ژنی ئازاد بناغەی بەختەوەری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یە؟
بەشی پێنجەم و کۆتایی لە گفت و گۆی پارێزەر و چالاکی سیاسی (چرۆ شوانی ) بۆ لاپەرەی دیداری چامە
چامە نێت : لێکدانەوەتان بۆ ئەم سێ بڕگەیە لە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان کە دەڵێت : پیرۆزی هی ژنە ، ژن خۆی گەردوونە ، پیاو هەسارەیەکی سەرگەردانە لەخولگەی ئەم گەردوونەدا ؟
چرۆ شوانی : هەروەک پێشتر ئاماژەم پێدا ، مەبەست لەپیرۆزی ژن ئەوەیە کەژن دایکە ، ، جا بزانە کە دایک چەندە پیرۆزە ، بێگومان کە دەڵێین ژن دایکە مەبەست لەوە نی یە کە ژنێگ هەردەبێت هاوسەرگیری بکات و منداڵی ببێت ئەوسا ببێت بەدایک ، بەڵکو سروشتی دایکایەتی هەر لەدروست بوونیەوە لەناخی ژندا هەیە ، هەر بۆیە ژن وەکو دایک وێنە دەکرێت ، چونکە هەموو پیرۆزییەکان لەخۆ دەگرێت ، وەک دەبینیت دایکێک چەندە میهرەبانە بۆڕۆڵەکەی ، هەمان ئەو ئاستی میهرەبانییە لەناخی هەموو ژنێکدا هەیە، هەموو ژنێک هەڵگری سروشتی دایکایەتی یە ، هەر بۆیە بەڕێز ئۆجەلان لەسیفەتی میهرەبانی ژنەوە پیرۆزی ژن دەخاتە ڕوو ، ، ژن هەرکات هەنگاو دەنێت بۆ تێکۆشان لەپێناوی وەدیهێنانی ئامانجە گرنگ و پیرۆزەکانی کۆمەڵگەکەی ، هەروەکو دایکێک کە هەموو ماندوو بونێکی بۆئەوەیە کەکۆرپەکەی جوانترین و باشترین شێوازی پەروەردەبوون پەروەردە ببێت ، هەموو شتێک بۆ ڕۆڵەکەی بکات لەپێناوی ئەوەی ژیانێکی خۆشی بۆ دابین بکات ، بەهەمان شێواز و بەهەمان ڕۆحیەتی دایکایەتی یەوە ، بۆ ئامانجە وەدینەهاتووەکانی کۆمەڵگەکەی تێدەکۆشێت ، مەبەست لەپیرۆزی ژن ئەوەیە ژن خودی خۆی سروشت و ژیانە ، ئیتر سروشت و ژیانیش پیرۆزن ،ئیدی لێرەوە پیرۆزی ڕۆحیەتی دایکایەتی بەدیار دەکەوێت ، ئەمانەی باسمانکرد هەر هەمووی لەژندا کۆکراونەتەوە ، ئەمانە بەشە دانەبڕاوەکانن لەناخی ژن واتە لەناو جیناتی ژندا هەبوون هەن و دەمێنن ، هەربۆیە ژن هەر لە بنەماوە بەپیرۆزی خولقاوە ، وەک دەبینین هەموو شتە جوان و پیرۆزەکان لە ژنانەوە سەرچاوەیان گرتووە ، وەرن مێژووی ژنان بخوێننەوە ، ئەوکاتە دەزانن پیرۆزی ژن لەکوێوە سەرچاوەی گرتووە ، هەر ئێستا کەدەبینی دایکێک بۆ ڕۆڵەکەی چی دەکات و چەندە بەسۆز و میهرەبانە ، ئەوە بزانە ئەو سیفەتی میهرەبانییە لە ناو ناخ و دەرونی هەموو ژنێکدا بوونی هەیە ، هەرکارێکیش بکات بەهەمان ئەو سروشت و سۆز و میهرەبانییەوە دەیکات . ئەوە مەبەستی پیرۆزی ژن بوو لەلای ڕێبەر ئۆجەلان.
کاتێکیش باسی گەردوون دەکات ، مەبەستی لەوەیە ئەگەر بەووردی لەگەردوون ڕابمێنین دەبینین گەردوون مێینەیە ، بۆچی مێینەیە ؟ بێگومان چونکە گەردونیش وەکو ژن پڕ لەجوانی و میهرەبانییە ، ژن پێویستییەکان بۆ سەرجەم ئەندامانی خێزان دابین دەکات ، گەردونیش هەموو پێویستییەکانی سەرجەم بوونەوەرانی دابین کردووە ، کەواتە ژن گەردوونە و گەردوونیش ژنە .
کاتێک لە مێژوو ڕادەمێنین دەبینین کە هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا پیاو لەگەردووندا لەپێگە و ئیرادەی ی ژنی دا ، ئەو بەتەنها لەپێگەی ژنی نەدا ، بەڵکو بەو لێدانەی لەپێگە و ئیرادەی ژن تەواوی گەردوون و سروشتی وێرانکرد ، ئەولێدانە تەنانەت لێدان بوو لەخودی خۆیشی ، چونکە خۆیشی سەرگەردان کرد . لەبنەڕەتدا ژیان لەسەر بنەمای سروشت واتە ژیان بەئاشتی و ئارامی ، بەڵام بەو لێدانە ئاشتی و ئارامی شێوێندرا ، دۆخی پەیوەندی لە سۆز و میهرەبانییەوە گۆڕا بۆ ئاژاوە و نائارامی ، ئێستا لەسایەی ئەو دەست درێژییەدا کە کرایە سەرئارامی گەردوون ،خودی پیاو خۆیشی لەناو دۆخ و ژینگەی نائارامی گەردووندا وێڵ بووە ، و ئیتر ناتوانێت خۆیشی لەو ژیانە نا ئارامەدا بهێنێتەدەرێ ، بۆیە کاتێک کەگەردوونی تێکدا ئەوا سروشت و ژینگە ی تێکدا و پێگەی ژن بوونی لاواز کرد و واتە لەئیرادەی ژنی دا ، ئیتر خۆیشی لەم گەردوونە شێواوەدا سەرگەردانە و بەدەوری گەردوندا دەسوڕێتەوە ، تۆ تەماشاکەن لەمێژووی ئەم گەردوونەدا ، هەرچی جەنگەکان هەیە پیاوان هەڵیانگیرساندووە ، دەسەڵاتدارێتی بەرهەم و ئەفراندنی پیاوە ، لەڕێگەی هەژمونگەرایی و قۆرغکاری دەسەڵاتگەرییەوە ، جوانییەکانی ژن بەتاڵان بران ، پیاو جوانییەکانی وەک ئازایەتی و بوێری و ئیرادە ی بۆخۆی قۆرغ کرد و دەڵێت هەموویان هی منن ،ئەمە لەکاتێکدا ژن بۆخۆی خاوەنی ئیرادە و بوێری و ئازایەتیە ، تەنها جیاوازییەک لەنێوان ئەم دوو ڕەگەزەدا ئەوەیە کەمیهرەبانی ژن بووەتە هێزی دەروونی ژن و بەهۆیئەو میهرەبانییەی ناخیەوە دوورە لە حەزی دەسەڵاتگەری ،بەڵام لەهزری پیاو سالاریدا بەکارهێنانی هێز و ئارەزووی دەسەڵاتگەری سیفەتی باڵایە ، ئێستا کەپیاو هەسارەی سەرگەردانی گەردوونە ئەوا خۆی باجی ئەو حەز و ئارەزووەی دەدات کە بۆ دەسەڵاتگەری هەیەتی و بەهۆیەوە ئارامی سروشت و گەردونی پێ شێواند ، لەسایەی هەژموون گەرایی پیاو سالارییەوە ئێستا هەموو ژینگە و پێکهاتەکانی باجی ئەو ئارەزووە کوشندەیەی حەزی دەسەڵاتدارێتی دەدەن . کەواتە تەنها ژن باجی هەژموون گەرایی پیاو سالاری نادات بەڵکو هەر لەخودی پیاو خۆیەوە تا دەگات بەهەموو بوونەوەرە پێکهێنەرەکانی ناو ئەم گەردوونە باجی هەژموونگەرایی پیاو سالاری دەدەن ، مەبەستەکە لێرەدا ڕوونە کە پیاو ئەو هەسارە سەرگەردانەیە لەم گەردوونە شێواوەدا ، کەخۆی هۆکاری سەرەکی وێرانبوونیەتی .
چامە نێت : لەم قۆناغەی ئێستادا کەقۆناغی دوای پەیامی گرنگی ئاشتی بەڕێز ئۆجەلانە ، ئەرکی کۆمەڵگە چ وەژن و چ وەک پیاوان بەرامبەر بەم دۆخە چی یە؟
چرۆ شوانی : سەبارەت بەپەیامە گشتی یەکەی ڕێبەر ئۆجەلان بۆئاشتی ، ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکە لەهەر چوار بەشی کوردستاندا ، کەئێمە وەکو گەلی کورد بە ژن و پیاومانەوە پێشوازی لەو ئاشتییە بکەین ، پشتیوانی بکەین و هەر یەکە و لەئاستی خۆیەوە ، بەهەموو بیر و باوەڕە جیاوازەکانەوە ، بەهەموو ئایدیا جیاوازەکانەوە ، پشتیوانی لێ بکەین ، بێگومان بەهەر ڕێگاو شێوازێک بێت ، پێویستە لەنێوان ڕیزەکانماندا هەموو ناکۆکیەکانی ناوخۆیی خۆمان وەلا بنێین ، و کۆدەنگی و یەک بوون بۆ پشتیوانی ئەم پەیامە پێک بهێنین ، ئەم قۆناغەی ئێستا گۆڕانکاری گەورەی لەخۆی گرتووە ، بەجۆرێک کەهەموو پێشهاتەکان پێمان دەڵێن ، لەم قۆناغەی ئێستادا ڕۆژهەڵاتی ناوین لەبەردەم دووبارە دیزانکردنەوەدایە ، بۆیە قۆناغێکی زۆر گرنگ و هەستیارە ، هەروەک قۆناغێکی زێڕینە بۆ گەلی کورد ، لەم قۆناغەدا ئێمەی کورد بەپێکەوە بوون و یەکڕیزیمان بەکۆی بیر و باوەڕە جیاوازەکانمانەوە ، دەتوانین بەدەستکەوتی باشەوە بێینەدەرەوە ، لەئێستادا گەلی کورد لەم قۆناغەدا ، پرسەکەی پرسێکی بەرچاوە و ناتوانن لەناو هاوکێشەکەدا بیهێننە دەرەوە ، پرسی کورد پرسی سەرەکی هاوکێشەسیاسیەکانی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاستە ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی سەدساڵ بەر لەئێستا ، کەگەلی کورد لە ڕێککەوتن نامەی لۆزان دا دابەشکرا ،ئەو کاتە کورد لاواز و پەرتەوازە بوو ، بۆیە بەدرێژایی ئەم سەد ساڵە ئێمەی کورد باجماندا ، دابەشکراین ، نکۆڵی لەبوونمان کرا ، گەلەکەمان لەهەر چوار پارچەی کوردستان جینۆساید کرا، هۆکاری ئەمانەیش هەرهەمووی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناتەباییەی لەنێوان دەسەڵاتدارانی گەلی کورددا هەبووە ، بۆ ماوەی سەد ساڵ باجی ناتەباییمان داوە، بۆیە لە ئێستادا لەپێناوی دەربازبوونی گەلەکەمان لەو نەهامەتییانە ، پێویستە پشتیوانی یەکدی بین ، ئەم قۆناغە قۆناغێکی زێڕین و گرنگە ونابێت بەدەستی بەتاڵ و بێ دەسکەوت لێ ی بێینە دەرەوە ، بەڵکو کاربۆ بەدەست هێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی گەلەکەمان بکەین ، لەم قۆناغەی ئێستادا پێویستە پشتیوانی لە پرسی ئاشتی بکەین و بەیەکڕیزی و پشتیوانی و پێکەوە بوونمان خۆمان پڕ هێز و تەیار بکەین ، پشتیوانی کردنمان بۆ بەشەکانی تری کوردستان وهەر بەشێک بۆ ئەوانی تر ، بەتایبەت باشوری کوردستان لەخەمی بەشەکای تردابێت ، چونکە لەباشوردا کورد ۳۳ساڵە حوکمڕانی دەکات ، بەداخەوە کەدەڵێم ئەمڕۆ لەناو خودی خۆیدا وایلێهاتووە کەگەلی باشور لەو دەسەڵاتە ڕازی نی یە، چونکە ئەم دەسەڵاتەگەلی چەۆساندووەتەوە ، برسی کردوون و مافەکانیانی زەوت کردووە ، و ئازادی لەم باشوورە بەر قەرار نی یە،بەداخەوە گەیشتووین بەم قۆناغە بەڵام هێشتا دەسەڵاتدارانی باشور ، لەسەر هزری نا بەرپرسیانەی خۆی بەردەوامە ، ئەمە لەکاتێکدا کە هەموو جیهان پێمان دەڵێن ئەم قۆناغە قۆناغێکی زێڕینە بۆ گەلی کورد ، یەکڕیزی و پێکەوە بوونتان دەتانگەیەنێت بەئامانج .
ئەمڕۆ پرسی ئاشتی بەڕاستی پرسێکی زۆر گرنگە ، ئەمڕۆ دیموکراتی لەقۆناغێکدایە بەرەو فراوانبوون دەچێت ، دەتوانین بەپێکەوەبوونی هەموومان وبە دەست لەناودەست بوونی یەکدی نەهێڵین بەبێ دەستکەوت لەم قۆناغە بێینەدەرەوە ، چونکە ئەمڕۆ لەهەرچوار بەشی کوردستان پێکەوە بوون و یەکگرتنمان زۆرزۆر گرنگە، لەم باشورەدا خەڵک برسی و بێ هیواکراوە و ئەجندای داگیرکەرانیش دەچەسپێندرێت ، بۆیە ئیتر کاتی خۆیەتی گەلبەهۆشێ خۆیدا بێتەوە ، هەرچەندە هەنگاوەکان هەن بەڵام بەداخەوە ئەم هەنگاوانە تەنها لەناوچە و دەڤەرێکدان ، کە پێویستە لەسەر تاکی کورد لەهەر شوێنێکی ئەم باشورە بێت دەبێت خۆی لەپێناوی بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلدا ڕێکبخات ، چالاکانە بێتە مەیدان و یەکڕیزی گەل بەئامانج بگرێت و خۆی ئەرکدار بکات . کۆمەڵگە لەم دۆخەدا پێویستی بەوە هەیە لەسەر بنەماکانی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی ڕاستەقینە و پێکەوەیی هەمەڕەنگی بەڕێکخستن بکرێت ، ئەگەروانەکەین ڕەنگە سەدساڵەی لۆزان جارێکی تر بەهۆی کەمتەرخەمیمانەوە دووبارە ببێتەوە ، ئەوەی ئێمە لەم قۆناغەدا دەپارێزێت ئەوەیە کەبەرامبەر بەپرسی ئاشتی زۆر بەووریایی مامەڵە بکەین ، لەقوڵی پەیامی ڕێبەر تێبگەین و پشتیوانی یەکدی بین ، هەرچی ناکۆکی نێوان لایەنەکانە( بەتایبەت لایەنەکانی باشور ) بیانخەینە لاوە ،و ببینە پێشەنگی ڕاستەقینەی ئەم قۆناغە .
چامە نێت : لەکۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ چالاکی سیاسی وپارێزەر (چرۆ شوانی) کە کاتێکی زۆری خۆیی بەئێمە بەخشی و بەوپەڕی سنگ فراوانی وەڵامی پرسیارەکانی بۆ ناردینەوە .
ْْْْْ………….تەواو…………