دیداری چامە

بژاردەی ئاشتی و پرسی کورد لەدەروازەی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا :

دیداری نووسەری بەڕێز (محمد بەکر) دەربارەی پرسی دانوستانی نێوان شۆڕشی ئازادیخوازی کورد و دەوڵەتی فاشستی تورک

بەشی دووەم و کۆتایی

چامەنێت : لەمێژووی نیوسەدەی تەڤگەری ئازادی گەلی کورددا ، شەڕی ڕەوا لەپێناوی سەقامگیری ئازادی بووە بەجۆرێک دۆستایەتی گەلان بنەمای پەیوەندییەکان بێت ، بەڵام فاشستی تورک شەڕی دژی ئاشتی و پێکەوەژیانی گەلان کردووە ، لەئێستادا ملدانی باخچەلی و ئۆردوگان بۆ پرسی ئاشتی و هەڵدانەوەی دۆسیەی ئاشتی لەبەرچی یه؟
محەمەد بەکر: بەڕاستی هەموو ئاماژەکان بەوئاڕاستەیەدان کەدوای سەردانی شاندی دەمپارتی (پەروین بوڵدان و سڕی سورەیائوندەر) بۆ دورگەی ئیمرالی و چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ڕێبەر ئۆجەلان قۆناغێکی نوێ ی مێژوویی دەستی پێکردووە ، ئەم قۆناغە دەرهاویشتەی ئەو ڕووداو و دەستتێوەردانانەیە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا ڕوودەدات ، هاوکات بەری ڕەنجی تێکۆشان و بەرخودانی بەتایبەت ئەم چەند ساڵەی دوایی بزاڤی ئازادی گەلی کورد و هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا و سەرکەوتنەکانی شەڕڤانان لەڕۆژئاوا، هاوکات ئازادی فیزیکی ڕێبەر ئۆجەلان و چارەسەری پرسی کوردە ،کە تەواوی ناوچەکە و جیهانی تەنیوەتەوە ، پێویستە مرۆڤ دەرهەق بەم قۆناغەی دەستی پێکردووە ، خۆی لەهەڵسەنگاندن و شرۆڤەی کاتی و ڕۆژانەیی و تەکنیکیەکان بپارێزێت ، خۆی لەدەستەواژەی وەک، پێدەچێت ، لەوانەیە ، گریمانە، بپارێزێت.
ئەوەی لەناواخنی ئەم قۆناغە و پەیامی ڕێبەر ئۆجەلاندا خۆی حەشارداوە مژارێکی ستراتیژی و مرۆڤایەتییە ، ڕێبەر ئۆجەلان پێشتریش باش درکی بەوە کردووە کە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و بەتایبەت تریش کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەنێۆ قەیرانێکی قوڵ و گێژاو و مەترسی شەڕی ماڵوێرانکەری سێیەمی جیهانی دا ژیان دەکەن. ڕێبەر ئاپۆ لەڕێی پەیامەکانییەوە دەخوازێت بەربەم شەڕە نەگریسە و دەرهاوێشتەکانی بگرێت و لەشوێن بنبەست بوون و کۆمەڵکوژی و پێکدادانی نێوان نەتەوە و ئاین و ئەتنیک و مەزهەبەکان، چارەسەری ڕیشەیی و دیموکراتی و زەمینەی ئاشتی و پێکەوە ژیان بڕەخسێنێت ، هەموان دەزانین زهنییەتی باڵادەستی لەناوچەکە و جیهاندا ، زهنییەتی ستەم و تاڵانخوازی و قۆرخکاری و داگیرکاری و سەرکوتکاری و دەست بەسەراگرتنە ، هاوکات زهنیەتی نکولی و ڕەتکردنەوەی یەکتری و سڕینەوەی جیاوازییەکانە ، پەیامی ڕێبەر ئۆجەلان پەیامی کۆتاییهێنانە بەم ئەقڵییەت و زهنییەت و سیاسەت و ستاتۆیەی بۆماوەی سەدەیەکە جگە لە کاولکاری هیچی تری بۆ گەلانی ناوچەکە و تەنانەت جیهانیش بەرهەم نەبووە . ڕێبەر ئاپۆ بەپەیامی خۆی دەخوازێت کۆتایی بەم ستەم و پاکتاوکاریەی سەر گەلی کورد و پێکدادانی نەتەوە و ئاینەکان و گەلان بهێنێت .
چامەنێت : بەڕێز ئۆجەلان لەتێزەکانیدا و لەپرۆگرامە هزرییەکانیدا چارەسەری دۆزی گەلی کورد و ئاشتی گەلانی کردووە ، ڕاڤە و لێکدانەوەی بەڕێزتان بۆ هزری بەڕێز ئاپۆ چیە و لێکدانەوەتان بۆ پرسی ئاشتی لای ڕێبەر ئاپۆ چیە؟
محەمەد بەکر : پەیامی ڕێبەر پەیامی جێبەجێکردن و چەسپاندنی سیستەم و مۆدێلی نەتەوەیی دیموکراتە کە پایەیەکی سەرەکیە بۆ یەکێتی و هاوبەشی ئازادانەی گەلان ، پەیامی ڕێبەر تەنها پەیامێکی سیاسی و تەکنیکی نیە ، بەڵکو پەیامێکی مێژوویی و ئایدیۆلۆژی و زهنی و فەلسەفی مرۆڤایەتی و شارستانییە ، هەرئەمەشە وایکردووە کە کۆما جڤاکی کوردستان (کەجەکە) ئەم پەیامە وەک مانیفێستێک بنرخێنێت ، پەیامەکە بۆ کات و سات و قۆناغێکی دیاریکراو نیە ، بەڵکو پەیامێکی هەمیشەیی و دەمدرێژە. بۆ ئێستا نییە ، بەڵکو بۆ ئایندەیشە. هاوکات پەیامێک نیە تەنها بۆ کۆمەڵگای کوردی و تورک ، بەڵکو بۆ گەلانی ناوچەکە و کۆمەڵگای مرۆڤایەتیشە ، ئەم پەیامە تەنیا چارەسەری نییە بۆ پرسی کورد لەنێوخۆی تورکیادا ، بەڵکو بۆ چارەسەری پرسی کوردە لەهەرچوار پارچەی کوردستان و تەنانەت بۆ پرسی گەلانی ناوچەکەش. پەیامی ئاشتییانەی ڕێبەر ئۆجەلان بۆ ئاشتی نێوان کورد و تورک نیە بەتەنیا، بەڵکو بۆ ئاشتی ناوچەکە و جیهانیشە.
کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەکەسێتی پرسی کورددا لێدانی کوشندەی بەرکەوتووە ، ئاشتی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەکەسێتی پرسی کورد و دۆخی نائاشتی لەکوردستان و ناوچەکە لێدانی کوشندەی بەرکەوتووە ، ئەوەی بۆ ڕێبەر ئاپۆ لەم قۆناغەدا گرنگ و هەستیارە ، کرانەوەیە بەڕووی دیالۆگێک ،کە نەرمایی زهنی تێدا بنوێنرێت ، بەتایبەت بەرامبەر زهنییەتی فاشیزمی تورکیا ، کە ئەوە بۆ ماوەی سەدەیەکە ،کۆی بونیات و سازی و دامەزراوە و تاک و چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی تورکی پێ داگیرکردووە. ئەم سیاسەت و ئەقڵیەتی یەک ڕەنگییە ، کارەکتەرێکی وەهای لەنێو تاک و کۆمەڵگەی تورکیدا دروست کردووە کە جگە لەنکوڵی و شەڕ و کۆمەڵکوژی و ڕەتکردنەوەی بەرامبەر و سڕینەوەی زمان و کولتوور و فەرهەنگ و ناسنامە و ژیانی کۆمەڵگای کوردی، هیچی تر پەسەند ناکات .
چامەنێت : چۆن دەکرێت لەگەڵ ئەقڵیەتی فاشیستی تورکدا ، لەدۆخێکی لەم جۆرەدا مامەڵە بکرێت ؟ پێتان وایە بەڕێز ئۆجەلان چ میکانیزمێک بەرجەستە دەکات ؟ پاشان هەر لەسەرەتای سەردانەکەی ئیمرالییەوە کەسانێک بەئەنقەست کەوتنە بەر شاڵاوی ڕەخنەگرتن لەپرۆسەی ئاشتی ، ڕای ئێوە لەسەر ئەو ڕەخنەبێبنەمایانە چی یە؟
محەمەد بەکر : لای ڕێبەر ئۆجەلان زۆرگرنگە سەرەتا ئەم سیاسەت و ئەقڵیەت و زهنییەتە بڕەوێنێتەوە و بەئاراستەی نەرماییەکی زهنیدا بیبات ، تاوەکو هەل و دەرفەتی دیالۆگ و چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد زیاتر بڕەخسێنێت و کەش و هەوای لێک تێگەیشتن پەرەپێبدات ، پەیامی ئاشتی ڕێبەر ئۆجەلان ، لەهەندێ دەوروبەری شەڕخواز و بەرژەوەندیخواز و هەلپەرستدا، کاردانەوە و خوێندنەوەی نالۆژیکی و پیلانگێڕی و ڕەشکردنی بۆ کرا ، هەموو ئەو ناوەندانەی کەوتنە نێو دژبەری و بەلاڕێدا بردنی پەیامی ئاشتییانەی ڕێبەر ئۆجەلان ، مرۆڤ دەزانێت کێن و ئاشکران و دەناسرێن ، دەزانرێت لەکوێوە سەرچاوە دەگرن و هان دەدرێن و بۆ چ مەبەستێکی قێزەوون دەستیان کردووە بەم شاڵاوە نامرۆڤانەیە ، ئەوەی گرنگە کرۆک و نیاز و پرەنسیپەکانی ئاشتییە لای ڕێبەر ئۆجەلان ، ڕێبەر ئاپۆ بەدرێژایی مێژووی تێکۆشانی خۆی ئاشتی وەک ، مژارێکی ستراتیژی بەبنەما گرتووە ، لەچەندین پەرتووک و ناملیکە و ووتار و شیکردنەوە و لێدووانی خۆیدا لەسەر پرس و مژاری ئاشتی هەڵسەنگاندنی قووڵ و مێژوویی و هزری و فەلسەفی کردووە ، ڕێبەر ئاپۆ زۆر باش درکی بەو ڕاستییە کردووە ، کە ئاشتی لەقۆناغی ئەمڕۆدا ، بووەتە کێشەیەکی جیهانی و ئەو زهنیەتەی لەجیهاندا باڵادەستە پاڵێوراو نییە بۆ بەر قەرارکردنی ئاشتی کۆمەڵگاکان ، نەک هەر ئەمە بەڵکو خودی زلهێز و دەوڵەتەکانی ناوچەکە فاکتەری نائارامی و دوژمنی ئاشتی کۆمەڵگاکان و جیهانن ، بەرژەوەندیان لەشەڕ و پێکدادانی بێچارەیی و ناسەقامگیری و نائاشتیدا هەیە .
چامە نێت : هزری بەڕێز ئاپۆ و پرۆژەکەی پرۆژەی پێکهێنانی دۆستایەتی گەلانە ، تا چەند دەکرێت ئەمە بکرێتە بنەمای پێکەوە ژیان لەدەوڵەتی تورکیادا ؟
محەمەد بەکر : ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت هەر سیاسەتێک لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاشتیدا نەبێت ، سیاسەتێکی چەپەڵە ، بەم پێودانگە سەرجەم ئەوسیاسەتەی لەدنیای ئەمڕۆدا پەیڕەو دەکرێت سیاسەتێکی چەپەڵە ، چونکە نەیتوانیوە ئاشتی و ئارامی و سەقامگیری لەناوچەکە و جیهاندا فەراهەم بکات ، کرۆکی سیاسەتی پەنجا ساڵەی پەکەکە و ڕێبەرەکەی، هەمیشە لەپێناو هێنانە ئارای ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاشتی نێوان کۆمەڵگەکان و تەنانەت هێز و پارت و لایەنە سیاسییەکان بووە ، بۆ ئەم مەبەستەش مێژووی پەکەکە و ڕێبەرەکەی ، پڕیەتی لەو پڕۆژە و نەخشەڕێ و دەستپێشخەرییانەی کە بۆ ئاشتی ئەنجام دراون ، باوەڕ ناکەم ئەرشیفی هیچ دەوڵەت و پارت و لایەنێکی سیاسی هێندەی ئەرشیفی پەکەکە دەوڵەمەند بێت بەتێز و پڕۆژە و نەخشە ڕێ ی ئاشتی. ڕێبەر ئۆجەلان هەمیشە ووتوویەتی ، تاوەکو ئاشتی بەرقەرار نەبێت ، سیاسەتی دیموکراتی پێشناکەوێت. بێگومان هێزە داگیرکەر و شەڕخوازەکان بۆچی نایانەوێت ئاشتی لەنێوان کۆمەڵگا و ئاین و مەزهەب و ئەتنیکەکان بێتە ئاراوە ، چونکە ئاشتی زەمینەی سیاسەتی دیموکراتیانە دەڕەخسێنێت ، سیاسەتی دیموکراتیش خۆی لەخۆیدا لێدانە لەئەقڵیەتی فاشیزم و شۆڤێنیزم و ئاینگەرا و مەزهەبگەرا و میللیگەرا ، هاوکات لێدانە لەئەقڵیەتی پاوانخوازی و قۆرخکاری و چاوچنۆکی و بازرگانی و سەرمایەداری ، ئەو ئاشتیەی ڕێبەر ئۆجەلان باسی لێوە دەکات هیچ دەمامکێکی نییە. لەفەلسەفەی ئاشتی بەڕێزیاندا ، گەمەکردن بەمرۆڤ و کۆمەڵگا نییە بەڵکو هاندانی مرۆڤ و کۆمەڵگا هەیە بۆ جێگرتن لەنێو سیستەم و ژیانێکی مافدار و بەشکۆ و بەحورمەت و پڕ ئاشتەوایی. فەلسەفەی ئاشتی لای ڕێبەر ئاپۆ لەسەر ئەو بنەمایەیە کە چۆن مرۆڤ و مرۆڤ ، مرۆڤ و کۆمەڵگە ، مرۆڤ و سروشت لەسەربنەمای ئیرادەی ئازاد و دوور لەخۆسەپاندن بێنە لای یەکتر و بەهاوبەشی ژیان و چارەنووس و ئایندەیەکی گەش و واتادار و بەرهەمدار و بەهادار فەراهەم بکەن. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت (ئاشتی لەشەڕ زۆر سەختترە ) بۆیە بێگومان لەهەل و مەرجی ئێستای زهنیەتی باڵادەست و ئەو هەڵکشانە زهنیە نەتەوەپەرستی و ئاینگەرا و مەزهەبگەرایی ئەو ئەقڵییەتە ژەنگ گرتووەی کە بەتۆڵەکردنەوەی بەرامبەر سواغ دراوە، لەدۆخێکی بەم ڕەنگەدا ئەو پرەنسیپە ئاشتییەی کە ڕێبەر ئۆجەلان تاویداوەتێ ، سەختترین و زەحمەتترین ، و هاوکات پیرۆزترین ئەرکی قورسە کە بەڕێزی خستوویەتییە سەرشانی خۆیان ، بۆیە ئەم نیەت و پەیام و نەخشەڕێیەی ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی دەوڵەتی تورکیا و ئۆردوگان و باخچەلی کردووە ، هێشتا دیار نییە چۆن وەڵام دەدرێتەوە. ئایا ڕاشکاو و سەمیمین بۆچارەسەری پرسی کورد و هێنانە ئارای ئاشتی ، یاخود ئەیانەوێت کات بکوژن و خۆیان لەم قەیران و دەستێوەردانەی کە بەرۆکی گرتوون ڕزگار بکەن. بەهەرحاڵ نیەت و مەرامی ئۆردوگان و باخچەلی چی دەبێت باببێت ، ڕێبەر ئاپۆ بەئەرک و بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆی هەڵدەستێ و مسۆگەر ئەڕێنیانە کاریگەری لەسەر ڕەوتی ڕووداوەکانی ئایندە دەبێت.
.

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

یەک کۆمێنت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button