دیداری چامە

پرسی ژن لەناوەندی سیاسی جیهانی و ناوخۆییدا

ئاشکرایە لەسایەی سەرمایەداری جیهانیدا ، ڕۆڵی ژنان تەواو پشتگوێ خراو و بێ ئەرزش کراوە هەروەک لەکۆی سیستمەسیاسی یەکانی دی جیهاندا ڕۆڵی ژنان بەهەند وەرنەگیراوە ، بەڵکو ئەو ژنانەیش کەلەپێگە باڵاکانی سیاسەتدا دەبینرێن دەتوانرێت بگوترێت بەڕواڵەت ژنن و لەهەڵسوکەوتدا ڕۆڵی ڕۆبۆت دەبینن لەخزمەتی پیاو سالاریدا

ئەوەی لەپێشەوە باسکرا لەکۆی سیستمە سیاسی و ئابورییەکانی جیهاندا ڕاستە ، هەربۆیە ڕێبەری گەلان (ئۆجەلان) پاش ڕامانی زۆری لە سیستمە سیاسییەکان هەر لەسیستمی سەرمایەداری و سیستمی سۆسیالیستی تادەگاتە ئەو جۆرەسیستمەی لە وویلایەتە فەقێ یی (فیقهی) ە کان و ڕژێمەئاینییەکاندا هەیە ٫ بەتەواوی ئەندێشەی بەرەو ئەو ئاراستەیە تاودەدات ، کەژن بەسەنتەر و چەقی چارەسەری کۆی کێشەکانی مرۆڤایەتی دابنێت و بەو باوەڕەوە بۆ ئازادی مرۆڤایەتی تێدەکۆشێت کە بێ گەڕاندنەوەی پێگەی ڕاستەقینە بۆ ژنان نەئازادی بەرهەم دێت و نەکێشەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیش چارەسەر دەبن ، بە تێڕوانینی بەڕێز ئۆجەڵان تاکو ژن ئازاد نەبێت ئازادی ڕاستەقینە نایەتە بوون ، هەربۆیە جەوهەری پرسی ئازادی مرۆڤی لەسێ دروشم دا بەکورتی داڕشتووە کە بریتین لە ( ، ژن ، ژیان ، ئازادی ) بەو واتایەی ژن بنەمای ژیانی مرۆڤ و هێنانەکایەی ئازادییە .

جابۆ گفت و گۆ کردن لەسەر دۆخی ژن لەکایەی سیاسی جیهانی و هەرێمی و نێو خۆییدا ، لاپەڕەی دیداری چامە نێت بەپێویستی زانی گفت و گۆیەک لەگەڵ خاتوونی ڕۆژ نامە نووس ( چرۆ کەرکوکی) سازبدات ٫ وێڕای دەست خۆشیمان بۆ چرۆ خانی بەڕێز زۆر سوپاسی دەکەین بە سینگ فراوانی و زانیاری پڕ سوود  وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە

بەشی یەکەم

چامە نێت : بەڕای ئێوە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ژن تاکو ئێستا ئەو ڕۆڵەی پێدراوە کەپێویستە هەیبێت؟

چرۆ کەرکوکی : نە خێر بێگومان پێینەدراوە. چونکە بیروڕا و ئەو سیستمەی کە ژنان دەیخوازن لە مێژەوە بگرە هەتا ڕۆژی ئەمرۆمان ئەوە نیە کە ژنان دەیانەوێت. بەپێچەوانەوە ئەو سیستمەی کە هەیە سیستمێکی پیاوسالارە کە بە دوو شێوە هەوڵی چەوساندنەوەی ژن ئەدات. یەکەمیان ئەوەیە کە ژن بە بێئەوەی مافی پرسیار و لێپێچینەوەی هەبێت، بەسەریا سەپێنراوە کە لەگەڵ ئەم سیستمە ڕابێن و بەپێی ئەو دەستوورەی کە دانراوە تیایدا ژیان بکەن، دووهەمیان ئەوەیە کە هەول بدەن بۆ ئەوەی کە خۆیان بگەیەننە ئەو ئاستەی کە دەبێ لە ناو ئەو دەستوور و سیستمە کۆمەڵاییەتیە چەسپاوە جێبگرن. بۆییە ژن بە بەردەوامی لە ژێر چەپۆکی چەوسێنەری سیستمی پیاودا ژیاوە و بە بەردەوامیش لە ناو تێکۆشاندا بووە و تاهەنوکەش تێکۆشان بۆ بە دەستهێنانی مافەکانی خۆی دەکات.
ئەگەر سەرنج بدەین لە هیچ کوێی دونیا سیستمێک بە ناوی سیستمی ژن بوونی نیە وهەروەها هەموو بەردەکانی بناغەی سیستمی پیاوسالاریی لە سەر بناغەی نکۆڵیکردن لە ماف و بیرو هزری ژن داڕێژراون، جگەلەوەش ڕێگەپێدراو نیە ژنان سیستمێکی پەیوەست بەخۆیانیان ببێ. بۆیە ئەم سیستمە سیاسی و کۆمەڵایەتیەی کە لەسەر ئاستی جیهانی و هەرێمی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا هەیە سیستمێکی باڵادەستە و نە تەنیا نکۆلی لە هێز و ئیرادەی ژن دەکات، بەڵکو بۆ سەرجەم بەشەکانی تری کۆمەڵگاش بەهەمانڕەنگە.
بەگشتی ڕێژەیەکی زۆر کەم لە ژنان لەسەر ئاستی جیهان بەشدارن لە پێکهێنانی سیستمی سیاسی و ئەو ڕێژەیەش تەنیا مافی جێبەجێ کردنی فەرمانە دیاریکراوەکانیان هەیە. واتە بۆیان نییە کە پێشنیار بکەن و سیستمێک بئافرێنن کە ئەوان بەباشتری دەزانن بۆ ژن وئەوەش بخەنە بەرباس، هەروەها بۆیان نیە ڕێچکە بشکێنن بۆ ئەوەی کە ژنانی تر پاڵپشتییان بکەن بۆ بەرەوپێشبردنی سیسیتمێکی کراوەتر و دیموکراسی کە بتوانێت مافی هەموو چین و تۆێژەکان تێیدا پارێزراوبێت.
بەگشتی گۆرەپانی سیاسی تەنیا وەک گۆڕەپانی کار و چالاکی پیاوان بینراوە، بۆیە هەم ئەقڵ و هەم ڕەهەندەکانی ناو ئەم گۆڕەپانەش گشتی پیاوانەیە. ژن بە بەردەوامی بۆ گۆڕینی ئەم لۆژیکە تێکۆشانێکی بێوچان بەڕێوەئەبەن وتا ئێستا وەک ژن توانیومانە چەند مافێکی سەرەتایی بەدەست بهێنین، وەک بەشداریکردن لە پرۆسەی بەربژێربوون و هەڵبژاردن و ئەگەر توانای تێپەڕاندنی کۆسپە نەتەوەیی و ڕەگەزیی و تواناسازیەکان و ئەوانی تری هەبێت لەناو ئەو سیستمەدا، ئەوە دەتوانین لە ناو سیستمی دەستوریی و میکانیزمی داڕێژراو وەک ڕۆبۆتێک کاربکەین. ئەمەش بۆ خۆی وەک تێڕوانین و سیستم گەورەترین بێ ڕێزییە دەرهەق بە ژن. دواجار هەوڵ و تێکۆشان بۆ تێپەڕاندنی ئەم ئەقلییەتە و بۆ گۆڕینی ئەم سیستمەش بێگۆمان بە بێ ڕاوەستان بەردەوامی دەبێت.

چامە نێت : لەنێو گەمە سیاسییەکانی جیهاندا و بەتایبەت لەجۆری ئەو سیاسەتەی سەرمایەداریی جیهانی پەیڕەوی دەکات ، تا چەند ژن توانیویەتی ڕۆڵی لە گۆڕانکاریەکی پۆزەتیڤدا هەبێت؟

چرۆ کەرکوکی : بێگۆمان ژن خاوەنی توانای فیکری و ئەفراندنی بێ وێنەیە. وەکو باسم کرد بەشداریکردنی ژن لە ناو سیستم یان گۆڕەپانی سیاسی تەنیا بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە ڕۆژانەییەکانە، واتە تەنیا بۆ ئەوەی ڕیفراندۆمێک ئەگەر کرابێ یان پلان بێت کە بکرێت و تیایدا بۆچوونی ژنان بۆ بەفەرمیکردنی یان بۆ دەوڵەمەندکردنی وەربگیرێت. بێگۆمان تێکۆشان دەبێت هەمەلایەنە بێت و لەهەمان کات ڕیشەییش بێ. واتە کاتێک کە ئێمە باس لە لۆژیک و کۆسپ و هۆکارەکانی چەوسانەوەی ژن لە گۆڕەپانی سیاسیدا ئەکەین، بێگۆمان دیارە کە کێشەکە زۆر لەوە قوڵترە کە باسی لێوە دەکەین. بۆ گۆڕینی ئەم سیستم و ئەقلییەتەش پیویستە تێکۆشانێکی هەمەلایەنە بە ڕێوەبچێت بۆ ئەوەی کە هەم پەیامی هەموو ژنان بگات بە شوێنی مەبەست و هەم ئەوەی کە دەستی ئەو ڕێژەیەش لە ژنان کراوە بێت کە لە ناو گۆڕەپانی سیاسی بەشدارن، بۆ فشارخستنە سەر سیستمەکە و بۆ دروستکردنی کاریگەریەکی ڕیشەیی.

چامەنێت : جیاوازیی چییە لەنێوان پێگەی ژن لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی بەبەراورد بە پێگەی ژن لە سیستمە سیاسی و ئابورییەکانی تری جیهان؟

چرۆ کەرکوکی : بێگومان ئەوە دوو سیستمە یەکجار لەیەکتری جیاوازن. کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک لە کۆی پێکهاتە و بیروبۆچوونەکان و بە بەشداری یەکسانی ژن و پیاو پێکدێت، هاوکاتی ئەوەش دیموکراسیەت بە بنەما وەرئەگرێت بەو واتایەی یەکسانیەکی ڕەها دەئافرێنێت. بۆیە بە بڕوای من سیستمی کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی خۆدی ئەو سیستمەیە کە ئازادی کۆمەڵگا لە ئازادی ژن دا دەبینێت. لە سیستمی سیاسی و ئابووری جیهانیدا خودی سیستمەکە سەنتەرگەرایە، واتە بە پێی ئاستی بەرزترین چین، ڕەگەز و نەتەوە، باوەڕی و هتد. داڕێژراوە. بۆیە سیستمی سەنتەرگەرا (مەرکەزی) بە هۆی سەنتەرگەراییەکەی و پەراوێزخستنی مافی هەموو چینەکانی تری وەک ژنان و نەتەوەی جیاواز و بندەستکراوەکان دوورە لە پێوەرە دیموکراسیەکان.ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر پاوانخوازی پیاو و چینە سەردەستەکانی تێیدا زاڵە ونایەکسانی ڕەها لەناو کۆمەڵگا بە سەرچاوە دەگرێت. هەرچەندە دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە تێکۆشان ڕێژەیەکی سەرەتایی لە مافی بەشداریکردنی ژنان لەم گۆڕەپانانەدا دراوە، بەڵام ئەمە ئەو سیستمە نیە کە ژن تێیدا ئاسودە بێت یاخود هیچ جۆرە مافێکی هەبێت چجای گەرەنتیکردنی ماڤەکانی. ئەگەر تەمەشایەکی جیهان بکەین، سیستمی مافیایی و پانخوازی هەرگیز نەبووە بە سیستمی ژن و ناشبێت! چون لە گەل سرووشت و هزری ژن ناگونجێت.

ماویەتی

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button