ژنی ئازاد بناغەی بەختەوەری کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی یە
گفت وگۆیەک دەربارەی ڕۆڵی ژن لەکۆمەڵگەدا لەگەڵ پارێزەر و چالاکی سیاسی ( چرۆ حسێن شوانی )
بەشی یەکەم :
چامەنێت : لەمێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا ، لەسەردەمێکدا کە شارستانێتی ڕاستەقینە بریتی بوو لەو شارستانییەتەی دوور بوو لە چەوساندنەوەی مرۆڤ و دادپەروەری بنەمای پەیوەندی نێوان مرۆڤەکان بوو ، لەوکاتەدا کۆمەڵگەی مرۆیی سادە و ساکار و پڕ لەجوانی بوو ، بەرهەمهێنانی مرۆڤ بریتی بوون لەو بەرهەمانەی پێویستیەکان هێنابوونییە ئاراوە و نە زیادە بەرهەم هێنان هەبوون و نەکڕین و فرۆشتن ، بەرهەمەکان سادەو ساکار بوون ، بەڵام ژینگە تەندروست و خاوێن بوو ، چاوچنۆکی لەبەرهەمهێناندا نەبوو ، بەکورتی و بەکوردی کاڵا بەقەد باڵا بوو ، ئەم سەردەمە مێژوویەکی دوور و درێژی سەروەری ژن و جوامێری و کارامەیی ژنان بوون لەنێو کۆمەڵگە سەرەتاییەکانی مرۆڤایەتیدا کە تیایدا بونیادنەر و ئافرێنەری سەرجەم ئەو پێویستیانەبوون کەبەهۆیانەوە ، کۆمەڵگەسەرەتاییەکانی زاگرۆسی قەڵەمباز و ڕاچڵەکینی زۆریان دا ، هەرلەداتاشینی بەردە وە کە سەری ڕم وچەکەکانی بەر خودێری بەرامبەر بەجەنگی ئاژەڵ و دڕندەکان و بۆڕاوکردن بەکاردەهات ، تاگەیشتن بە ماڵی کردن و دەستەمۆکردنی ئاژەڵەکان بۆسوود وەرگرتن لە شیرو گۆشت و وەچەخستنەوەیان ، ئەمە سەرەڕای هاوبەشی پێکردنی بەشێکی زۆری ئاژەڵان لە ئەرک و کارو چالاکی مرۆییدا ، هەروەک دیتنەوەی پیشەی کشت و کاڵکاری و نیشتەجێ بوونی مرۆڤ و بونیادنانی خانوی قوڕین ، ئەوانەی لەپێشەوە باسکران و دەیان ئافراندنی تر لە ئافراندنە دەگمەنەکانی ژنان بوون ، بەڵام کامە ژن ؟ بێگومان ئەو ژنانەی کۆمەڵگەی کوردەواری کەپیرۆز و داد پەروەر و خاوەن هێزی پێشەنگی کۆمەڵگە بوون و ئیتر ئەو سەردەمە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بەمێژووی دایک سالاری ناسێنرا . ژن قەڵغانی پارێزگاری کۆمەڵگە و ئەقڵی کۆمەڵگە و توانا ی لێهاتوویی کۆمەڵگە بوو ، کەبەداخەوە ، بەهۆی سەرهەڵدانی خواستی دەسەڵاتگەری پیاوانی شامان و فرتوفێڵەکانیان بۆ وەدیهێنانی دەسەڵاتگەری پیاوان ، ئەو دۆخە زێڕینەی مرۆفایەتی بەپیلاگێڕی دەسەڵاتگەری شکستی پێهێنرا و قۆناغی چاوچنۆکی مرۆڤەکان بۆ چەوساندنەوەی یەکدی و بونیادنانی شارستانێتی درۆزن و قێزەوون دەستی پێکرد .
ئیتر هەنگاو بەهەنگاو بەهۆکاری دڕندەیی دەسەڵاتداران پێگەی ژن پاشەگشەی کرد . دۆخی مرۆڤایەتی شێوا ، لێرەوە ئیتر کوشتن و بڕین و وێرانکاری جێگەی هەموو شتێکی گرتەوە ، پێگەی ژن وەلانرا و لەدووتوێی کۆیلەکردندا گەمارۆ درا ، خواستی ئازادبوونی ژن لەئێستادا خواستێکە لەپێناوی سڕینەوەی توندو تیژییەکانی دەسەڵاتدارە پاوان خوازەکان ، هەربۆیە لە مێژووی تێکۆشانی شۆڕشی ئازادی و بەرگری ڕەوادا بەڕێز ئۆجەلان بەبایەخ پێدانی زۆرەوە لەخودی ژن و ڕۆڵی ژن و چالاکیەکانی ژنانی ئازاد بۆچارەسەری دۆزی
گەلی کورد و گەلایەلانی جیهان دەڕوانێ.
بۆتاو وتوێکردنی دۆخی ژن و ڕۆڵی ژنی ئازاد لەبنیادنانی کۆمەڵگەی ئازاددا لەسەر بنەمای هزری بەڕێز ئۆجەلان ، گفت وگۆی چامەی ئەمجارەمان ، بریتیە لە سازدانی گفت و گۆیەک لەگەڵ پارێزەر و چالاکی سیاسی خانمی بەڕێز ( چرۆ حسێن شوانی) .
وێڕای سوپاس و پێزانینمان بۆ بەڕێزیان کە بە سنگ فراوانییەوە وەڵامی پرسیارەکانمانی دایەوە .
سەرەتا با بەم پرسیارە دەست پێ بکەین :
بەڕای بەڕێزتان لەهزری بەڕێزئۆجەلاندا ژنی ئازادکێ یە؟
چرۆ شوانی :ڕێبەر ئۆجەلان جیاواز لەهەموو بیرمەندان وکۆمەڵناسان و ئەوانەی لەچوارچێوەی ژنی ئازاددا گفت و گۆ یان کردووە ، یان ووتار و لێکۆڵینەوەیان هەبووە ، کاتێک دەگەڕێینەوە بۆ نووسین و لێدوانەکانیان دەبینین لەژێر هەست و سۆزێکی پیاو سالاریدا باسیان لەژن کردووە ، بەواتایەکی تر چەندە باسی ئازادی ژنیان کردووە ، و هەرچەندە ئەم کەسانە باس لەمافی ژن و ئازادییەکانی ژن دەکەن ،بەڵام هێشتا مرۆڤناتوانێت هەست بەوەنەکات کە ئەم کەسانە هێشتا خۆیان لەکۆت و بەندی ئەقڵی پیاو سالاری دەرنەچوون ، ئەمەیش لەبەر ئەوەی لەچوارچێۆەی کۆمەڵگەکەی خۆیدا ، یان کەمێک لەپێش ئەوسەردەمەی خۆیدا ئاشنای لێکۆڵینەوەیەک یان مێژوویەک بووە کە هێشتا ئەو لێکۆڵینەوەیە یان ئەو مێژووە لەپابەندی بەپیاوسالاری دەرنەچووە ، بەڵام کاتێک کەدێینە سەر هزری بەڕێز ڕێبەر ئۆجەڵان ، ئەو وەکو بیرمەندێک کاتێک کەباس لە ئازادی ژن دەکات ، دەگەڕێتەوە بۆناو قوڵایی هەزاران ساڵی مێژوو ، لەهەناوی مێژووەوە ڕاستەقینە شاراوەکان بەردەست دەخات ، ئەو دەیەوێت ، پێناسی ڕاستەقینەی ژن لە ناخی مێژووەوە شیتەڵ بکات و بیانخاتە ڕوو بۆئێستا و داهاتوو .ئەودەگەڕێتەوە بۆ ئەو گۆمەڵگەیە کە پێ ی دەگوترێت کۆمەڵگەی دایکایەتی ، کەژن لەو کۆمەڵگەیەدا و لەوسەردەمەدا لەچی پێگەیەکدا بووە ، بەڕێز ئۆجەلان ئەوەمان بۆ شی دەکاتەوە کەژن لەوسەردەمانەدا لەپێگەی خوداوەندیدا بووە و وەک خوداوەند لێیان ڕوانیوە ، ئەمەیش لەبەر ئەوەی کەژن هەمیشە لەهەوڵی جوانکردنی کۆمەڵگەدا بووە .
ژن بەمیهرەبانییەکەی و بەداهێنانەکانی ، بەبونیادنانەکانی و لێبوردەییەکانی ، بەدۆزینەوەکانی بۆ هەر بابەتێک کەخزمەت بەکۆمەڵگە دەکات ، ئێمە کەکاتێک باسی ئەوە دەکەین کەدەڵێین :
کێ بوو کەیەکەمجار کۆمەڵگەی بونیادنا ، شارستانیەتی هێنایە بوون ، دەبینین لەسەردەستی ژن بووە ،ژن کەهەوڵێدا مرۆڤەکان پێکەوە لەگەڵ یەکدیدا کۆبکاتەوە لەچوارچێوەی خێزان و کڵاندا ، دیتنەوە و ماڵی کردن و دەستەمۆکردنی ئاژەڵ بۆ بژێوی ژیانی مرۆڤ و دیتنەوەی جۆر و ڕەگەزی گژ و گیا و ڕووەکەکان چی وەک خۆراک یان وەک چارەسەری پزیشکی بەکارهێنانیان ، هەروەها دیتنەوەی کشت و کاڵ و هەربەو هۆیەیشەوە نیشتەجێگردنی مرۆڤ و دیتنەوەی سەرەتایی ترین پێویستییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ ، وەک قاپ و قاچاخ و کەل و پەلی پێویست ، هەموو ئەمانە لەسەر دەستی ژندا بوو ، بۆیە ئەتوانین بڵێین کەکاتێک ژن لەم پێگەیەدابووە هەمیشە لەخزمەتی کۆمەڵگە و ڕێکخستنیدا بووە ، بەجۆرێک کە قوربانیدەر بووە ، میهرەبانییەکەیشی لەسەرووی هەموویەوە بووە ، هەربۆیە گەیشتووەتە پلەیەک کەپلەی خوداوەندی بووە ، دیارە مەبەست لەپلەی خوداوەندی ئەوە نییە کەوا ژن پەرسترابێت ، بەڵکو مەبەست لەوەیە کەکاتێک باس لە خوداوەند دەکەین باسی سیفەتەکانی خوداوەند لەمیهرەبانی و دادپەروەری و بەخشندەیی دەکەین ، ژن لەو پێگەیەدا بووە میهرەبان و بەخشندە و دادپەروەر و قوربانی دەر بووە ، بۆیە لەپلەی خوداوەنددا بینراوە، لەکاتێکدا لەو مێژووەدا قووڵ دەبینەوە و لەخۆمان دەپرسین ، کەژن لەم پێگە و ئاستەدا بووە ، ئەدی چۆن گەیشتە ئەم دۆخەی ئێستا ؟ بێگومان لەو کاتەوەی ئەقڵیەتی دەسەڵاتدارێتی دروست بوو ،ئەقڵیەتی پیاو سالاری کەدەیەوێت ببێتە خاوەنی دەسەڵاتی یەکەم بۆیە یەکەم هەنگاو دەسەڵاتگەری لەپێگەی ژن و لەپیرۆزی ژن دەدات و پیرۆزی دایکایەتی دەشکێنێت و دایدەبەزێنێت و دەسەڵاتگەری خۆی پەرە پێدەدات بەپێچەوانەی میهرەبانی ژنەوە بنەمای توند وتیژی لەدەسەڵاتدارێتیدا پەیڕەو دەکات ، لێرەوە ئیتر نەک هەر بیەوێت ژن لەپێگەی دووەمیشدا بێت بەڵکو دەیەوێت ژن هەمیشە بەرەو لاواز بوون بەرێت و بەجۆرێکی لێ بکات کەتەنها پیاوخۆی پێشەنگ و ئاستی یەکەم بێت و ژن پاشکۆبێت بەجۆریک کە بەبێ پیاو هەبوون و ئیرادەی لاواز و نەبوو بێت ، ئەمەیش لەمێژوودا بەیەکەم قۆناغی دەسەڵاتداری دادەنرێت ، کەلەبری میهرەبانی و قوربانی دانی ژنان و داد پەروەرییەکەی ، هێز و زەبر و توندو تیژی دەکرێتە بنەمای بەڕێوەبردنی خێزان و گروپ و کۆمەڵگە ، بۆیە بەدرێژایی مێژوو دەبینین ئەم ئەقڵیەتە لەهەموو سەردەمەکاندا کۆمەڵێک ناو و ناتۆرە و دەستەواژەی بەرامبەر بەژن بەکار هێناوە ،کەلەکەسێتی ژنی کەم کردووەتەوە و سووکایەتی پێکردووە ( وەک شەریکی شەیتان ، وجادووگەر و شەڕانگێز و تا دەگات بەوەی بیر وباوەڕەئاینییەکان لەسەر ئەو هزرە دژ بەژنە پەرەیان پێدراوە گوایە دەرکردنی پیاو لەبەهەشت بەهۆی ژنەوە بووە). ئیتر تادەگات بەئەم ڕۆ کە گوێ بیستی سووکایەتی کردن بەژن و بەڕۆڵی ژن دەبین ، لەژێر سایە و بیرکردنەەی جۆراو جۆری باوەڕی ئاینی کەبنەمایان پیاوسالارییە ، بەداخەوە ئاینەکانیش لەتەڵەزگەی پیاوسالاری ڕزگار نەبوون و کەوتوونەتە ناو کایە و تەڵە و فێڵەکانی پیاوسالاری لەدژی پێگەی میهرەبانی و دادپەروەری ژن ، کاتێک ئاینێک هاتووە ، وەک یاسا و ڕێسا کۆمەڵگە ڕێک بخات ، بەڵام ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەسەریدا دەسەڵاتگیری کردووە و دووبارە لەڕێگەی ئاینەکەوە لەژن دراوە و نەیهێشتووە ، ژن لەپێگەی ڕاستەقینەی خۆیەوە ، کارەکانی خۆی بکات ، بۆیە تائێستا بەم ئەقڵیەتەوە هاتووە ، تەنانەت کەئێستادەبینین و دەبیستین کەدژی ژن لەژێر ناوی ئیسلامدا کۆمەڵێک دەستەواژە بەکاردەهێنرێت ، ، بەداخەوە من وک خۆم وەک باوەڕدارێک باوەڕم بەوەنییە کەکرۆکی ڕاستەقینەی ئاینی ئیسلام ئەمانەی گوتوو بێت ، بەڵکو ئەم ئەقڵیەتەپیاو سالارییە دەسەلاتدارییەی کە ئاینیشی بۆدەسەڵاتی خۆی قۆرغ کردووە ، و بەکاری هێناوە ، لەکوشتن و بڕین بەرامبەر یەکدی نەوەستاوە ، بەڵکو هاتووە دووبارەلەلێدان لەژنەوە تاکو ئەمڕۆ بەردەوامە و دەیەوێت کەژن بگەیەنێتە پێگەی زۆر بێ نرخ و کاریگەر و بەهەموو شێوازێک هەوڵدەدات ، لەلایەکی ترەوە ەئەقڵیەتێکی تر دەیەوێت ژن یەبوکەڵە بکات ، ژن بەهەردووک ئەقڵیەتەکە کەیەکێکیان بەناوی ئاین و ئەوی تریان بەناوی پێشکەوتن و ئازادی خەریکی لەخشتە بردڻی پێگەی ژنانن . هەموو ئەمەیش لەژێر هەیمەنەی پیاوسالاریدایە .بۆیە بەدرێژایی مێژوو ئەم بیرکردنەوەیەهاتووە تاگەیشتووە بەئێڕە.لێرەدا کەبەڕێز ئۆجەلان باسی ژنی ئازاد دەکات مەبەستی لەو ژنەیە کەواشارەزایە ، و ئاشنایە بەمێژووی ڕاستەقینەی خۆی و دەیەێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووەی خۆی و نایەوێت دووبارە بچێتەوە ژێر کۆت و بەندی ئەو ئەقڵیەتەوە کەبەدرێژایی هەزاران ساڵە وەک کلتورێک هێناویەتی و سەپاندوویەتی بەسەر داپیرانماندا و بەسەر ژنانی پێش خۆماندا کەئێمەیش وەکو ئەو ژنانە بیربکەینەوە ، ، کەکاتێک تۆ وەک ژنێکی ئازاد دێیتەبوونەوە و دەتەوێت هەموو ئەو کۆت و بەندانە بپسێنیت و خۆت دەرباز بکەیت ، لەو ئەقڵیەتە ، ئیتر بەرەو ڕووی هەموو ئەو ئەقڵیەت و داب ونەریت و کلتورە بووەستیتەوە کەوا هەمیشە لەپێگەی ژنی داوە ، ئەوکاتە تۆ بوویت بەژنێکی ئازاد ، وەخۆت دەرباز کردووە و مل کەچی ئەو ئەقڵیەت و داب و نەریتە نابیت کەبەدرێژایی هەزاران ساڵە سەپێندراوە بەسەرماندا ، بۆیە لێرەدا دەبیتە ژنێکی ئازاد و لەچوارچێوەی ئازادی خۆشت دا ناوەستیتەوە بەڵکو ژنی ئازاد دەبێتە پێشەنگی کومەڵگە ،وبەرەو ئازادی و ئاشتی و سروشتی خۆیی دەباتەوە ، کەسروشتی ژیانی ڕاستەقینەیە و لەکۆمەڵگای دایکایەتییەوە لێ ی شێوێندراوە و لێ ی سێندراوەتەوە و سروشتی ڕاستەقینەی ژیان کەلەکۆمەڵگە شێوێندراوە ، ژنی ئازاد دووبارە دەیەوێت بیگەڕێنێتەوە بۆ کۆمەڵگەکەی ، ئائەم ژنەیە ئێمە دەتوانین پێ ی بڵێین کە ژنی ئازادە ، ڕێبەر ئۆجەلانیش هەر بەو شێوازە پێناسەی ژنی ئازاد دەکات (ژنی ئازاد ئەو ژنەیە کە خاوەنی مەعریفەتی زانابوونی خۆیەتی ، ژنێکە کەخاوەنی ئیرادە و ژن بوونی ڕاستەقینەی خۆیەتی و وەستاوە لەسەر پێ ی خۆی و ڕووبەڕووی هەموو ئەو داب و نەریت و کلتورانە دەبێتەوە کە بەدرێژایی مێژوو سەپێندراوە بەسەر داپیرانماندا و بەسەر ژنانی پێش خۆیدا ) .
لێرەدا لەبەر گرنگی بابەتەکە کۆتایی بەبەشی یەکەمی گفت و گۆکەمان دێنین و لەبەشی دووەمدا وەڵامی پرسیارەکانی دی لەپرسیاری دووەمەوە دادەنێین …..تیمی ڕۆژنامەگەری چامە نێت .