ژینگە و ژیان

( جەنگ و بۆردومان) دەستدرێژی گەورەی دەسەڵاتخواز و هەژمونگەراکانە بۆسەر سروشت و ژینگە

دیدارێکی تایبەت لەگەڵ پسپۆڕی تەندروستی ژینگە بەڕێز (دکتۆر کارزان عبداللەمحمد) دەربارەی کاریگەرییەکانی جەنگ و بۆردومانەکان لەسەر ژینگە :


سازدانی گفت و گۆ : سوارە مەحمود حەسەن
بەشی یەکەم
چامەنێت : ئەو شارستانیەی کە دەسەڵاتگەری سەرمایەداری جیهانی شانازی پێوە دەکات ، لەبنەڕەتدا لەسەرشانی چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەکان و ئێسک و پروسکی باب و باپیرانیان بونیاد نراوە ، هەر بۆیە کاتێک لە دەلاقەی مێژووە وە لەشارستانیەت دەڕوانین ، ئەوا جگە لەستەمی دەسەڵاتداڕان و جەنگەکانیان هیچ شتێکی دی بەدیناکەین . دەسەڵاتی سەرمایەداری تەنها جینۆساید و وێرانکاری بەرهەم هێناوە .
ئاشکرایە کە سەردەم لەدوای سەردەم بەهۆی پێشخستنی چەک و چۆڵی سەربازییەوە جەنگەکان وێرانکارییەکانیان گەورەتر و فراوانتر کردووە ، تا گەیشتووە بەو ڕاددەیەی لەڕۆژگاری ئەمڕۆماندا زۆر زیادتر لە کارگە دژەسروشت و ژینگەکانی سەرمایەداری جیهان جەنگەکان بوونەتە گەورەترین هۆکاری تێکدانی سروشت و ژینگە .
هەروەک دەبینین لەم چەند ڕۆژانی دواییدا شەڕ و پێکدادانی دوو هێزی هەژموونگەرا و فراوانخواز بەهۆی بەکارهێنانی ئاسمانی نیشتیمانەکەی ئێمەوە کەوتوونەتە وێزەی یەکدی و بە مووشەک و چەکی جۆراو جۆر بۆردومانی یەکدی دەکەن ، بەدڵنیاییەوە ئەم جەنگە کاریگەری گەورەی نەرێنی لەسەر ژینگەی جیهان بەگشتی و سروشت و ژینگەی نیشتیمانەکەی ئێمە بەتایبەتی دەبێت . لەبەر ئەوە لا پەڕەی ژینگەو ژیان لەماڵپەڕی چامەنێت بەپێویستی زانی دەربارەی ئەم جەنگە و کاریگەرییە نەرێنی یە ژینگەییەکانی ، ئەم دیدارە لەگەڵ پسپۆڕی تەندروستی ژینگە بەڕێز ( دکتۆر کارزان عبدللە محمد ) ساز بکات ، تاکو خوێنەرانی ماڵپەڕی چامەنێت بەزانیاری دروست و پێویست بەرامبەر بەم دۆخە و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵیدا ئاشنابن ، لەگەڵ ئەوپەڕی سوپاس گوزاریمان بۆ دکتۆر کارزانی ئازیز بەو پەڕی دڵسۆزانە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.
چامەنێت :
لەڕوانگەی ژینگەوە چۆن پێناسەی جەنگ بکەین ؟
دکتۆر کارزان :
ئەم پرسیارە پرسیارێکی زۆر جوانە ، جەنگ لەزۆر ڕووەوە پێناسەی هەیە ، پێناسەکان جیاوازن ، لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە ، لەڕووی دەرونییەوە ، لەڕووی سەربازییەوە ، لەڕووی سیاسییەوە ، لەڕووی ژینگەیشەوە جەنگ پێناسەی هەیە ، بەڕای من جەنگ بریتی یە لە پشێوییەکی گەورە ، کەلەکۆی سیستەمی ژینگەییدا ڕوودەدات ، ئەم پشێوییە دەبێتەهۆی لەنگ بوونی هاوسەنگی ژینگەیی ، جا ئەگەر هاوسەنگی ژینگەیی تێکچوو ئەوا کۆی سیستەمەکە بەتەواوی تێک دەچێت ، مەبەستم سیستەمی ژینگەییە ، مەبەستم ڕژێمە ژینگەییەکانە ، بۆ نمونە ئێمە لە ئیکۆ سیستەمدا دوو پێکهاتەی سەرەکیمان هەیە ، کەبریتین لە پێکهاتەی( زیندوو ) پێکهاتەی (نازیندوو) ٫ پێکهاتەزیندووەکان زیندەوەرانن ، لەمیکرۆبێکەوە بیگرە تاگەورەترین زیندەوەر کەلەپەیوەندییەکی هەم دۆستانە و هەم دوژمنانەدا دەژین و پایەیەکی گەورەی ڕاگرتنی ئەوسیستەمەن ، هەروەها پێکهاتەی نازیندوومان هەیە وەک ( خاک ، ئاو ، هەوا) ئەمانەیش بەلەنگ بوونی هەریەکێک لەو پێکهاتانە ، هاوسەنگی سیستەمەکە وەکو کورسییەک قاچێکی نەبێت دەکەوێت بەلایەکدا ، کەکەوت بەلایەکدا تەواو ئیکۆ سیستەمەکە وێران دەبێت ، کێ دەبێتە قوربانی .؟ ، ئەوانەی لەناو ئەو ئیکۆ سیستەمەدا دەژین ، کە ئەوانیش زیندەوەرەکانن ، ئەو نا هاوسەنگییە بەسەر کۆی ڕژێمە ژینگەییەکەدا دێت و لەناوی دەبات.
چامە نێت:
ئەو بۆردومانانەی نێوان هەردووک لایەنی ئێران و ئیسرائیل کەڕێڕەویان ئاسمانی باشوری کوردستانە ، چی کاریگەرییەکیان لەسەر بەرگەهەوای باشوری کوردستان هەیە ؟
دکتۆر کارزان :
ئەو مووشەکانە هەر یەکەیان چەندین کیلۆ مەتر دەبڕن ، تاکو دەگەن بەو ئامانجانەی بۆیان دەنێردرێن ، ئەم لەملا مووشەکێک دەنێرێت ، ئەو لەولاوە موشەکێک دەنێرێت ، هەمووی ئەگەری ئەوەی هەیە ، بەبەرگە هەوای هەرێمی کوردستاندا تئبپەڕێت ، هەریەک لەم مووشەکانە ووزەی دەوێت بۆ ئەوەی بگاتە مەبەست ، ئەو ووزەیەش ئەگەری ئەوەی هەیە سووتەمەنی بێت ، شل بێت یاخود ڕەق ، دواجار کۆمەڵێک دەرهاویشتەی دەبێت ، ئەو دەرهاویشتانەیش سەرەکی ترینیان گازی (co2) ە ، ڕاستە توانای بەرزە پلەی گەرمی زۆر نی یە بۆ بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی گۆی زەوی ، بەڵام دواجار هۆکارێکی سەرەکییە چونکە ئێستا هەموو دنیا گیری خواردووە بەدەست (co2) ەوە ،چونکە لەهەموو چالاکییەکی مرۆڤدا ، و لەخودی ژیانی مرۆڤ و هەموو زیندەوەرانیشدا ئەو (co2)ە دەردەچێت ، پێویستە بەڕێوە ببڕێت ، پێویستە کەم بکرێتەوە ، پێویستە ڕێک بخرێت ، ئەگەر وانەبێت ئەوا ژینگە بەرەو ئاقارێکی خراپ دەڕوات ، ئەی ئەو مووشەکانەش کەبەو سووتەمەنییە کاردەکەن ، کۆمەڵێک ماددەی ژەهر و چەندین تەن (co2) دەردەکەن، چونکە هەریەکەیان دەبینی قورساییەکی زۆر زۆری هەیە ، جاری واهەیە مووشەکێک پێنج تەن و شەش تەن و حەوت تەن و تاکو سیانزەتەنیش دەبێت ، ئەم قورساییە ووزەیەکی زۆر زۆری دەوێت ، تاکو بگەنە جێ ی مەبەست ، لەئەنجامی سووتانی ئەو سووتەمەنییەش کۆمەڵێک ماددەی وەکو ئۆکسیدی کبریت و ئۆکسیدی نایترۆجین و دوانە ئۆکسیدی کاربۆن و گازی میثەین و توخمە قورسەکان دەخزێنێتە بەرگە هەواوە ، جا هەر ماددەیەکی ژەهر کە چووە بەرگە هەواوە ، ئیتر بڵاو دەبێتەوە و هەر لەو سنورەدا نامێنێتەوە ، بۆنمونە ئەو موشەکە ڕێڕەوێکی هەیە ، ڕاستە لەو ڕێڕەوەدا بەشێوەیەکی زۆر چڕ ئەو ماددە ژەهرانە فڕێدەداتە ناو بەرگە هەواوە ، بەڵام ئەمانە دواجار بڵاو دەبنەوە و دەچنە شوێنێکی تر دەنیشن ، دەریاچەیەک پیس دەکەن ، خاکێک پیس دەکەن ، ئاو پیس دەکەن ، هەوا پیس دەکەن ، ئەم ماددانەیش سیفەتە کیمیاوییەکانیان هەیە لەشوێنێکەوە دەچن بۆ شوێنێکی تر ، ، ئەگەری ئەوەی هەیە ، دەرهاویشتەی ئەو موشەکەی لەئیسرائیلەوە دێت و ئەدات لەئێران ، یان لەئێرانەوە ئەدا لەئیسرائیل ، دواجار بنیشێتەوە ناو کێڵگەیەک و لەڕێگەی خۆراکەوە بۆ ئێمە بگوازرێتەوە ، بەڵام ئێمە پێ ی نازانین ، ئەمە سەرباری ئەوەی کەئەمانە ئەبنە هۆی ئەوەی ڕێژەیەکی زۆر لەتەنۆڵکە هەڵواسراوەکان بخەنە ناو هەواوە ، چی لەپێکانی ئامانجەکە و چی لەڕێڕەوی ڕۆشتنیا ، بەتایبەت لەپێکانی ئامانجەکەڕێژەیەکی خەیاڵی لەتەقینەوەکە ماددەی ژەهر و تەنۆڵکە هەڵواسراوەکان دەخاتە هەواوە ، کەئەمانیش لەبەر ئەوەی قەبارەیان زۆر زۆر بچوکە ، زۆر درەنگ دەنیشن ، بەردەوام لەهەوادا هەڵدەواسرێن ، ناوی خۆیان بەخۆیانەوەیە ، کاریگەرییان لەسەر ئەوەی هەناسە دەدات ، وەک مرۆڤ زیندەوەرەکان زۆر دەبێت ، بۆچی ؟ ، لەبەر ئەوەی بەبێ بەربەست دەچنە ناو جەستە و سییەکان و لەوێوە بۆناو خوێن و لەوێوە ئیتر کاریگەری بەجێدەهێڵن ، بەڕاستی دەکرێت تەقینەوەیەک لەشوێنێک ڕووبدات و لەشوێنێکی تر دەرهاوێشتەکانی کاریگەری لەسەر تەندروستی بەجێ بهێڵێت ، ئەمە جگەلەوەی کۆمەڵێک ماددەی ژەهر هەیە ، نەک هەر تەنۆڵکە بچوکەکان ، بەڵکو هەر تەنۆڵکەیەکی هەڵواسراو ئەکرێت کۆمەڵێک ماددەی ژەهری هەڵبگرێت لەگەڵ خۆیدا بەسیفەتێکی کیمیاوی کە پێ ی دەگوترێت پێکەوە لکان (adsorption) ، ئەو ماددە ژەهرە دەگوازێتەوە بۆ شوێنی مەبەست ، قسەکانم گەر کورت بکەمەوە ، بەڵێ کاریگەری زۆر خراپی هەیە ، لەسەر کەش و هەوای هەرێمی کوردستان ، بەڵام ڕەنگە کاریگەرییەکەی ئانی نەبێت ، واتە ئێستا یەکسەر کاریگەرییەکانی دەرنەکەوێت ،ڕەنگە لەماوەیەکی تردا ، ئەو کاریگەرییە لەسەر خاک و ئاو و هەوای ئێمە دەر بکەوێت ، کاردەکاتە سەر رووەکمان لەسەر ئەو چوار پایەیەی کەباسم کرد و ڕژێمی ژینگەی هەڵگرتووە ، وەک خاک و ئاو و هەوا و هەروەها زیندەوەرەکان .
چامەنێت :
چۆن لە خراپی پیس بوونی بەرگە هەوا لەم دۆخەدا خۆمان بپارێزین ؟
دکتۆر کارزان :
ڕاستییەکی تاڵ هەیە با من لێرەدا باسی بکەم ، هەندێک جار تۆ ئەگەر سیاسەتێکی ستراتیژی نەبێت لەووڵاتدا تۆزێک ئاسان نی یە کەخۆت بپارێزیت لەپیس بوونی هەوا ، تۆ لەیەک خولەکدا دوانزە بۆ بیست جار هەناسە دەدەیت ، لەیەک هەناسەدا نیو لیتر هەوا دەچێتەناو جەستەتەوە ، واتە حساب بکە لەیەک خولەکدا تۆ تێکڕا وەربگرە پانزە لیتر هەوا دەچێتە ناو جەستەتەوە ، جا ئەو پیسکەرانە کەلەئەنجامی جەنگەوە دروست دەبن ، بەتایبەتی تەنۆڵکە هەڵواسراوەکان بەئاسانی نانیشن و کێشیان زۆر کەمە ، هێزی کێشکردنی زەوی پێیان ناوێرێت ، لەئاستی هەناسەدانی ئێمە یان بەرزتردا دەمێننەوە ، دەچنە ناو هەواوە ، دێنەناو هەوای ناو ژوورەکانمان و ناو ئۆفیسەکانمان و ئێمەیش ڕۆژانە هەڵیان دەمژین ، بۆیە باشترین چارەسەرێک بۆ ئەوەی ئەم پیس بوونە کۆنترۆڵ بکرێت ئەوەیە کەجەنگ ڕوونەدات ، کەجەنگ ڕوویدا پریشکی بەر هەمووان دەکەوێت ، بۆیە هەندێک خۆپارێزی لۆکاڵی و ناوچەییش هەن ، دەتوانین لەکاتی جەنگدا نەچینە دەرەوە ، پەنجەرە نەکینەوە لەکاتی جەنگدا ، لەماڵەوە دابنیشین و بەپێ ی پێویست نەبێت نەچینە دەرەوە ، هەندێک چالاکی هەیە نەیکەین ، بەتایبەتی لەو کاتانەی جەنگەکان بەردەوامن ، بۆ ئەوەی پریشکی بەرکەوتنەکە گەورەنەبێت ، ئەگەرنا هەر گەورە دەبێت چونکە ، ئەو هەوایەی ئێمە لەناو ماڵەکانماندا هەڵیان دەمژین ، دواجار لەدەرەوەدێن ، دەرەوەیش ئەو تەنۆڵکە هەڵواسراوانەی تێدایە کەڕەنگە پریشکی شەڕەکەیان بەرکەوتبێت ، بۆیە من ناتوانم بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ بڵێم ، ئەوە میکانیزمێکە من خۆم بپارێزم ، بەڵام دەکرێت من لەشوێنێکی سەقامگیردا بمێنمەوە ، لەماڵدا بمێنمەوە ، ئەوکات بەرکەوتنەکە کەمتر دەبێت ، نەک بەرکەوتن نابێت ، بۆ ئەو بەرکەوتنە کەمانەیش هەمیشە جەستە بەجۆرێک دیزاین کراوە کە دەتوانێت زاڵ ببێت بەسەریدا .
…. ماویەتی ….

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها پشکنین بکە
Close
Back to top button