کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری لە سلێمانی دژ بەئەهلی کردنی کەرتی تەندروستی هاتەدەنگ
کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری ئێوارەی ئەمڕۆ ٢٠٢٥/١/١٠ لەباخی گشتی سلێمانی دژی بەئەهلی کردنی کەرتی تەندروستی پرێس کۆنفرانسێکی سازدا
لەبەیاننامەکەی کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری کە لەپرێس کۆنفرانسەکەدا خوێندرایەوە و وێنەیەکی دەست چامە نێت کەوتووە ، ڕەخنە لەحکومەتی هەرێم دەگرێت و بەرپرسیاری دەکات بەرامبەر بەدابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ هاونیشتیمانیان ، و ڕەخنە لەسیاسەتی برسی کردن و هەژارکردنی هاوڵاتییان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دەگرێت ، کەدۆخی نەداری باڵی بەسەر هاووڵاتیاندا کێشاوە و کات هەیە بەسێ مانگ مووچەیەک بەهاووڵاتیان نادرێت ، ئالەوکاتەدا حکومەت کەرتی تەندروستی دەکات بەئەهلی ، لەبەشێکی تری بەیاننامەکەدا ئەهلیکردنی کەرتی پەروەردە و تەندروستی پێکەوە گرێ دەداتەوە و ودەڵێت حکومەت دەیەوێت خەڵکی هەژار و نەدار لە سەرەتایی ترین مافەکانی بێبەش بکات و مەحکومیان بکات بەمەرگێکی لەسەرخۆ ، لەکۆتایی بەیاننامەکەدا کۆنگرە ئازادی و گۆڕانکاری داوا لەتەواوی خەڵکی کوردستان دەکات پەیوەندی بەم کەمپینەوە بکەن لەپێناوی ناچارکردنی دەسەڵات بەدابینکردنی بیمەی تەندروستی .
دەقی بەیاننامەکە :
دەسەلات بەرپرسە لە دابینکردنی بیمەی تەندروستی بۆ هاوڵاتیان، نەک بازرگانی کردن بە ژیانیانمانەوە!
لە جەرگەی ئەو بارودۆخەدا کە بێکاری و هەژاری و نەداری تەنگی بەژیان و گوزەرانی خەلکی کوردستان هەڵچنیوە، لە ڕۆژگارێکدا کە بە سێ مانگ جارێک مووچەیەک نادرێت.
دەبینین کە چۆن وەزارەتی تەندروستی
لەژێرناوی چاکسازیدا گرێبەستێکی دە ساڵە لەگەڵ کۆمپانیایەکی وەهمیدا واژۆ دەکات و چاڵێکی تر بۆ دفنکردنی جەستەمان هەڵئەکەنێ.
بە دڵنیای ئەمە تەنیا هەنگاوێکی سەرەتاییە بۆ پەلکێشانی کەرتی تەندروستی بۆ ئەهلی، وەک ئەوەی کە پێشتر لەبواری کەرتی پەروەردەدا بینیمان کە زۆربەی زۆری خۆێندنگەکان کرانە گەرتی تایبەتی، بەم شێوەش دەیانەوێت خەلکی هەژارو نەدار لە سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان بێبەش بکەن و مەحکومیان بکەن بە مەرگێکی لەسەرخۆ!
لە کاتێکدا کە تەنانەت لە ژێر سایەی دەسەلاتە فاشیەکەی پێشودا ئەم دوو کەرتە حکومیە بێ بەرامبەر بوون.
کەچی دەبینین کە چۆن لەم ڕۆژانەدا وەزیری تەندروستی دان دەنێت بە سپاردنی بەشێک لە کەرتی تەندروستی
بە کەرتی ئەهلی، کەئەمە هیچ شتێک ناگەیەنێت جیاواز لە بازرگانی کردن بە ژیانی هاوڵاتیانەوە لەژێر ناوی «چاکسازی»دا.
بۆیە لەمبارەوە دابینکردنی بیمەی تەندروستی خۆڕایی بۆ هەموو هاوڵاتیان پێش مەرجی هەر چاکسازییەکە کە دەسەڵات ئیدیعای بکات،بەدەر لە بوون و نەبوونی کەرتی حکومی یا تایبەتی !
هەموومان دەزانین کە لەم کۆمەڵگایەدا سامان و سەرچاوەی مادی هێندە زۆرە کە تەنیا نەوت و گازو سەرچاوە سروشتیەکان کافیە بەڕێژەیەک کە پێویست نەکات تەندروستی ژیانی هاولاتیان بازرگانی پێوە بکات.
بەپێچەوانەوە ئەوە ئەرکی سەرشانی دەسەلاتە کە بیمەی تەندروستی بۆ هەموو هاوڵاتیان دابین بکات، نەک ئەوەی بازرگانی بە تەندروستی و ژیانیانەوە بکات.
بۆیە جێگەی خۆیەتی هەموومان مشتی گرێدراومان بەرزکەینەوەو یەکگرتوانەو بەتووندی وەڵامی ئەم دەستدرێژیانە بدەینەوە، تالەڕێگەی فراوان کردنەوەی نارەزایەتیەکانمانەوە بەربەستێکی کاراو گەورە دژ بەم بێ دەربەستیەی دەسەلات بەرپا بکەین و ناچاریان بکەین بە پاشەکشە لەم پلانە وەیشوم و ستەمکارانەیە.
هەر لێرەشەوە تەواوی خەلکی کوردستان بانگەواز دەکەین بۆ پەیوەست بوون بەم کەمپەینەو ناچارکردنی دەسەلات بە دابینکرنی بیمەی تەندروستیمان!
کۆنگرەی ئازادی و گۆڕانکاری
١٠/١/٢٠٢٥