چامەنێت : توێژی ڕوناکبیران و هونەر مەندان و پیاوانی ئاینی و ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵگە ئاراستەدەکەن لەم دۆخەی ئێستادا ئەرکیان چی یە ؟ پێویستە چۆن مامەڵە بکەن ؟
ئیبراهیم فەرەج : .ھەرلەدوای بانگەوازیەکەی بەڕێز ئۆجالان. بەتایبەتی کە مەسەلەی چەک دانان و خۆھەڵوەشانەوەی پەکەکە لەبانگەوازیەکەدا ھەبوو . ڕای گشتی لەباشووری کوردستان دابەش بوو بەسەر چەند جۆرێک لەتێگەیشتن. ھەندێک وایان لێکدەدایەوە کە ئەم بانگەوازیە بەشێوەیەک لەشێوەکان ، تەسلیم بوونە و ئاشبەتاڵە .ھاوشێوەی ئەوەی لەباشووری کوردستان لەساڵی ١٩٧٥ ڕووی دا. ئەم جۆرە لەبیرکردنەوەو تێگەیشتن ھی ئەو کەسانە بوون.کە مێژووی تێکۆشانی پەکەکەو ئیرادەو خۆڕاگری و ئاستی فیکری و فەلسەفەی ئەو تەڤگەرەیان بەقوڵی نەدەناسی. ھەندێکیش لەخەڵک بۆ لێدان لە ڕێبەر ئۆجالان و پەکەکە تەنھا ئەو دوو خاڵەیان زەق دەکردەوە . بێ ئەوەی باسی خاڵە جەوھەریەکان بکەن کەدەبێتە ھۆی دەستبەردان لەچەک و خۆ ھەڵوەشانەوەی پەکەکە . ئەویش زەمینە سازی یاسایی و سیاسی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکە. ھەندێک خەڵکی دڵسۆز، ووڵات پارێزو بەپەرۆش بۆ دۆزی کوردی کە ترسیان هەبوو لە پاشەرۆژی گەلی کورد لەتورکیا ،بەنیگەرانیەوە لەو بانگەوازیەیان دەڕوانی . پێیان وابوو نەتەوەکەمان تووشی بێ ھیوایی دەبێت گەر خوانەخواستە ئەم شۆڕشە تووشی شکست بێت .چونکە ھەر لە ڕاستیدا ،ئەو جۆرە لەخەڵک تاکە ھیوایان سەرکەوتنی شۆڕشی باکوری کوردستان و ڕۆژئاڤای کوردستانە. چونکە لەجۆری سیاسەت و ڕەفتاری گەندەڵکارانەی حیزبە سیاسی و سەرکردەکانیان و کارو بەرنامەی حیزبەکانی باشوور بێ ئومێدو بێ ھیوابوون.بۆیە سەرکەوتنی کوردیان لەم ھەل و مەرجەدا لەو دووبەشەدا دەبینی. کەئەو بانگەوازیەیان بیست و گوێیان لەھەندێ پڕووپاگەندە دەبوو . کەوتبوونە ژێرکاریگەری خراپی ئەو دۆخە . دوای ئەوەی کەزیاتر بەرچاویان ڕوون بوو ھیوای سەرکەوتنیان بۆ بانگەوازیەکە خواست . بەشێکی تر لەخەڵک ئەوانە بوون کەخاوەن تێگەیشتنی قوڵ بوون و مێژووی پەکەکەو ڕێبەرەکەیان و سەرکردەکانیان باش دەناسی .دەیان زانی کە بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک .پێویستی بەھەنگاوی پراکتیکی یاسایی پەرلەمانی تورکیاو دانوستاندنی دوولایەنەیە. ئەو توێژەی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان دەیانزانی کە چەک دانان و خۆھەڵوەشان ھەروا کارێکی ئاسان نییە . دەیانزانی قەندیل ھەڵوێستی خۆی لەسەر پێڤاژۆکە دەخاتە ڕوو . ئەوەبوو لەماوەیەکی کورت و ھەرزوو پەکەکە بەدەم بانگەوازیەکە وە ھات .یەک لایەنە ھێرشی بۆسەر سوپای تورک ڕاگرت . سەرکردەکانیان لێدوانی سیاسیان دا کەئەوان بۆ گفتووگۆی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک سازو ئامادەن.دوران کالکان لەدوا دیمانەیدا قسەیەکی گرنگی کرد گووتی لەقسە زیاتر پێویستمان بەھەنگاوی پراکتیکە لەلایەن دەوڵەتەوە .بەقسە ئاشتی نایەتە دی .تەنھا قسەو لێدوان ناتوانێت ببێتە ھۆکاری کۆتایی ھاتنی شەڕی چل و یەک ساڵ .
چین و توێژە جیاجیاکانی کۆمەڵگەی کوردی حەزیان بەئاشتی و پێکەوەژیانی دیموکراتیانەی نێوان گەلانە .جگەلەکەمینەیەک کەبەرژەوەندییان لەگەڵ ئاشتی نییە و بازرگانی شەڕن و بەکرێگیراوی پیشەیانە .زۆربەی ھەرە زۆری نەتەوەی کورد لەھەر کوێ بن پشتیوانی ئاشتی دەکەن. ھەرکارێک بکەوێتە ئەستۆیان جێ بەجێی دەکەن . ئەو توێژانەی بەڕێزتان باستان کردووە.ھەریەک بەپێی بوارەکەی خۆی پێویستە پشکی ھەبێت لەسەرکەوتنی ئەو بانگەوازییە مێژووییە. کورد لەڕابردووئێستادا شەڕی بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی کردووە.گەر دانوستاندن مافەکانی دابین بکات بۆچی شەڕ دەکات؟ سەد ساڵ گفتووگۆ لەسەعاتێک شەڕ پەسەند ترە.کۆمەڵگەی کوردی ڕۆڵی ئەرێنی خۆی دەبینێت.دەوڵەتی تورکیا پێویستە گەر ئاشتیەکی ڕاستەقینەی دەوێت ھەرقسە نەکات .ئەوھەنگاوە جددی و پێویستانە بگرێتە بەر کەدەتوانن خزمەت بە ئاشتی بکەن. تورکەکان لەکورد زیاتر پێویستە فشارەکانیان بۆسەر ئەو دەسەڵات بخەنە ڕوو . بائیتر شەڕ کۆتایی بێت ئاشتی لەتورکیا سەقامگیر بێت. باگەلانی تورکیا تامی ژیانی ئاشتی و دیموکراتیانە بکەن.کەبەھۆی سیاسەتێکی چەواشەوە پڕ لەھەڵە تورک و کورد بوون بەدوژمنی یەکتری . دوژمنایەتی تاقی کرایەوە چەند زیانی ھەمەلایەنەی ھەبوو .با ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکش تاقی بکەنەوە . بێگومان سوودی ئێجگار گەورەی بۆ گەلانی تورکیا دەبێت..
چامەنێت : ئەرکی دەزگاڕاگەیاندنەکان و میدیاکاران چییە و چۆن کار بکەن بۆ پتەو کردنی هەستی نیشتیمانی لەدۆخی لەم جۆرەدا ؟
ئیبراهیم فەرەج : ئەم پرسیارە زۆر گرنگە . چونکە ڕاگەیاندن ئەمڕۆ لەجیھاندا کاریگەری باش و خراپی لەسەر کۆی ئەو ڕووداوانە ھەیە کەلەجیھاندا ڕوو دەدەن.
ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندکاران لەھەرێمی کوردستان بەشی ھەرەزۆریان ھی حیزبە دەسەڵاتدارەکانن و ئەوانەشیان کە لەدەرەوەی دەسەڵاتن. ئەوانەی بەرژەوەندیان لەئاشتیدا دایە. بەشێوەیەکی باش قسە لەسەر بانگەوازیەکە دەکەن.ھەوڵ دەدەن کۆمەڵگە ،بەرەو ئەو ڕێگایە ئاراستە بکەن ،کەپشتیوانی ئاشتی بن . قسە باشەکان پەخش دەکەن کەسوود بەلەیەک نزیکبوونەوەی کوردو تورک دەگەیەنێت . ھەندێک ڕاگەیاندنیش ڕۆڵی خراپ دەگێڕن .چونکە ئاراستەکەیان نیشتیمانی و نەتەوەیی نییە. قسەی ئەو سیاسیە بێ ئەرزش و وابەستانە پەخش دەکەن کەزیان بە دۆخەکە دەگەیەنێت.ئەوجۆرە ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندکارانە . بڕیاری سیاسی خۆیان ھەیە کەدوورە لەبەرژەوەندییە نیشتیمانی ،نەتەوەیی ،دیموکراتیەکا نی نەتەوەی کورد. بەزوڕنای دەزگا سیخوڕیەکان ھەڵدەپەڕن. ھەمیشە دەنگی ئەوڕاگەیاندنە ناوخۆیی ،ھەرێمی ،جیھانیانە زاڵ بێت کە دەبنە پاڵپشتی ئەو بانگەوازییە .ئەتوانن ئەوانیش بەدیوە باشەکەدا ڕۆڵی مێژوویی و سیاسی خۆیان بۆ ئاشتیەکی شکۆمەندانە لەکوردستان و ڕۆژھەڵاتی ناوین بگێڕن .
چامەنێت : لەکۆتایدا ۆێڕای سوپاس و پێزانینی ستافی ڕۆژنامەگەری ماڵپەڕی چامەنێت بۆ زانیارییە پڕ لەبەها و بایەخەکانی چاودێری سیاسی مامۆستا ئیبراهیم فەرەج ، و هیوای سەقامگیری سیاسی و ئابووری کۆمەڵایەتی بۆ سەرجەم گەلانی ناوچەکە لەسایەی کۆنفیدرالیزمی دیموکراسیدا و ژیانی ئاسوودە بۆ گەلی کورد دهخوازین ، تادیدارێکی تر و پرسێکی دی ئاسوودەیی گوزەرانی ماڵەکانتان بێت .
………تەواو …..