دیداری چامە

پرسی ژن لەناوەندی سیاسی جیهانی و ناوخۆییدا

بەشی دووەمی گفت و گۆی لاپەڕەی دیداری چامە لەگەڵ خاتوونی ڕۆژنامە نووس چرۆ کەرکوکیدا

بەشی دووەم و کۆتایی

لەم بەشەدا چەند پرس و بابەتێکی تری تایبەت بە دۆخەسیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و ڕۆڵی ژن تیایاندا گفت و گۆی لەبارەوەکرا ، ژنانی شەڕڤان و ڕۆڵیان  لەگۆڕینی تێڕوانینی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و ،گۆڕینی یاسایی باری کەسی لە دەوڵەتی ئێراقی فیدرالیدا دوو تەوەری گرنگی تری گفت و گۆکە بوو.

چامەنێت : ژنانی شەڕڤان لەڕۆژئاوای کوردستان تاچەند کاریگەرییان لەسەر گۆڕانکاری هەیە لەتێڕوانین بۆ ڕۆڵی ژن لەکۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ؟

چرۆ کەرکوکی : بێگۆمان و بە خۆشحالییەوە دەبێ بڵێن کە هزر و ئایدۆلوژیا لە سیستمی ڕۆژئاوای کوردستان خۆی سپاردووە بە چەمکی ئازادی ژن . بۆییە سیستمێکی فرە ڕەنگ و دیموکراتیکی نەرم و جوانە. بەڕای من ئەو سەرچاوە فکرییەی کە ئەوان بە بنەما دەیگرن بەڕەهایی شەفاف و ستراتیژییە و لەهەمان کات تاکتیکی نیە. بۆیە ئەو سیستمە لە بناغەوە لە سەر بنەمای بەشداریکردنی ژن بە ڕێژەی یەکسان داڕێژراوە. بۆیە ڕواڵەتی کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا زۆر جیاوازترە لە رەنگی کۆمەڵگەکانی تر. بنەمای بەشداریکردنی ڕەهای یەکسانی لەم گۆڕەپانەدا هێز و تواناکانی ژنانی بەرجەستەتر کردووە، هەربۆیە شۆرشی ڕۆژئاوای کوردستان لە سەرتاسەری جیهان بە شۆڕشی ژن دەناسرێت. چوون ئەو شۆڕشە بەڕاستی توانی بە تێکۆشان و ئەزموونێکی بیوێنە لەبەرچاوی جیهانەوە خۆی بەرجەستە بکات و تەواوی جیهانیش شاهدی بۆدەدات. هەروەها توانی ئەقلییەت و سیستمی دەسەڵاتی پیاوسالاری سەبارەت بە پرسی ژن بباتە ژێر پرسیارەوە و نەک تەنیا بە تیۆری بەڵکۆ بە پراکتیک، چالاکی سیاسی، هونەری، کۆمەڵاییەتی و سەربازی و لە هەموو کایەکانی تردا خۆی سەلماندووە.

چامە نێت : لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕۆڵی ژن لەپێگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریەکاندا چۆن دەبینن؟

چرۆ کەرکوکی : ئەو قەیرانەی کە جیهانی تەنیوە لە ڕاستیا قەیرانێک نیە کە تەنیا پەیوەست بێت بە یەک گۆڕەپان. چون سەرچاوەی سیستم لە سەر بنەمای دەسەڵاتدارێتی و مەرکەزگەراییە. بۆیە تیایدا نکۆڵی لە هێز و توانا فیکریی و جەستەییەکانی ژن دەکرێت و بە پشتبەستن بەو ئەقلییەتەوە ژن پەراوێزخراوە و کراوە بە کاڵایەک کە تەنیا خزمەت بە خودی سیستمەکە بکات. بەتایبەتی لە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژن لە هەر دوو گۆڕەپانی سیاسی و ئابووری پەراوێز خراوە. بە جۆرێک کە بە تەواویی وابەستەی پیاو کراوە و تەنانەت بە بێ بوونی پیاو ناتوانێت ژیان بکات، یان بە بێ ڕەزامەندی پیاو ناتوانێت لە کارێکدا دابمەرزێت. بۆیە نایەکسانی ژن و پیاو گەورەترین پرسی مرۆڤایەتیە کە زۆرتر لەم گۆڕەپانانەدا خۆی نیشان داوە و خۆی پیشان ئەدات. بۆ نموونە ئەگەر تەمەشای پەرلەمانەکانی هەر یەکە لە وڵاتانی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بکەین، دەبینین کە ڕواڵەتێکی تەواو پیاوانەی هەیە. یان تەمەشای پەرلەمانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین، لەناو پارت و لایەنە سیاسیەکان ڕێژەیەکی کەم لە ژن بەرچاو دەکەون و ئەگەر هەشبن بێکاریگەرین. ئەگەر نمونەیەکی وردتر بێنینەوە، دەبینین کە لە ناو پارتی دیموکرات و بەتایبەتی لەناو بنەماڵەی بارزانی تا ئێستا ڕووی یەک ژنیان نەبینراوە. ئەو ڕێژەییەی ژنیش کە لەناو دەسەڵاتدا بوونیان هەیە ، زۆربەی جار وەک کاڵا لێیان دەڕوانرێت. بۆیە کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو رەوشێکی کۆمەڵایەتی نادیار هەنگاو دەنێن کە ئیدی ناتوانن تاکی تەندرووست بەرهەمبێنن.

چامە نێت :  ڕۆڵی ژن لەکایەی سیاسی باشوری کوردستان چۆن دەبینن؟

چرۆ کەرکوکی : گۆڕەپانی سیاسی لە باشووری کوردستان هێشتا وەک گۆڕەپانێکی بێلایەن و تەندرووست و سەربەخۆ بۆنیاد نەنراوە. بۆیە هەموو پارت و لایەنە سیاسیەکانی ڕکابەری پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانیش ناتوانن بە پێی دەنگ و ئەو کورسیانەی کە بە دەستیان هێناوە بەشداری لە ئاڕاستەکردن و بڕیارداندا بکەن. چون لە باشووری کوردستان تەنیا دوو پارت ڕێگەیان پێدراوە کە بوونیان هەبێ و فەرمانڕەوایی بەسەر کۆمەڵگاوە بکەن کە بە پارتی و یەکێتی ناسراون. ئەم دوو پارتیە تەنانەت ئامادەش نین لە ئەزمونی کۆمەڵگا و دەسەلاتدارانی تر سوود وەربگرن و سیستمێکی تەندروست دابمەرزێنن. بۆیە هیچ لایەنێکی سیاسی و پارت و تاکە کەسیش لە ناو گۆڕەپانی سیاسی باشووری کوردستان پارێزراو نیە. بە تایبەتی خودی ژن لە ناو ئەم سیستمە سیاسیەی باشووری کوردستان پارێزراو نیە، بۆیە زیاتر لە هەوڵدان بۆ بەشداری کردن، هەوڵدانێکی تر هەیە بۆ خۆپاراستن و خۆگونجاندن، هەتا نەکەونە ناو ئەم سیستمەی کە نەتوانن تیایدا خاوەنداریی لە خۆیان و بیروباوەڕیان بکەن. بۆیە ڕووی گۆڕەپانی سیاسی سیستمی باشوری کوردستان یەکجار ڕەگەزپەرەستانەیە و ڕەنگی پیاو تیادا بەڕەهایی بەرجەستەیە. ئەمەش خۆی هاوکارە بۆ تێگەیشتن لە رەوشی سیاسی و ئابوری باشوری کوردستان. ڕۆڵی ژن لە ناو ئەم گۆڕەپانە تەنیا پێکهێنانی فەرمان و کاری ڕۆژانەی ناوەندەکان و ڕاپەڕاندنیانە. وەک ڕەخنە دەبێ بڵێم کەم نین ئەو ژنانەی خەڵکی باشووری کوردستان کە خوێندنی باڵایان تەواوکردووە و کە دەیانتوانی لە ناو سیستمی وڵاتانی تر ژنانی نمونەیی بن و بە تایبەتی لە باشوری کوردستانیش دەیانتوانی خاوەنی پێگەی فکری ستراتیژی بن.

چامە نێت / ئەو گۆڕانکارییەی لەم ڕۆژانەی پێشوودا لەیاسای باری کەسێتی دەوڵەتی ئێراقدا کرا، چۆن هەڵیدەسەنگێنن؟

چرۆکەرکوکی : دەبێت بوترێت کە دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان هەر لەسەرەتاوە خۆیان و دەسەڵاتی هەرێمەکەیان دەستەمۆی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا کردووە. لەم وڵاتەدا سیستمێکی هاوبەش و نەتەوەیی کە هەڵگری خالی سوور بێت، بوونی نیە و هیچ دەرفەتێکی بۆ نەهێڵراوەتەوە. بۆیە لە رەوشێکی وەها کە تەواوی کۆمەڵگا و هێز و لایەنەکانی تر کە سەرقاڵی خۆگونجاندنن لە گەل سیستمێکی هاوبەش و ستاندارد لە جهیانا، دەرفەتیان نیە کاریگەری دابنێنن، چونکە دەسەڵاتی بنەماڵەیی لەم وڵاتە کە خۆیان وابەستەی تاران و ئەنکەرە کردووە، لەدوای ساڵی ۲۰۰۳وە دەرفەتیان خوڵقاند کە لەڕێی ئەوانەوە دەستبگرن بەسەر ئاڕاستەکردنی سیاسەتی بەغدا و هەرێمی کوردستان بکرێت بە نمونەی بالا، دواجار توانیان لەڕێگەی پارت و قەوارەی هاوشێوەی ئەوانیش لە بەغدادەوە تەواوی کۆمەڵگای ئێراقی بگێڕنەوە بۆ ۱٤۰۰ ساڵ لەمەوبەر کە لە هیچ جێیەکی جیهان جگە لە ناوچەی وەک ئەفگانستان و هەرێمی بن ڕکێفی گروپە مەزهەبییە توندڕەوەکان بوونی نەماوە و ئەوەش گەورەترین بێڕێزییە بە ژن و ماڤەکانی ژن.

نابێ و ناکرێ چ دەسەڵاتدارانی ئێراقی و چ دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان بە بێ ڕەزامەندی کۆمەڵگا سیستمێک دابمەرزێننن کە بە درێژایی مێژوو خۆی پاراستووە و ئەو دەیەوێت بە فڕکانێک تەواوی کۆمەڵگا بخەنەوە ژێر ڕکێف و ویستی لایەنی پاوانخوازی دەرەکی کە بە پلان ئەو ڕەوشە ناسەقامگیرییە لە تەواوی ئێراقدا دەخوڵقێنن. لەو کۆمەڵگایەدا هەزاران قوربانی دراوە و دەدرێت، نابێت و قبوڵناکرێت کە بەبێ ڕەزامەندی ژن لەو وڵاتەدا سیستمێکی کۆنەپارێزی دواکوتوو و مەترسیدار بەسەریاندا بسەپێنرێت. هەمواری یاسای باری کەسێتی ئێراقی هیچ ماڤێک بۆ ژن ناهێڵێتەوە. یاساییەکی نادیموکراتیکە و گەورەترین بێ ڕێزییە بە ئەقڵ و جەستەی ژن و تەنیا مەبەست لێی بەشەرعیکردنی بازرگانیکردنە بە ژنەوە. ئەم یاسایە گەورەترین مەترسییە بۆ گەشەکردن و پەروەردەکردنی نەوەی داهاتوو، هەر بۆیە بە یەک دەنگی دەبێت لە بەرانبەر ئەم یاسایە بوەستینەوە و لەبەریەک هەڵیبوەشێنینەوە.
– لەکۆتاییدا ماڵپەڕی چامەنێت سوپاس و پێزانینی زۆری هەیە بۆ خاتوونی بەڕێز چرۆ گەرکوکی کەکاتی خۆیی پێ بەخشین

 

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button