چۆن ببینە پشتیوانی دروست بۆ داواکارییەکانی مانگرتووان
ئاشکرایە دەڕۆژ بەسەر چالاکی مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی پارێزگای سلێمانیدا تێپەڕی ، بەڵام دەسەڵات لەو پەڕی بێ باکی و بێ هەستیدا مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکات
ڕاستە ئێمە هاونیشتیمانی هاو سۆز و هاوخەمی مانگرتووانین بەڵام بەڕاستی شێوازی پشتیوانی کردنمان بۆ داخوازییەکانی مانگرتووان کە داخوازی تاک بەتاکی کۆمەڵگەکەمانە لاواز و بێ ئیرادە و بێکردارە ، بێکردارە چونکە بەسەردانیکردنمان بۆ خێوەتگەی شکۆی مانگرتووان لە ماوەی یەک دووکاتژمێردا ناکاتە ئەوەی فشارێک بۆسەر دەسەڵات دروستبکەین کە گوێ بیستی داواڕەواکانی مانگرتووان و ئێمە بێت ، بەڵکو پێویستە ئێمە بەدوای ئەو کلیلانەدا بگەڕێین کەدەرگا کڵۆم دراوەکانی سەر ئەقڵ و گوێ و ویژدانی دەسەڵاتە شکست خواردووەکەمان دەکاتەوە ، ئەمە چی پشتیوانییەکە سەرلەبەیانی لەفەرمانگەکاندا سەرقاڵی دەوام کردن بین و پاشی دەوام یەک دوو کاتژمێر بۆ سەردانی مانگرتووان دابنێین ، پێویستە کۆی فەرمانگەکان چۆڵ بکرێن لەدەوام ، بەتایبەتی ئەو فەرمانگانەی بوونەتە پەیداکردنی سەرمایەگوزاری دەسەڵاتدارانی ئەم حکومەتە ئیفلیجە ، باچالاکیەکانمان ببەینە بەردەم پڕۆژەکانی بەرپرسان و ڕێگربین لەسەرمایە گوزارییەکانیان ، جۆراو جۆر چالاکی شەقام ئەنجام بدەین ، دووکان و بازاڕەکانمان بۆ ئەم ماوەیە دابخەین ، گەر بمانەوێت دەسەڵات ملکەچی مافەڕەواکانی مانگرتووان و ئێمە بێت ، ڕێگەچارەی گونجاو بۆ سەرخستنی خواستەکانی مانگرتووان تەنها بەو جۆەرەیە ، دەبێت لایەنی کەم بۆ خێراکردنی دۆخەکە و پاراستنی دۆخی تەندروستی مانگرتووان کۆمەڵگە دەسەڵات ناچار بکات کە گوێیەکانی بکاتەوە یان کورسی دەسەڵات بەجێ بهێڵێت ……