ڕووداوە گەرمەکانی ڕۆژدا ، زیاتر ئەرک و بەرپرسیارێتی دەکەوێتە سەرشانی ئەو ژنانەی کە لە ناوەوەی وڵاتن ،بەڵام ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییە لەئاستی دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا دەکرێت تەواوکەری یەکتری بن، دەکرێت پشتیوانی یەکتری بن، دەکرێت وەکو یەک جەستە بجوڵێنەوە ، و بتوانن هێز بەیەکتری ببەخشن. بوون لەدەرەوەی وڵات بەڕاستی زەحمەتی تایبەت بە خۆی هەیە ، لەبارەی مەعنەوییەوە زەحمەتتر و لەوە سەختتر نییە کەمرۆڤ لەسەر خاکی خۆی نەبێت، ئەمە ئەرک و بەرپرسیارێتی دەیان جار زیاتر دەکات، لەسەر شانی ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی وڵاتن. زۆرێک لەو کەسانەی لە دەرەوەی وڵاتن بەحەسرەتی خاکێکی ئازادن کە دیموکراسی هەبێت بۆئەوەی کەبەئاسوودەیی لەسەری بژین، هیچ کەسێک بە ئارەزووی خۆی نەهاتۆتە دەرەوە، ئەگەر سیستەمێکی دیموکراسی، سیستەمێک کە خاوەن ئابورییەکی بەسیستەمکراو هەبووایە و هەڕەشەی داگیرکاریی لەسەر نەبووایە نەدەهاتە دەرەوە لەگەڵ ئەوەشی کە ڕۆحی وڵاتپارێزی لە ڕۆژئاڤا ئێمەی فێرکرد کە پەیوەستبین بە خاکی خۆمانەوە و لە ژێر گوشار و کاریگەری شەڕی تایبەت وڵات بەجێنەهێڵین. کۆچبەریی خۆی لە خۆی دا ئەنجامی زهنیەتی دەسەڵاتدارییە، گوشاری داگیرکەرانە، بەڵام لەهەمان کاتیشدا، جۆرێکە لەبێ دەرفەتی کە مرۆڤ لەناو هەنگامەی سیستەمێکدا کەتیایا لەڕووی کولتورییەوە، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە و لەهەموو ڕوویەکەوە دەهاڕرێت، رووبەڕووی قەیرانی مەعنەوی دەبێتەوە، جا لەبەر ئەوە، یەکترتەواو کردن زۆر گرنگە. هیچ شتێک لەخاک گرنگتر نی یە ، نیپاڵییەکان لەوڵاتی خۆیاندا دروشمێکیان هەیە دەڵێن ” دایک و نیشتیمان لەبەهەشت بەنرخترە “، لەڕاستیا ئەوە بۆ ئێمەی کوردستان کە خاوەن کولتوورێکی دێرینی مێژوویی لەسەرخاکی میزۆپۆتامیاین دەیان جار گرنگترە. ئەرک و بەرپرسیارێتی لەسەرپیاوانیش هەیە. ئەوەی دەبێت بیکەن هاوتەریبی ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتیەی ژنان، پرۆسەیەکی ڕەخنەدانە لە پای ئەو زهنیەتە نادیموکراتییەی کەبەهەزاران ساڵ بەردەوام بووە، پیاویش پێویستی بە پرۆسەیەکی بەخۆداچوونەوەیە بۆ گەڕانەوە بۆ سروشتی خۆی. ئەو پیاوەی کە لە کۆمەڵگەی سروشتی لە تەوەری کولتووری ژنە-خواوەنددا بووە چۆن بەدەستوردانی زهنیەتێکی دەسەڵاتداری بووە هۆکاری زهنیەتی پیاوسالاری، وە پێداچوونەوە بەم ئەقڵیەتەدا زۆر گرنگە. ئێمە لەڕووبەری پەروەردەکانی خۆماندا لە ئەکادیمیای ژنۆلۆژی، پیاوانێک دەبینین کەبەڕاستی هەوڵ دەدەن جەسارەتی گۆڕانکاری لەکەسایەتی خۆیاندا دروست بکەن و لەبەرامبەر بەخودی خۆیان و لەبەرامبەر بە ژینگە و ژن و منداڵ، خاوەن زهنیەتێکی دیموکراتی بن ، لەهەوڵی ئەوەدان پێداچوونەوە بەزهنییەتی خۆیاندا بکەن. ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییە گرنگە، گرنگە پیاو لەئاست ئیرادەی ژن ڕێزدار بێت ، لەئاست ئیرادەی ژن خاوەن هەڵوێستێکی دیموکراتیانە بێت. ئەگەر دەمانەوێت کۆمەڵگەیەکی ئازادمان هەبێت، بێگومان بێ بوونی کەسایەتی و کارەکتەرێکی ئازادی پیاو، بێ بوونی کارەکتەر و کەسایەتی ژنی ئازاد مەحاڵە. ژن و پیاو وەک دوانەیەکی یەکتر تەواوکەر، دەتوانن لەکۆمەڵگەیەکی ئازاددا پێکەوە بژین، پەیوەندییە ناهاوسەنگەکانی نێوان ژن و پیاو دەبێتە پێکهاتەی خێزان و کۆمەڵگەیەکی نادیموکراتی کە بەردەوام لەپێکدادان و ئاڵۆزیدا دەبێت و هەرنەوەیەک کە لە نێو ئەو قەیران و ئاڵۆزییەدا بژین. بێگومان نەوەیەکی تەندروست نابێت و نەوەیەک نابێت کە خزمەت بەخاک، نیشتیمان و کۆمەڵگە بکات و خزمەت بەخۆی بکات، بۆئەوەش ئەمە بەلوتکەی ئەو قەیرانە و جەوهەری ئەو قەیرانەی کە ئێستا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێوەی دەناڵێنێت، کە پێویستی بەدام و دەزگای دیموکراتی هەیە. هاوسەنگکردنەوەی پەیوەندییەکان و دیموکراتیزەکردنی خێزان و کۆمەڵگە و تاک پێویستی بە میکانیزمی دیموکراتی هەیە ، ئێمە ئەو میکانیزم و سیستەمە دیموکراتییە کرۆکەکەی لە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا دەبینین کە زۆر گرنگە بەدڵ و بەگیان پشتیوانی ئەو شۆڕشە بین و لەهەمانکاتیشدا سەرلەنوێ چەمکی ئازادی لەخۆماندا پێناسە بکەینەوە و ئازادیش ئەوەنییە کە چیمان بوێت ئەوە بکەین، بەڵکو ئەوەیە کەچۆن بەرپرسیارێتیمان لەئاستی کۆمەڵگە و لەئاستی خۆماندا پێک بهێنین .

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button