دیداری چامە

ژنی ئازاد بناغەی بەختەوەری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یە

بەشی سێیەم لە گفت و گۆی چالاکی سیاسی و پارێزەر (چرۆ شوانی ) بۆ لاپەڕەی دیداری چامە


چامە نێت : بەبۆچوونی ئێمە لە باشوری کوردستاندا بەتایبەتی و لەڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی ، جیاواز لەکۆی ناوچەو شوێنەکانی تری جیهان ، ژن وەک هێزی ڕاستەقینەی کۆمەڵگە گەورەترین قوربانی دۆخە نالەبارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانە ، هەر لەم ڕووەوە لەپرسیارێکماندا کە ئاراستەی بەڕێز( چرۆ شوانی )مان کرد دەربارەی دۆخی ژن لەڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و لەهەرێمی کوردستان بەتایبەتی ، لەوەڵامدا گووتی :
لەباشوری کوردستان ئەو پێگەیەی کەئێستا ژن پێ ی گەیشتووە بەداخەوە دڵخۆشکەر نی یە ، ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ 33ساڵ بەر لەئێستا سەرباری بوونی ئەم هەموو ڕێکخراوانە و ئەم هەموو زەمینە سازییە ی کەلەبەردەم ژنی کورد و کۆمەڵگادا بووە ، ئەو کرانەوەیەی کەلەئێستادا بۆ ژن کراوە ، لەپێگەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ، هەرچەندە توانیویەتی تاڕاددەیەک بەڕێژەیەک بەشدار بێت ، بەڵام نەیتوانیوە بگاتە ئەوەی کە ژن بەهاوسەنگی بەشداری هەبێت ، بەڵکو بەڕێژەیی بەشدار بووە ، بەڵام دەتوانم بڵێم لەبەر ئەوەی هێشتا ژن خۆیی دەرباز نەکردووە لەئەقڵیەتی ئەو پیاو سالارییەی کەپێشتر ئاماژەمان پێدا و باسمانکرد ، بۆیە هەمیشە ئەو ژنانەی کە دەرفەتیشیان بۆ هاتۆتە پێش لەناو کۆمەڵگەدا بتوانن لەپێگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان خزمەت بکەن ئەوا هێشتا لەژێر کاریگەری بیرکردنەوەی پیاوسالاریدا دەرنەچوون ، چونکە لێرەدا حیزب پیاوە و ژنیش لەژێر ئەوکاریگەرییە حیزبیەدا نەیتوانیوە سەد لەسەد خۆی ڕزگار بکات ، ئەتوانم بڵێم تا ڕاددەیەک توانیویەتی ڕۆڵی خۆی ببینێت ، بەڵام لەبەر ئەوەی ژن نەیتوانیوە لەم ناوەندەدا پێگەی خۆی بپارێزێت ، یاخود پێگەی خۆی ئەوەندە بەهێز بکات کەبتوانێت هاوسەنگی ڕابگرێت لەنێوان ڕەگەزی خۆی و ڕەگەزی بەرامبەردا ، کەواتە بەتەواوی ڕۆڵی خۆیی نەبینیوە ، هەر ئەمەیش وای کردووە کە ئەمڕۆ دەیبینین باشوری کوردستان ڕۆژژلەدوای ڕۆژ بەرەو دوا دەڕوات ، ئەمە لەکاتێکدا کەچەندان ساڵە خەبات و تێکۆشان دەکات و قوربانی دەدات ، ژنیش لەناو ئەم خەبات و تێکۆشانەدا هەبووە و کاریکردووە ، ئەوەتا ئێستا پاشی 33ساڵ حوکمڕانی دەبینین ئێستا دۆخی ژنان لەهەموو ڕوویەکەوە لەچ ئاستێکدایە ، هەروەک کۆی کۆمەڵگە لەسەرجەم سێکتەرەکانی ژیاندا لەقەیراندایە ، سروشتی ژن بەجۆرێکە زۆر ترین باری گرانی قەیرانەکان لەئەستۆی خۆی دەگرێت ، تەماشاکە بێ مووچەیی ، بێ کارەبایی ، بێ هەموو خزمەتگوزارییەک ، گەنجانمان هەموو وێران و سەر لێشێواوبوون ، بەجۆرێک هەست ناکەین لەباشوری کوردستان واتایەک ماوە بۆ ژیان ، لەهەمووی ناخۆشتر ئەوەیە خەریکەلە باشوری کوردستان کلتوری ژن کوشتن زاڵ دەبێت ، کەئەمەیش هۆکارەکەی بریتی یە لەووەی کەنەمانتوانیوە خۆمان لە هەژموونی حیزب و ئەندێشە پیاوسالارییەکەی حیزبەکان ڕزگار بکەین ، ژنەکانیش مەبەستم ئەوژنانەیە کە لەناو حیزبەکاندا دەرفەتێکیان بۆ هاتۆتە پێش کە بتوانن لەکارەسیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا پێگەی خۆیان هەبێت ، کەچی نەیانتوانیوە خۆیان زگار بکەن لەو بیرکردنەوە پیاوسالارییەی حیزبەکان بەڕێوەدەبات ، هەر بۆیە دەبینین دۆخی ئەمڕۆی ژنان لەباشوری کوردستان خراپ و ناسەقام گیرە ، دەبینیت لایەنی کەم مانگی جارێک گوێ بیستی کوشتنی ژن دەبین ئیتر بەبیانووی شەرەف و کێشەی کۆمەڵایەتی ، ئەم دۆخە بەردەوام چەند پرسیارێک لەناخی مندا دەوروژێنێت ، ئەرێ بۆچی هەمیشە تەنها ژن لەسەر شەرەف دەبێت بکوژرێت ؟ ، ئایا ئەگەر ژن لەچوارچێوەی شەرەفدا تاوانێکی کردبێت ، لەگەڵ کێدا ئەو تاوانەی ئەنجام داوە ؟ ئەی بۆچی تەنها دەبێت ژن باجەکەی بدات ؟ ئەگەر ئێمە کۆمەڵگایەکی ئاینین و ئاینی ئیسلام پەیڕەو دەکەین ، خۆ لەناو ئاینەکەدا باس لەوە دەکات ئەگەر لەحاڵەتی زیناکردندا بێت دەبێت هەردووک سزا بدرێن و نابێت بەتەنها ژن سزا بدرێت ، بۆچی دەبێت تەنها ژنەکە سزا بدرێت؟ ، بۆچی دەبێت شەرەف تەنها بەژنەوە بلکێندرێت ؟ ئەی ئەگەر ژن شەرەفی پیاوە ، واتە وای دابنێ پیاوێک خوشکی نی یە ، دایکی مردووە ، ژنی نی یە ، کچی نی یە واتە هیچ مێینەیەک لەدەوری نی یە ، ئیتر دەبێت بەو پیاوە بگوترێت پیاوێکی بێ شەرەفە؟ شەرەفی نی یە؟ بەلای منەوە حەقیقەت ئەوەیە شەرەفی ڕاستەقینەی هەر هەموومان خاک و نیشتیمانەکەمانە ، ژنیش خۆی خاوەنی شەرەفی خۆیەتی ، منێکی ژن ئەگەر خۆم پارێزگاری لەشەرەفی خۆم نەکەم ، ئەوا پیاوێک ناتوانێت پارێزگاری لەشەرەفی من بکات ، من هەمیشە باوک و براو هاوژینم و کوڕەکەم بەدیاری منەوە نین تاپارێزگاری لەشەرەفی من بکەن ، لەبنەڕەتدا من شەرەفی خۆم بەشەرەفی ئەوان دانانێم ، شەرەیفی من هی خۆمە و شەرەفی خۆیان هی خۆیانە ، شەرەفی هەر تاکێک لەکۆمەڵگەدا خاک و نیشتیمانە ، بابگەڕێینەوە بۆ ساڵی 1988 کە کوردی باشور ئەنفال کرا و کیمیایی بەسەرداکرا ، ئەو هەموو ژنەکە ئەنفال کران ، پیاوان لەکوێ بوون ؟ ، بۆ ڕێگەیاندا شەرەفیان بکەوێتە ژێر دەستی عەرەب و بفرۆشرێت ؟ ، ئێ بێگومان لەبەر ئەوەی کورد خاکی بردرابوو پێشی ئەوەی ژن و خوشک و دایکی ببەن و داگیریان بکەن ، شەرەفی ڕاستەقیجەی کورد کەخاکە زەوتکرابوو، کاتێک شەرەفی ڕاستەقینە زەوتکرا ، ئیتر شەرەفی خۆی و خێزان و ..هەمووی کەوتە ژێر دەستی داگیر کارییەوە ، ئێستایش هەروایە ، ئێستاش کەئەم ژن کوشتن و بابەتی شەرەفە هاتووە ، لەبەر ئەوەی تۆ خاکت داگیر کراوە ، وامەزانە خاکت ئێستا لەژێر دەسەڵاتێکی کوردییە خاکمان هەیە ، ئێمە ئەقڵیەتمان داگیرکراوە ، کەئەقڵ داگیر کرابوو ئەوا خاکیش داگیر کراوە ، تۆکاتێک دەتوانیت بڵێیت خاکم ئازادە کەکۆمەڵگاکەت ئازاد بوو ، ئەقڵیەتی کۆمەڵگاکەت ئازاد بوو ، کاتێک کە ئەقڵیەتی کۆمەڵگاکەت لەژێر کاریگەری داگیرکاری بێت ، ئەجندای داگیرکاری بەسەریدا بسەپێندرێت ، ئەوا خاکیشت داگیر کراوە ، کەواتە شەرەفیش داگیر کراوە ، ئیتر پێویست ناکات بڵێین لەسەرخاکێکی ئازادین ، کەس نەڵێت من پیاوێک یان ژنێکی ئازادم ، بەڵکو ئێمە لەسەر خاکێکی داگیرکراوین و شەرەفمان لەژێر داگیر کاریدایە ، چ ژن چ پیاو شەرەفمان داگیر کراوە ، لێرەدا ئەوەی لەسەر ژنانە لەباشوری کوردستان دەبێت بەڕاستی ئەم حەقیقەتە بزانن ، و بەخود بوونی ژنان خۆیان ، بەئیرادەی ژنانەی خۆیان ، خۆیان دابماڵن لەئەقڵیەتی حیزبایەتی ، دەبێت ژن لەناو حیزبدا تائەو شوێنە ئەجندای حیزبەکەی جێ بەجێ بکات کە ئەجندای حیزب لەپێگەی ژن بوون نادات و لەخزمەتی پێگەی ژن و کۆمەڵگە و خاک نیشتیماندایە ، هەرکات ئەجندای حیزب لە سنوری خزمەتکردن بەپێگەی ژن و پێگەی کۆمەڵگە و خاک و نەتەوە و نیشتیمان دەرچوو ، ئیتر نابێت ژن مل کەچی بێت ، بەڵکو دەبێت ژن ڕووبەڕووی بوەستێتەوە ، ئەلێرەوە خەباتی ژن دەست پێدەکات ، ژن دەبێت لەناو حیزبەکەی خۆیەوە لەناوماڵەکەی خۆیەوە ، لەناو خێزانەکەی خۆیەوە دەست بەخەبات دژی ناعەدالەتی و پێشێلکاری بکات ، خەباتی ئازادی ژنان لەوێوە دەست پێ دەکات کەژن بەئیرادەی ژن بوونی خۆیەوە دژی هەموو دەست درێژری و،پێشێلکاری و ناعەدالەتییەک لەدژی ژن وخاک و نەتەوە و نیشتیمان و مرۆڤایەتی بووەستێتەوە ، ئەگەر هات و ئەوەی کرد ، ئەوکاتە دەتوانێت بڵێت من ژنێکی ئازادم و کۆمەڵگە بەرەو ئازادی دەبەم ، بەڵکو ژنێکی ئازادی خوازم ئێمە ئازاد نین ، ئێمە شەڕ بۆ ئازادی دەکەین ، شەڕ دەکەین لەپێناو ئازادی ، هەربۆیە ئێمە ئازادیخوازین…..
بەکۆی گشتی لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستدا لەبەرئەوەی لەژێر هەژموونی پیاو سالاریداین ، و بەتەواوی پیاوسالاری باڵی بەسەر ڕۆژ هەڵاتی ناویندا کێشاوە ، ئیتر هۆکارەکەی کاریگەری ئاین بێت ،یاخود لەژێر کاریگەری داب و نەریتدا بێت ، لەژێر هەر کاریگەرییەک بێت بێگومان وای لەکۆی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست کردووە کە ملکەچی داگیرکاری ببێت ، هەر بۆیە ئەمڕۆ دەبینین ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەکۆی گشتی داگیر کراوە ، واتە ئەگەر مرۆڤ واخۆی نیشان بدات کە خاکە و کۆمەڵگەکەی ئازادە ڕاست نی یە ، چونکە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست تائێستا نەیتوانیوە بەکلتوری ڕاستەقینەی خۆی حوکومڕانی خۆی بکات ، سەرجەم ووڵاتانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست لەژێر هەژموونی داگیرکاری دەسەڵاتدارێتی پیاو سالاریدان و تائێستا نەیانتوانیوە کە دەرباز ببن ، لەنێو ئەم هاوکێشەیەدا ژنیش لەژێر هەمان هەژموونی داگیرکاری ودەسەڵاتی پیاوسالاریدا کۆت و بەند کراوە ، خۆشبەختانە لەئێستادا هەنگاوی نوێ ی تێکۆشان هاتووەتە مەیدانەوە لەسەر بنەمای هزری تێکۆشانی ئازادی کە دروشمی (ژن ،ژیان ، ئازادی ) لەسایەیەوە بووەتە دروشمێکی جیهانی و ، خۆشبەختانە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای ئەو دروشمە واهەنگاو بەرەو ئازادی دەنێت ، هەرچەندە بارودۆخێکی سەختە ، بەڵام خۆشبەختانە هەنگاوەکان فراوانتر و تێکۆشانەکە ڕۆژ بەڕۆژ پێشتر دەکەوێت ، هەروەک ئەوەی زیادتر جێگەی شانازی ئێمەیە ئەوەیەکە ژنانی گەلی ئێمە پێشەنگایەتی ڕەوتی تێکۆشانی ئازادی دەکەن و هەرخۆیشیان شۆڕشەکەیان بەرپاکردووە ، بۆیە لەڕۆژگاری ئەمڕۆدا لەهەر شوێنێک کەباسی ژنی ئازادیخواز و شۆڕشگێڕ بکرێت ، ئەوا ژنانی کورد دەکرێن بەنمونەی تێکۆشانی ژنان ، ئەمەیش بۆ ئێمە دەستکەوتێکی پیرۆزە و بۆنەوەکانیشمان میراتێکی زۆر بەنرخە ، هەر بۆیە دەتوانین ئێمەی ژنان چ لەهەرێمی کوردستان و چ لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر فەلسەفە و پارادایمی (ژن ، ژیان ، ئازادی) هەنگاوی فراوان و باشتر بنێین ، بێگومان دەتوانین لەو بارو دۆخەی بەسەرماندا سەپێندراوە خۆمان دەرباز بکەین ،بەڵکو دەتوانم بڵێم تائێستا هەنگاوی زۆر باشی دەرباز بوون نراوەو هیوا و ئومێدیشمان هەیە .
تێبینی : لە بەشی داهاتوودا پێگە و دۆخی ژن لەنێو سیاسەتی نێو دەوڵەتی تەوەری باس و گفت و گۆی بەڕێز چرۆ شوانی و لاپەڕەی دیداری چامە دەبێت … لەگەڵ خۆشەویستیمان بۆخوێنەران…….گروپی ڕۆنامەنووسی چامەنێت….

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button