دیداری چامە

بژاردەی ئاشتی و پرسی کورد لەدەروازەی گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نێو دەوڵەتیدا :

گفت و گۆی نووسەری بەڕێز(محمد بەکر) بۆ لاپەڕەی دیداری چامە دەربارەی دۆسیەی ئاشتی و پرسی کورد لە دەروازەی گۆڕانکارییەکاندا .

بەشی یەکەم:
.چامەنێت : دیداری نوێنەرانی دەمپارتی لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان و بژاردەی ئاشتی نێوان تەڤگەری ئازادی گەلەکەمان و دەوڵەتی تورک لەم ڕۆژانەدا ، زۆرترین گفت و گۆی لەبارەوەکراوە ، لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیشدا چی بە ئەرێنی یان نەرێنی ،زۆرپۆستی لەسەرکراوە و دەکرێت ، لاپەڕەی دیداری چامە ، لەماڵپەڕی چامەنێت ، بەپێویستی زانی بۆ تێگەیشتن لەدۆخەکە گفت و گۆیەکی تایبەت لەگەڵ نووسەر ی بەڕێز ( محەمەد بەکر) ساز بدات و بۆ ئەم مەبەستە چەند پرسیارێک ئاراستەی بەڕێزیان بکات ، بەسوپاسەوە بەڕێزیان بەوەڵامە پڕ زانیارییەکانیان  دیدارەکەیان ڕازاندەوە .

چامە نێت : ئەو دۆخەی ئێستا دەوڵەتی تورکیای پێدا تێدەپەڕێت لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە ، پێتان وایە دەرهاوێشتەی چی یە؟

محەمەد بەکر : بەڕاستی دۆخی ئێستای دەوڵەتی تورکیا دەرهاویشتەی ئەو ئەقڵیەت وزهنیەتەیە کەهەر لەسەرەتاوە کۆماری تورکیای پێ ئاواکراوە ، بەدرێژایی سەدەی بیستەم دەوڵەتی تورکیا لەسەر بنەمای سیاسەتی یەک ڕەنگی و فاشیزم و نکولی و قڕکردن و سڕینەوە و ڕەتکردنەوەی جیاوازییە نەتەوەیی و ئەتنیکی مەزهەبی و کلتوری و تەنانەت ڕەنگ و زمانەکانی غەیرە تورک درێژەی بەمانەوەی خۆی داوە ، ئەم ئەقڵیەت و سیاسەتە بەدرێژایی مێژووی کۆماری تورکیا ، نەک گەلی کورد و پێک هاتە و ئەتنیک و مەزهەبەکانی تێدا زەرەر مەند بوون ، بەڵکو کۆمەڵگەی تورکیش زەرەر مەندی ئەم ئەقڵیەت و سیاسەتە فاشستەی دەوڵەتی تورکیا بوون ،کۆماری تورکیا لەشوێنی ئەوەی پەرە بەچارەسەری دیموکراسی و یەکێتی ئازادی گەلان بدات ، هەمیشە ڕۆڵی پارچەکردن و نانەوەی دووبەرەکی و دواتریش هێرش و پەلاماروسەرکوتکردن و کۆمەڵکوژی گەلانی بەبنەما گرتووە ، بەتایبەت بەرامبەر بەگەلی کورد ، ئەمەی پەیڕەو کردووە ، مێژووی دەسەڵاتدارانی کۆماری تورکیا ، مێژووی باڵادەستکردنی زهنیەتی فاشیزم و هەڵکشانی ئەقڵیەتی نکوڵیکردن کوشت و بڕ بەرامبەر بەگەلی کورد و گەلانی تر بووە.

چامەنێت : خۆی هەر ئەم ئەم ئەقڵیەتەی فاشیزمی تورک  هۆکاری هاتنەکایەی شۆڕشی کورد نەبووە دژی سەرکوتکارییەکان؟

محەمەد بکر: گەل و کۆمەڵگا و پێکهاتە و ئیتیک و کلتورێک نەماوە لەنێوخۆی تورکیا و تەنانەت ناوچەکەش ، کوشتەی دەستی ئەم ئەقڵیەت و زهنیەتە فاشیزمە نەبووبێت و دووچاری سڕینەوە و کۆمەڵکوژی نەبووبێتەوە ، خۆی لەخۆیدا ئاوابوونی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بۆ ئەوەبوو کۆتایی بەم زۆڵم و ستەم و ئەقڵیەتەی فاشیزم بهێنێت ، پەکەکە بەتێکۆشانی فکری و ئایدیۆلۆجی وسیاسی و کۆمەڵایەتی و سەربازی و خۆی وویستی بەر بەم خوێن ڕشتن و پەلامار و سیاسەتە پاکتاو کارییە بگرێت ، مێژووی پەکەکە پڕیەتی لەو هەوڵدان و نەخشەڕێ و پڕۆژەی چارەسەری دیموکراتی وبرایەتی و ئاشتی گەلان ، پەکەکە هەرگیز شەڕی لەپێناو شەڕدا نەکردووە و شەیدای خوێن ڕشتن نەبووە، هەمیشە ماف و داوا ڕەوا و سەرەتاییەکانی گەلی کورد بۆ ژیانێکی ئازاد وناسنامەی ئازاد و زمانێکی ئازاد و کلتورێکی ئازاد و بوونێکی ئازاد وێردی سەرزمانی وبناغەی تێکۆشانی حەرەکەتی ئازادی و ڕزگاری گەلی کورد بووە ، مەخابن سەرجەم ئەو ڕژێمانە کەلەگەڵ هاتنەئارای پەکەکە جڵەوی دەسەڵات و کۆمارییان لەدەستدا بووە ، بەئاگر و بەئاسن و بەگوڕکردنی ئەقڵیەت و زهنیەتی فاشیزم وسیاسەتی پاکتاوکردن و نکولی کردن نزیک بوونەتەوە و درێژەیان بەشەڕی نەگریسی دژ بەماف و ئازادییەکانی گەلی کورد و بزوتنەوەی گەلەکەی داوە ، لەقۆناغی پیلانگێڕی نێو دەوڵەتی سەر ڕێبەر ئۆجەلان و دواتر دەستگیرکردنی ، گەرچی ڕێبەر ئاپۆ گۆڕانکاری ستراتیجی ئەنجامدا و تێزی یەکێتی ئازادانە و پێکەوە ژیانی ئازادانەی گەلانی پێشکەش کرد و چەندین نیازپاکی بەشێوەی کرداری پێشکەش بەدەسەڵاتدارانی تورکیا کرد ، پڕۆژەی چارەسەری دیموکراسیانەی پێشکەش کرد .

چامەنێت : ئەی لەوەڵامی پرۆژەکانی بەڕێز ئۆجەلاندا دەوڵەتی فاشیست چۆن هەڵس و کەوتی کردووە؟

محەمەد بەکر : کاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا لەجاران زیاتر درێژەیان بەسیاسەتی نکولی و قڕکردن و زهنیەتی فاشیزم دا ، لەقۆناغی هاتنەسەرکاری ئاکەپە و ئۆردوگان بۆسەر دەسەڵات ، گەرچی لەسەرەتاوە بانگەشەی نەرمی نواندنیان دەکرد بەرامبەر بەدۆزو پرسی کورد و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کە گوایە سیاسەتی کرانەوە پەیڕەو دەکەن ، بەرامبەر بەتەڤگەری ئازادی گەلی کورد و پەکەکە ، بەڵام دواتر دەرکەوت ڕژێمی ئاکەپە زۆر لەڕژێمەکانی پێش خۆی فاشت تر و نکولی کەرتر و قڕکەرتر مامەڵەی لەگەڵ گەلی کورد و بزاڤەکەی کردوو لەهەموویان زیاتر مەترسی دارتر و فێڵبازترسیاسەتی فاشیانەی پەیڕەو دەکرد، ئەودۆخەی لەقۆناغی هاتنەسەرسەرکاری ئەردۆغان بەدواوە بەسەرگەلی کورد و پێکهاتە و ئەتنیک و مەزهەب و نەتەوەکانی تر لەنێوخۆی تورکیا و تەنانەت دەرەوەی تورکیاش هاتووە ، لەپێش هاتنە سەرکاری ئەردۆگان دۆخێکی بەوڕەنگە ئاڵۆزی و ناکۆکی و کۆمەڵکوژی وپێشێلکردن جێگەی باس نەبووە.

چامەنێت :بەڕای ئێوە سیاسەتەکانی ئۆردوگان چی بۆ دەسەڵاتەکەی و دەوڵەتەکەی بەرهەم هێنا؟

محەمەد بەکر : لەگەڵ هەموو هەوڵ و سیاسەت و مەترسییەکانی ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپەی فاشست بەڵام بەدرێژایی مێژوو 22ساڵەی تەمەنی حوکوم ڕانییان نەیانتوانی سەرکەوتن بەدەست بهێنن ، هێندەی تر کۆمار و کۆمەڵگەی تورکیا ڕووبەڕووی قەیران و دەیان کێشەی هەمەلایەن کردەوە ،
کە بێ گومان ئەمە بۆ تێکۆشان و هەڵمەتی فیکری و ئایدیۆلۆجیا فەلسەفییەکانی ڕێبەر ئاپۆ و بەرخودانی سەردەمیانەی جەنگاوەرانی پەکەکە دەگەڕێتەوە ، هەموو ئەو قەیرانانەی کە ڕژێمەکانی ئاکەپە و مەهەپە و کۆمەڵگای تورکیا تێ ی کەوتوون ، لەڕووی نێو دەوڵەتیشەوە کاریگەری گەورەی لەسەر سیاسەت و دۆخی تورکیاکردووە. ، سیاسەتی دووفاقیانەی ئۆردووگان لەڕووی دەرەکیدا کەهەر هەمووی تەنیا لەپێناوی دژایەتیکردنی دۆزی کورد بوو ، لەپێناوی دژایەتیکردنی دۆزی کورد و پەکەکەبوو ، هێندەی تر ئاڵۆزی و بندەست بوون و بێچارەیی بۆ پارت و ڕژێمەکەی هێنا ،  لەکاتێکدا جیهان و بەتایبەتی ناوچەکە ڕووبەڕووی شەڕ و دەستوەردان  بووەتەوە ، ئەوەی کەباس دەکرێت شەڕی سێیەمی جیهانی جێگەی باسە ، وزلهێزەکان دەیانەوێت نەخشەی جوگرافی ناوچەکە بگۆڕن و سیستەمێکی نوێی جیهانی لەناوچەکەدا بەرقەرار بکەن ، وەک دەبینین ، ئەوەی لەئێراق و سوریادا ڕوویدا ، ڕژێمەکەی ئۆردوگان ترسی لێنیشتووە ، ئیتر گەیشتۆتە  ئەو قەناعەتەی کەناتوانێت بەسیاسەتی دووفاقی درێژە بەکۆمار و سیستەمەکەی بدات ، ئۆردوگان و باخچەلی باش دەزانن کە سەرەگەیشتووەتە سەرەی ئەوانیش و دەبێت یان خۆیان بگۆڕن و لەگەڵ ئەجێندای و پرەنسیپەکانی ئەم قۆناغە ببنەیەک ، یاخود ئەمانیش هاوشێوەی ڕژێمەکەی ئەسەد ڕووبەڕووی هەڵهاتن و لەناوچوونی دەسەڵاتەکەیان دەبنەوە .

چامەنێت : کەواتە لۆژیک نییە ئەگەر بڵێین ئۆردوگان و باخچەلی باوەڕیان بەچارەسەری ئاشتییانەی دۆزی کورد هەیە ، و دۆخەکە بەسەریدا سەپاندوون ؟

محەمەد بەکر: گەرچی لەڕووی ئەقڵیەت و زهنیەتەوە باوەڕیان بەچارەسەری پرسی کورد و باوەڕیان بەئاشتی و برایەتی و پێکەوە ژیانی ئازادانەی گەلانی کورد و تورک نی یە ، بەڵام تەکتیکی ناچاریش بێت دەرگای ئیمرالییان کردەوە ، لەهەل و دەرفەتێک دەگەڕێن تاکو خۆیان لەم قەیران و بنبەست بوون هەڕەشانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە ڕزگار بکەن .
 هانابردنی ئۆردوگان و باخچەلی بۆ ئیمرالی ، هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێت کە ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە ئاستەمە بتوانن دەستبەرداری ئەقڵیەت و زهنیەتی فاشیزم ببن ، چونکە کۆڵەکەی ڕژێمەکەیان لەسەر ئەم ئەقڵیەت و زهنیەتە ئاواکردووە ، و مان و نەمانی خۆشیان بەدرێژەدان و بەردەوامی بەم ئەقڵیەت و زهنیەتەوە گرێ داوە ، بەڵام دەستپێشخەری و پڕۆژەی ڕێبەر ئۆجەلان هێشتا شانسێک دەدات بەم ڕژێمە ، گەر ئاقڵ مەندانە مامەڵە لەگەڵ نیاز پاکی و فەلسەفەی ئاشتی و یەکێتی ئازادانەی ڕێبەر ئاپۆدا بکەن ، ئەوا ڕژێمی ئاکەپە و مەهەپە دەتوانن لەدەستێوەردانە هەژموون گەرا حەتمیەکان بپارێزن ، لەدووڕیانی یان لەنێوچونی دەسەڵاتەکەیان ، ویان بەردەوامی لەسەر بنەمای داننان بەئاشتی و مافەڕەواکانی گەلی کورد ، خاڵ و هێڵی دووەمیان هەڵبژێرن و دەرگای ئازادی بەڕووی بەڕێز  ئۆجەلان و گەلی کورددا بکەنەوە.

—–ماویەتی —-

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button