ووتار وبیر وڕا

هاوپەیمانی خوێن و بەرژەوەندی یان هاوپەیمانی بەیەکەوە ژیان؟

جوتیار ڕەشید


گرنگی پێگەی ئێمەی کورد لەم ناوچەیە بەتەنها لەوەدا نیە گەلێکی ستەم لێکراو و داگیرکراوین، جیهان سۆز و بەزەییان لەخەوهەستاوە بەرامبەر ئەو هەموو ستەمەی سەدان ساڵە لێمان دەکرێ.بەڵکو لەوەدایە جیاواز لە گەلانی ئەم ناوچەیە ئێمە خاوەن دونیا بینی جیاوازین ئەو جیاوازیەمان دونیای پێشکەوتوو چاوی لەسەریەتی بیکاتە بناغەی گۆڕانکاری ڕیشەیی سەدە لە ناوچەکە.
بەڵام بەداخەوە پارادۆکسە سەیرەکە لەوەدایە لەناوخۆی خۆمان ئەو دونیابینیە جیاوازەمان لە دام و دەزگای نیشتیمانیدا بەکردار نەکردوە بەتایبەتیش لە میانەی ٣٢ ساڵی دەسەڵاتداری خۆماڵی لە هەرێمی کوردستان؟!
تاکە خاڵی لاوازی ئێمەی کورد لە ئێستادا ئەو پارادۆکسەیە،بۆیە لە ناوخۆشماندا پێویستیمان بە دونیابینیەکی جیاوازتر هەیە بۆ ئەوەی بتوانین گۆڕانکاری ڕیشەیی لە فۆڕمی دەسەڵاتداری و بەڕێوەبردنماندا بکەین.
ئەگەر سەرنج بدەین لە دونیای دەرەوە کەسایەتیەکی کوردی ڕێزلێگیراومان بە دونیا ناساندوە کەلەسەر دونیابینی جیاوازتر لە گەلانی ئەم ناوچەیە بنیاتنراوە.بەڵام بەناوخۆی خۆماندا کەسایەتیەکی تەواو پێچەوانە و تێکشکێنراو لەسایەی دەسەڵاتی خۆماڵی.
ئەم پارادۆکسە بە چی تێکدەشکێندرێ؟
بابەتەکە ڕونە،تاکە هۆکاری تێکشکاندنی کەسایەتی تاکی کوردستانی لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی خراپی خۆماڵیە بەدرێژایی ٣٢ ساڵی ڕابوردوو.
ئەم دەسەڵاتەش بەرەنجامی پارت و حیزبی ناشایستەی خاوەن دونیابینی نامۆن بە کۆمەڵگە.
بۆیە بۆ ڕاستکردنەوەی ئەم دۆخە پێویستمان بە دژە ستراتیجێکە لەسەر بنەمای چارەسەری ڕاستەقینەی قەیران و گرفتەکانی کۆمەڵگەکەمان بنیاتنرابێ.
دەسەڵاتی خراپ و حیزبی خراب کە هۆکاری خراپکردنی تاک و کۆمەڵگە بون،بە بنیاتنانەوەی تاکی باش دونیای سیاسەتی ڕاستەقینە و پاک دەستپێبکاتەوە و لە ڕێگای بزاوت و جوڵانەوەی باشەوە دەسەڵاتێکی باش بۆ هەرێم بنیاتبنێتەوە.
ئەوەش بە فۆڕمە کلاسیکیە سواوەکان ئاسنی سارد کوتانە.
ئەوەشمان بیرنەچێ کە بەداخەوە هەناوی ئەم ناوچەیە پڕە لە کینە و ڕقی هەزار ساڵە
لەسەر دەمی گەورەترین بورکان ژیان دەکەین کە هەزاران ساڵە لە ناخی بەشێکی زۆر لە مرۆڤەکانی ئە. ناوچەیە دەکوڵی.
لەهەر چرکەیەکدا و لەهەر بستێک لەم ناوچەیە دەمی بکەیتەوە دەتەقێتەوە.
زل هێزەجیهانی و هەرێمیەکانیش دڵ ڕەقانە مامەڵە لەگەڵ ئەو بورکانە دەکەن.
لەهەرکوێ بەرژەوەندیان بیخوازێ دەمەکەی بەرەڵا دەکەن.
گەلانی ئەم ناوچەیە هێزی ڕوبەڕوبونەوەی ئێستایان تێدا نیە بۆیە دەگەڕێنەوە بۆ ڕابوردو ئەو ڕابوردوەی لێوان لێوە لە توندوتیژی مەزهەبی و قەومی خێڵەکی
ئەم مرۆڤانە هێشتا مرۆڤی سەرەتایین مێگەل ئاسا ڕەدوکەوتەی ئەوانی ترن کە سەرکردایەتیان دەکەن، ئێستایان لە ڕابوردودا داگیرکردون توانای بەرهەمهێنانی نوێیان نیە ڕابوردو کۆپی و چەندبارە دەکەنەوە هەرگیز لە ئازارەکانی ڕابوردو تێرنابن!
سەڕەڕای ترس و ترسنۆکیان لە ڕوبەڕوبوونەوەی ئێستا و داهاتوو لە بەکارهێنانی ڕابوردوو لە هەرە توندوتیژترینەکانن!
ئەمانە پێیان وایە ئێستا گڵاو بوە و ڕابوردوو پێرۆزە،گەڕانەوە بۆ سەروەری و جوانیەکانی ڕابوردوو ساویلکانە دێتە بەرچاو بەڵام لە ڕاستیدا مەترسیدارە چونکە هێزی کۆمەڵگە گیردەکا لە ڕابوردو و توندوتیژیەکانیدا و لە جوڵە و تەکانی سەردەمیانەی دەخا.
ئەوە ڕەوشی ئەم ناوچەیەیە،هەر ئەوەشە گرنگی پێگەی ئێمەی زەقکردوەتەوە،ئەم گرنگیەمان لەدەست دەدەین ئەگەر دونیابینی ناوخۆمان نەگۆڕین وەک لەسەرەوە باسمانکرد

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button