ژنی ئازاد بناغەی بەختەوەری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یە؟
بەشی چوارەمی گفتو گۆی چالاکی سیاسی و پارێزەر چرۆ شوانی لەگەڵ لاپەڕەی دیداری چامە
لەم بەشەدا دۆخی ژن لەسیاسەتی نێو دەوڵەتی و کاریگەری ئازادی ژن لەسەر ئازادی تاکی کۆمەڵگە ، هەڵسەنگاندن بۆ پەیامی 8ی مارسی بەڕێز ئۆجەلان تەوەری گفت و گۆکان بوو.
چامە نێت : دۆخی ژن لەسیاسەتی نێو دەوڵەتیدا چۆن دەبینن ، و پێگەی ژن لەناو ئەو سیاسەتە نێودەوڵەتییەدا چی یە؟
چرۆ شوانی : پێشتر ئاماژەمان بەوەدا و گوتم تائێستا لەچوار چێوەی سیاسەت و بابەتی کۆمەڵایەتیدا ژن توانیویەتی لەهەموو قۆناغەکاندا پێگەی خۆی هەبێت و جێگەی خۆی بکاتەوە ، لەچوارچێوەی نێودەوڵەتیشدا ئەمڕۆ دەبینین لەهەموو ئەو شۆڕشانەدا کەژن خەبات و تێکۆشانی بۆکردوون ، بەدرێژایی شۆڕشی ژنان لەهەموو جیهاندا ، دەتوانین بڵێین ژنان توانیویانە هەنگاو بنێن بەڵام من هەمیشە دەڵێم ، هەرچەندە ئێمەیمژنهەنگاوەکانمان بۆ بەرەو پێشەوەچوون ناوە، بەڵام ئێستایش تاڕڕادەیەکی زۆر هەژموونی دەسەڵاتگەری پیاوسالاری بەسەرژنانەوەهەیە ، چونکە ژن تائێستایش لەفۆرمە جیهانییەکەیشیدا نەیتوانیوە سەد لەسەد خۆی لەکۆتی پیاو سالاری ڕزگار کردووبێت ، هەژموونی پیاوسالاری باڵی بەسەر دۆخەکەداکێشاوە ، بەبڕوای من هەتا ژنان بەتەواوی خۆیان لەهەژموونی پیاوسالاری ئازاد نەکەن ، ئەوا ناتوانین بڵێین ژنان لەئاستی نێو دەوڵەتیدا ئازادییان بەمانا تەواوەکەی خۆی بەدەست هێناوە ،ژنانێک دەبینین لەناو سیاسەتدا کار و تێکۆشان دەکەن ، پێگەیەکی باشیان هەیە توانیویانە تائاستێک بەرەوپێشژبچن ، بەڵا هێشتا نەگەیشتوونەتە ئاستێک کە لەپێگەی پێویست و شایستەی خۆیاندا بێت ، هەروەک ڕێبەر ئۆجەلان لەپەیامەکەیدا کە بەبۆنەی هەشتی مارسەوە ئاراستەی ژنانی جیهانی کرد ، پەیامەکەی تەنها ئاراستەی ژنانی کورد نەبوو بێگومان بۆ ژنانی هەموو جیهان بوو ، تێیدا دەڵێت ( ئێوە لەهەموو ئەو خەبات و تێکۆشانەی کردووتانە و تائێستا بەردەوام بوونە کارێکی باشە ، بەڵام ئەوکار و خەباتەی کە کردتان تائێستا گەیشتووەتە لەسەدا دە لەو خەباتە ، واتە لەسەدا دەتان پێکاوە ، هێشتا زۆرتان ماوە بگەن بەو ئاستە کەبڵێن ئێمە بەڕاستی وەکو ژنانی ئازاد توانیومانە هەنگاوەکانی خۆمان بنێین ) ، کەواتە هەروەک بەڕێز ئۆجەلان دەڵێت ئێمە تائێستا ئەوە بڕیومانە لەسەدا دەی ئەو ئەنجامەیەکەپێ ی گەیشتووین .
چامەنێت : ئازادی ژن کاریگەری لەسەر ئازادی تاکی کۆمەڵگە چی یە؟
چرۆ شوانی : ڕێبەر ئۆجەلان دروشمێک یاخود بڵێم ووتەیەکی هەیە کە دەڵێت (تاژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت )یاخود دەڵێت (کۆمەڵگەی ئازاد واتە ژنی ئازاد ) کاتێک کەئێمە باسی ئەوە دەکەین چۆن ئازادی ژن کاریگەری لەسەر ئازادی تاک دەبێت ، چۆن دەتوانین بەخێزانێک بڵێین خێزانێکی ئازادە ،، بێگومان کاتێک بتەوێت کۆمەڵگەیەکی ئازاد بونیاد بنێیت دەبێت دەبێت لە خێزانی ئازادەوە دەست پێ بکەیت ، خێزانی ئازاد نەوەی ئازاد پێشکەش بەکۆمەڵگە دەکات ، بێگومان ئەوەی نەوەی ئازاد پەروەردە دەکات دایکێکی ئازادە ، هەر لەگۆش کردن و شیر پێدانەوە بیری ئازاد لەمنداڵەکەیدا دەچێنێت ، ئەوەی دەربارەی ژنی ئازاد باسم کرد کە ژنی ئازاد کێ یەو چۆن پێناسەی بکەین ، لێرەدا ئیتر ڕوون دەبێتەوە ، ژن گەیشتە ئەم قۆناغە ئەوا دایکێکی ئازادە ، کاتێک دایک ئازادبێت ، ڕۆڵەکەی لەسەر بنەمای ئازادی پەروەردە دەکات ، ئازادییەکی دروست کە سوودی بۆ کۆمەڵگا هەبێت ، ئازادیەک کەئاشتەوایی و دیموکراسی هاوسەنگی لەناو کۆمەڵگەدا دروست بکات و بەبنەمای بگرێت ، ، کەواتە کاتێک کە دایکێکی ئازاد هەبێت ئەوکاتە تاکەکانی خێزانیش بەئازادانە پەروەردەدەبن ، ژنێکی مامۆستا کەلەسەر بنەمای ئازادی پەروەردەکرابێت گەیشتووبێت بەو قۆناغەی کە بە ژن بوونی خۆی کاری مامۆستایی بکات ، وەکو ژنێکی ئازاد لەپێگەکەی خۆیدا خوێندکارەکانی لەسەر بنەماکانی ئازادی و ئاشتەوایی و دیموکراسی پەروەردە دەکات ، چونکە کاریگەری خۆی لەسەر یەکە بەیەکەی خوێندکارەکانی بەجێدەهێڵێت ، ژنێک لە نێو دام و دەزگای فەرمانگەیەکدا کە کاتێک وەک ژنێکی ئازاد بەخاوەن بوونی ئیرادە و بوێری خۆی لەسەر بنەمای هزری ئازادانەی خۆی بەو پەڕی متمانە بەخۆکردنەوە ، لەفەرمانگەکەیدا کارەکانی ئەنجام دەدات ، کاریگەری لەسەر تاکەکانی دەور و بەری خۆی دروست دەکات ، هەر بۆیە دەڵێین کەژن بەئازادانە پەروەردەکرا و گەیشت بەوەی کە ئازادی خویی ناسی و بەئازادانە کاریکرد و هەنگاوی نا ، ئەوە بێگومان کاریگەری لەسەر تاک بەتاکی کۆمەڵگە دەکات ، لەکۆتاییدا کۆمەڵگەیەکی ئازاد بونیاد دەنرێت ، ئیتر لەو کاتەدا دەتوانین بڵێین ژن ئازادە بۆیە کۆمەڵگە ئازادە .
چامەنێت : بەڕێز ئۆجەلان بەبۆنەی هەشتی مارسەوە پەیامێکی ئاراستەی ژنانکرد ، بەگشتی هەڵسەنگاندنتان بۆ پەیامەکە چی بوو؟
چرۆ شوانی : سەبارەت بەپەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان ، ئێمەی ژنان بابیهێنینەوە بەرچاوی خۆمان ، ڕێبەرێک ، بیرمەندێک بیست و شەش ساڵ لە زینداندا لەسەر دۆزی ڕەوای گەلەکەی زیندانی کراوە ، ئەوە بۆ شەش ساڵ دەچێت گۆشەگیر کراوە ، ئەو لەتەمەنێکدا زیندانی کرا داوی سپی لە قژیدا نەبووە ، ئێستا هەرچی مووی ڕوخساری هەیە بووە بەکلوی بەفر ، هێشتا سەرباری ئەوە لەگەڵ پەیامی ئاشتی بۆ گەلەکەی ، پەیامێکی تایبەت بۆ ژنان دەنێرێت ، ئەم ڕێبەرە لەناو ئەو تەڤگەرەدا کەخۆی بونیادنەر و دروستکەرییەتی بەکردار پێگەی ڕاستەقینەی ژنی نیشاندا ، ئەرتەشی سەربەخۆی بۆ دامەزراندن ، پێ ی گوتن ئێوە دەبێت بەژن بوونی خۆتان خەبات بکەن لەناو ئەم تەڤگەرەدا ، کاتێک باسی هەر لایەن و پارتێک دەکەین ، کەدێتە سەر باسی ژنان لەناو ئەو لایەن و پارتانەدا ، بەڕێژەی دیاریکراو ژنان دەبینین ، بەڵام کامە ژن ؟ ئەوژنانەی کەنەیان توانیوە لەژێر هەژمونگەری دەسەڵاتگەری و پیاوسالاری خۆیان ڕزگار بکەن ، بەڵێ ئەوان لەڕواڵەتدا ژنن ، بەڵام زۆربەی کات لەژێر کاریگەری پیاو سالاری و دەسەڵاتگەریدا لەشێوازی ژندا بەدیار ناکەون ، چونکە نەیانتوانیوە لەژێر هەژموونی دەسەڵاتگەری ڕەها و پیاوسالاریدا دەرباز ببن ، بەڵام لەکاتێکدا باس لە ڕێبەر ئۆجەلان دەکەین دەبینین لەناو تەڤگەرەکەی خۆیدا ، بەڕاستی ژنی سەربەخۆ کردووە ، بەکردار پێگەی ڕەوای ژن دەبینیت ، لەپاشی بیست و شەش ساڵ زیندانی و گۆشەگیری ، ئەو هێشتا لەخەمی ئازادی ژن و پێگەی ژن و خەباتی ژناندایە ، ئەو پەیامێکی بەبۆنەی هەشتی مارسەوە ئاراستەی ژنان کرد ، کەباس لەدۆخی ژن دەکات ، باس لەپێگە و تێکۆشان و خەبات و حەقیقەتی دۆخی ژن دەکات ، ئەو لەزیندانەوە ئاگاداری نەهامەتیەکانی ژیانی کۆی مرۆڤایەتی و بەتایبەتیش دۆخی ژنانە ، سەرەڕای ئەو هەموو گۆشەگیری و دۆخەناهەموارەی زیندانی خۆی ، ئەو دووبارە باس لەوەدەکات کەژنان بەردەوام خەباتیان کردووە ، بەڵام خەباتەکەیان هێشتا لەسەدا دەی ئامانجەکانی نەپێکاوە ، جگەلەوەیش لەناو گۆشەی زیندانەوە سەڕای دۆخی زێندانی بوون ئەو هەست بەناکۆکی و کەم وکوڕی دۆخی ژنان دەکات ، بۆیە ئەگەر وەک ژنان بمانەوێت خۆمان ئازاد بکەین دەبێت خۆمان لەو ناکۆکی و کەم وکوڕییانە دەرباز بکەین ، پەیامەکەی ڕێبەر ئۆجەلان بەڕاستی پەیامێک بوو ، واتای قووڵی هەبوو ، هەروەکو چۆن لەپەیامە گشتییەکەیدا واتایەکی قووڵی هەبوو ، کەسانی خۆیی دەویست لێیان تێبگات ، ئەم پەیامەیشی کەئاراستەی ژنانی کرد ، پەیامێک بوو ووشە بەووشەی بەقووڵی بیری لێ کردوونەتەوە ، بۆیە ئەگەر بمانەوێت لەو پەیامە تێبگەین بەڕاستی دەبێت لەمێژووی خۆمان و لەخود بوونی خۆمان و حەقیقەتی ژن بوونمان زۆر ڕابمێنین و بەقووڵی لێی تێبگەین ، لەپەیامەکەیدا جارێکی دی پێمان دەڵێتەوە کە بگەڕێینەوە بۆ حەقیقەتی خۆمان ، بۆ ژن بوونی خۆمان ، کەمووکوڕییەکانمان چارەسەر بکەین ، و ئەوەیش کەپێ ی گەیشتووین بیانپارێزین ، بەڕاستی پەیامێکە ئەمڕۆ لەسەر هەر ژنێکە کەدەبێت بەڕۆحی ژن بوونی خۆی پێشوازی لێ بکات ، من وەکۆ خۆم بەڕۆحی ژن بوونی خۆم پێشوازیم لەو پەیامە کردووە ، بەڵێن و سۆزی خۆمم داوە کەلەسەر ئەو بنەمایە و ئەو ڕێبازەی ئێمە بمانەوێت بەڕاستی خەبات و تێکۆشان بکەین ، ئەبێت لەسەر فەلسەفەی زانستی ژن بوون ، کەمڕۆ لەسەر ئەو فەلسەفە و پارادایمە ژنانێک هاتنە بوون ، ژنانێک بەژن بوونی خۆیان زانستێکیان پێک هێنا کەزانستی ژنلۆژییە ، کە؟حەقیقەت و ئیرادە و خودبوونی ژن نیشان دەدات و مرۆڤپەروەردە دەکات لەسەری ، کەواتە ئێمە دەبێت بەقوڵبوونەوە لەو زانستە و بەو ڕۆحیەتەوە پێشوازی لەپەیامەکە بکەین و هەنگاوەکانمان لەو ساتەوە تا گەیشتن بەئامانجەکانمان ، خەبات و تێکۆشانی بۆ بکەین .
……..ماویەتی ……