دیداری چامە

ڕۆژ ئاوای کوردستان بەرەوکوێ؟

بەشی دووەمی گفت و گۆی ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بەڕێز( نیاز حامد ) لەگەڵ ماڵپەڕی چامە نێت

بەشی دووەم و کۆتایی
چامە نێت : شان بەشانی هێڵی تێکۆشانی ئازاد ، بەداخەوە بەردەوام هێڵی خیانەت لەکێبرکێدایە ، بەڕای ئێوە ئەم هێڵە بەرەو چ ئاراستەیەک مل دەنێت ؟
نیاز حامد : ڕاستە هێڵی تێکۆشان وەک پێشتریش باسم کرد و هەروەها هێڵی خیانەتیش هەیە ، واتا کاتێک دووهەزار و پێنج سەد ساڵ پێش ئێستا لەشانشینی میدیا ، لەوێشدا هێڵی خیانەت هەبوو ، هەر ئەویش بووە هۆی ڕووخانی ئەو شانشینە ، واتا هێڵی خیانەت هەمیشە هەبووە ، بەڵام زۆر جار لاواز بووە و نەیتوانیوە کار بکات و زۆر جاریش کاریگەری هەبووە ، توانیویەتی مەساری بوونی کورد لەو جوگرافیایەی کوردستان بەرەو لاوازی و بەرەو داگیرکاری ببات ، ئێستاکەش ئەگەر هەموومان گریمانە بکەین ، ئەوا هێڵی تێکۆشانی ئازاد نەبووایە کە پەکەکە نوێنەرایەتی دەکات ، ئەگەر بەتەنها هێڵی خیانەت هەبووایە کەپارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەرایەتی دەکات ، کەواتە ئێستاکە ڕەوشی کورد چۆن دەبوو ؟ تەنها بەبەراووردکردنی ئەمە مرۆڤ دەتوانێت زۆر بەئاسانی ئەو جیاوازییە ببینێت ، هێڵی تێکۆشانی ئازاد ئێستاکە وای کردووە کەستاتۆی بارۆس دروست بێت ، هەر هێڵی تێکۆشانی ئازاد بوو کە ئێستاکەلەتورکیا لەجوگرافیای تورکیا لەباکوری کوردستان دەبینین ، ڕۆژ بەڕۆژ گەل لەسەر پێیانە ، هەروەک دەوڵەتی تورکیای گەیاندووەتە ئاستی هەڵوەشاندنەوە ، واتا کاتێک کە دەوڵەتی تورکیا لەو دواییانەدا کەدەیانەوێت مەرایی بکەن بۆ کورد و دەیانەوێت گفت و گۆ و دا نووستان بکەن لەگەڵ ڕێبەر ئۆجەلان ، ئەوەیە کەترسیان هەیە لەو گۆڕانکارییە کەدەکرێت ، لەبەر ئەوە هێڵی تێکۆشانی ئازاد ئەو هێڵەیە کە وەکو پێشتر باسم کرد توانیویەتی بارۆس بهێنێتە وجود ، و گەل تێیدا بەشدار بێت و هەروەها گەلانی ناوچەکەش جێگایان تێیدا ببێتەوە ، هێڵی خیانەتیش کە پشتیوانی وەردەگرێت لەداگیرکەرانی کوردستان بەهەمان شێوە دەیەوێت ڕێگری بکات ، ئەو کێبرکێیە بوونی هەیە، بەڵام ئەگەر بێینە ناو گەل بەتەواوی ئەو هێڵە (هێڵی خیانە) ڕەت دەکاتەوە ، ئەگەر بکرێت لەباشوری کوردستان هەڵبژاردنێک یاخود ڕاپرسییەکی پاک و بێگەرد بکرێت ، بێگومان بەهیچ شێوەیەک هێڵی خیانەت ناتوانێت لەسەدا پێنجی گەل پێک بهێنێت ، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەوکێبڕکێیە هەیە ، بەڵام هێڵی تێکۆشانی ئازاد کەپەکەکە ڕێبەرایەتی دەکات ، توانیویەتی ئەو هێڵە ڕیسوا و شەرمەزار بکات و لاوازی بکات ،ئەو هێز و توانایەی کەهەیەتی بۆ تێکدان و لاوازکردنی ئەو ستاتۆیەی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا (بارۆس) لەڕۆژ ئاوای کوردستان هەتا ئێستا نەیتوانیوە و زۆریش هەوڵیداوە ، بەڵکو هەمیشە شکستی هێناوە .
چامە نێت : بەڕای بەڕێزتان دەسەڵاتدارانی خیانەتکاری باشور ، بۆچی لە ڕووخانی ڕژێمەکانی وەکو ئەسەد و قەزافی و سەددام ، وانەیەک فێر نەبوون و هەر لەسەر ملهوڕی و خیانەت مکوڕن؟
نیاز حامد: ئێستا کەدەبینین خیانەت دەسەڵاتێکی ستەمکاری دروست کردووە ، بێگومان بەپشتیوانی داگیرکەرانی کوردستان ، کەواتە ئەوان ناتوانن دەرس وەربگرن ، تەنانەت تۆ سەیرکە بەشار ئەسەد کاتێک کەلە دەسەڵات بوو هیچ وانەی لەسەددام و لەقەزافی و لەعەلی عەبدوڵا ساڵح و ئەوانی دیکە وەرنەگرت ، هەمووشیان کوژران ، لەگەڵ ئەوەشدا دیسان بەشار ئەسەد نەیتوانی سوودیان لێوەر بگرێت ، تاکو دواین کاتەکان کەهەڵهات ، هەڵهاتنێکی زۆر شەرمەزارانە و زۆر زەلیلانە، بەهەمان شێوە( مەسعود بارزانی) کەسەرتۆپی خیانەتە ، سەرتۆپی ستەمکارییە لەباشووری کوردستان ، دیسان ئەویش دەرس وەرناگرێت ، بەڵکو ئەو چارەنووسی خۆیی بەستووەتەوە بەچارەنووسی هەردووک ڕژێمی داگیرکەری کوردستان (ئێران ، تورکیا) بەتایبەت تورکیا ، هەتا ئەو ڕژێمانە هەبێت ، ئەو وادەزانێت دەمێنێت ، ئەمە لەکاتێکدا ئەوتێڕوانینە ڕاست نییە ، چونکە بەشار ئەسەد بینیمان کەچۆن دەوڵەتی ئێران پشتی تێکرد و ڕووخا بەهەمان شێوە ڕۆژێک دێت کەزۆر دووریش نی یە ئەو بنەماڵەیەش تێک و پێک دەشکێن و دەخرێنە زبڵدانی مێژووەوە.
چامەنێت : لەم دۆخەدا کەڕووبەڕووی گەلەکەمان بووەتەوە لەڕۆژئاوای کوردستان ، بێگومان هەموو کوردێکی خاوەن ڕەووشت و ڕوومەت ئەرکدار دەکات لەسەرخستنی شۆڕشی گەلەکەمان لەڕۆژئاوای کوردستان ، گەل لەباشووری کوردستان چۆن ببێتە فاکتەری سەرکەوتن ، ئەرکی هاونیشتیمانی لەباشور بۆ ئەم دۆخە چی یە؟
نیاز حامد : گەلی ئێمە لەباشور بۆ پشتیوانی لە ڕۆژ ئاوای کوردستان ، دەتوانێت لەوسەفەر بەرییەی کەبەڕێز مەزڵوم کۆبانی داوای هاوکاری کرد ، هاوکاری مرۆیی یان هاوکاری بۆ گەلی ئێمە لەوەی کە ئاوارە بوونە لە(ئەفرین) و( لەشەهبا ) ، واتە دەکرێت هاوکاری بکات و کۆمیتەیەک وەک ئەوەی ئێستا پێک هاتووە بەتایبەت لەسلێمانی ،لەهەولێر ، لەکەرکوک و زۆر شوێنی دیکە دەتوانرێت ئەوکومەکان بگەیەنرێتە گەلی ئێمە لە ڕۆژئاوای کوردستان ، ببێتە هاوکار و یارمەتیدەرێک ، سەرباری ئەوەیش پێویست دەکات ، لەسەرهەموو ڕووناکبیر و نووسەران و هونەرمەندان و هەموو چین و توێژەکان ، کەبەدڵ و گیان پشتیوانی لەشۆڕشی ڕۆژ ئاوای کوردستان بکەن و بەهەر ڕێگەو ڕێبازێک کەدەتوانن پشتیوانی بکەن دەبێت کەمتەرخەمی نەکەن ، و بەبەردەوامی لەو پشتیوانییە جێگە بگرن.
چامەنێت : لە ئەگەری خودا نەکردە شکستی کورد لەڕۆژئاوای کوردستان پێت وایە ئەوەی بەسەر باشوری کوردستان دێت چی دەبێت ؟ ئایا ئایندەی باشوور تاچەند پەیوەستە بەسەرکەوتنی ڕۆژئاوای کوردستانەوە و چۆن؟
نیاز حامد : لەشیمانەی ئەوەی لەڕۆژ ئاوای کوردستان لەوێدا کورد تێک بشکێت ، کەشیمانەیەکی دوورە ، بەڵام ئەگەر هەبێت ، کاریگەریدەبێت لەسەر بوونی کورد و پاشەکشە کردن لەبوونی کورد دەبێت و کاریگەری دەبێت لەو هاوکێشەیەی کەلە وەڵامی پرسیاری یەکەم (پرسیاری یەکەمی بەشی یەکەم )باسم کرد ، کاریگەری دەبێت لەسەر هەموو پارچەکانی دیکە ، بەتایبەتی باشور، ئەوکاتە دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر ، و هەروەها ئێرانی داگیرکەر ئەوانە ڕێگانادەن بەبوونی ستاتۆیەک بۆکورد هەرچەندە کە کارتۆنیش بێت ، ئێستا هەموو مان دەزانین ئەو ستاتۆیەی لەباشوور هەیە ستاتۆیەکی کارتۆنییە و هیچ کاریگەرییەکی نی یە ، تەنانەت گەلی باشور بەتەواوی لێی بێزار بووە ، هەروەک سەلماندوویەتی بۆ هەمووان کەناتوانێت ئیدارەی گەل بدات و ناتوانێت لەپرسە ستراتیجییەکان ڕۆڵی هەبێت ، و هەمیشە دەیەوێت ڕۆحی نەتەوەیی لەپاشەکشەدابێت ، لەپرسە سترتیژییەکان لەجیاتی ئەوەی ڕۆڵی کاریگەری هەبێت لەپاشەکشەی گەورەدایە ، ئێمە ئێستا دەبینین چەندە پاشەکشە بەباشوورەوە دیارە ، ئەوەی کە ماویشە و ئەوەی کەهەیە ئاواتی گەلی باشوور بەڕۆژ ئاوای کوردستان هێشتوویەتییەوە ، متمانەی گەلی باشور بەشۆڕشی گەلەکەمان لەباکوری کوردستان ، بوونی ئەو هێڵە واتا تێکۆشانی ئازاد ، هیواو ئاواتێکی هەمیشەیی لەناوگەلدا دروست کردووە ، بەزەربە لێدان ڵە ڕۆژئاوا ، واتە ئەگەر ئەو شیمانە لاوازەش حسابی بۆ بکەین . ئەوا لێدان دەبێت لەهەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان .
چامەنێت : زۆر سوپاس بۆ بەڕێزتان کەلەم گفت و گۆیەدا زانیاری وورد و بەکەڵکت بەئێمە و خوێنەرانی ماڵپەڕەکەمان بەخشی .
نیاز حامد : زۆر سوپاستان دەکەم هیوادارم وەڵامی تەواوی پرسیارەکانم دابێتەوە

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button