دیداری چامە

پرسی ئاشتی لەدووڕیانی بەرەو پێش چوون و چەق بەستندا

بەشی : سێ یەم


چامەنێت : ئەرکی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەرامبەر بەم دۆخە چی یە ؟ بەتایبەتی لایەنە سیاسی یەکانی باشوری کوردستان بەئەرکی نەتەوەیی و نیشتیمانی هەستاون ؟
ئیبراهیم فەرەج : دەم پارتی لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز ئۆجالان سەردانی چەندین حیزبیان کرد لەھەرێمی کوردستان .بۆئەوەی ئەوانیش ببنە پاڵپشت و ھاوکار بن لەم بانگەوازیەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک. لە قۆناغەکانی ڕابردووی گفتووگۆکاندا ،پرسی ئاشتی دوژمنی ئێجگار زۆری ھەبوو، لەناوخۆی تورکیا،لەدەرەوە ی تورکیا ،لەناو خودی پەکەکەش چەتەکان دوژمنی ئاشتی بوون.دەوڵەتی قوڵی تورکیا لەڕابردوودا ئێجگار زۆر دژ بوو لەگەڵ ئاشتی تورک —کورد. لەناوھەرێمی کوردستانیش ھەندێک حیزب و سیاسی کەگرێدراوی دەوڵەتی قوڵی تورکی بوون .ئەوانیش دوژمنی ئاشتی بوون. ئەوەی وادەکات دۆخەکە ھەندێک جیاواز بێت ئەوەیە نوێنەری دەوڵەتی قوڵ کەباخچەلییە خۆی پێشنیاری برایەتی نێوان تورک و کوردی کردووە. بەڵام ئەوانیش تائێستا ھەنگاوی ئەرێنیان نەناوە. زەمینەی سیاسی و یاسایی نەڕەخسێنراوە بۆ پرۆسەی ئاشتی. یەکتر بینینی وەفدی ئیمرالی و ئەردۆگان کارێکی گونجاوە ئەگەر نیەتی باشی بۆ ئاشتی لەپشت بێت. ئاشتی بەقسە نابێت پێویستی بەھەنگاوی دیموکراتیانەیە.
دەم پارتی ئەم جارە بەچڕو پڕی سەردانی ھەموو لایەنەکانی تورکیاو لایەنەکانی ھەرێمی کوردستانیان کرد. ئامانجی ئەم سەردانانە ئەوە بوو کە باشوور پشتیوانی پرۆسەی ئاشتی بکات و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن لەکۆتایی ھێنان بەشەڕی تورک و کورد.
لەدوای ئەوسەردانانە ھەموو حیزبەکانی ناودەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات پشتیوانیان بۆ بانگەوازیەکەی ئیمراڵی ڕاگەیاند.
ئاشتی لەتورکیا سوودی گەورەی نەک ھەربۆتورکیاو گەلانی تورکیا ھەیە .بەڵکو بۆ ھەرێمی کوردستان خاڵێکی ئێجگار گرنگ دەبێت .کاریگەری سیاسی ،ئابوری،کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگەی باشوور زۆر گەورە دەبێت. سەدان گوند بەھۆی شەڕی داسەپاوی تورک بەسەر کورددا سوتاون یان چۆڵ کراون،دارستانە سروشتیەکان ،ئەشکەوتەکان ، سەرچاوەی کانی و کارێزەکان . بەھۆی شەڕەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە .بەتایبەتی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی زۆر جۆری ڕووەک ،پەلەوەری قڕ کردووە ،ژینگەو سەرچاوە ئاویەکان ژەھراوی بوون. لەساڵی ١٩٩٢ حیزبەکانی باشووریش لەوشەڕەوە گلاون. بەڕاستی شەڕ کردنی حیزبی باشوور شان بەشانی سوپای داگیرکەری تورک ،تائێستاش ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆ بەردەوامە .ئەمەش کارێکی خیانەتکارانەیە .
ڕۆڵی باشوور لەپرۆسە کانی ڕابردوو زۆر زۆر خراپ بووە. دەبێت ئەوانیش بەوھەڵوێستەی خۆیاندا بچنەوە . ڕاستەوخۆ ببنە پشتیوانی ئاشتی .وەکو بەئاشکرا ڕایانگەیاندووە کەپشتیوانی بانگەوازیەکەی بەڕێز ئۆجالانین .نابێت لەژێرەوە پیلان بگێڕن و ببنە دژی ئەو بانگەوازیە مێژووییە ،کەدەتوانێت بەستەڵکی ڕەگەز پەرستی تورک بتوێنێتەوە ، شەڕو خوێن ڕشتن کۆتایی پێ بھێنێت. ھەرێمی کوردستان لەبانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک زۆر سوود مەند دەبێت.پێگەی ھەرێمی کوردستان لەعێراق و ناوچەکە بەھێز دەبێت.ھیچ دوور نییە ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان کەماددەی ١٤٠ ی دەستوور دەیگرێتەوە بگەڕێنرێنەوە سەر ھەرێمی کوردستان یان ببنە ھەرێمێکی فیدراڵی دووھەم .بەگشتی بە چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی کورد لەتورکیا کاریگەری دەبێت بۆ ئەوەی سیستمی سیاسی لەباشوور دیموکراتیزە بێت. باشتر لەوەی ئێستا ھەیە ، کەزۆر جێگای ڕەخنەی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستانە. بەگشتی دەتوانین بڵێین بە ئاشتی نێوان کوردو تورک وەرچەرخانێکی گەورە لەڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات. ھەمووان پشکی سوودیان لێی بەردەکەوێت. ھیچ زیانێک لەئاشتیدا نییە جگە لەسوود .گەر ئاشتیەکە پێدانی مافی مافخوراوان بسەلمێنێت.
….ماویەتی ….

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button