ڕۆژئاوای کوردستان بەرەو کوێ؟
گفت و گۆیەکی تایبەت دەربارەی دۆخی هەنووکەیی ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ رۆژنامە نووس و چاودێری سیاسی بەڕێز نیاز حامد
بەشئ یەکەم :
- چامەنێت :باسکردن دەربارەی دۆخی ئێستای دەوڵەتی سوریا بووەتە باسی گرنگی کەناڵ و ماڵپەڕە ڕۆژنامەوانییەکانی جیهان ، هەریەک لەو دەزگایانە لەڕوانگەی دیدی خۆیان و ئاستی سۆزدارییان بەو دۆخەوە کەئەمڕۆ لەو ووڵاتەدا دەگوزەرێت ، شەن و کەوی ئەم پرسە گرنگە دەکەن ،هەندێکیان نابەرپرسیارانە و لەحەزەکانی خۆیانەوە شیمانە بۆ ڕووداو و گۆڕانکارییەکان دەکەن ، بەىێ گوێدانە ڕاستەقینەی ئایندەی ڕووداوەکان و ئاراستەی گۆڕانکارییەکان ، ئەمە لەکاتێکدا ئەو گۆڕانکارییە لەلای زۆرینەی شارەزایانی بواری سیاسەت و ئەوچاودێرانەی بەمانای تەواوی تێگەیشتن لەدۆخەکە ڕامان دەکەن ، ئەم پرسە بۆخۆی سەرەتای گۆڕانکاری گەلێکە کە کۆی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست دەگرێتەوە ، بەڕای ئێمەیش وەکو گەلی کورد ئەم گۆڕانکارییانە زۆر ترین کاریگەری لەسەر پرسی گەلەکەمان هەیە ، بەتایبەت کەستاتۆیەکی گرنگ و پیرۆزی گەلی کورد بەخوێنی ئاڵی هەزاران شەڕڤان لەکچان و کوڕانی گەلەکەمان لە چەقی ئەم ململانێیانەدا کێ بەڕکێ ی سەرکەوتن و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانی گەلی کورد و گەلانی تری ناوچەکەدەکات ، کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی لەڕۆژ ئاوای کوردستان ،ئەو بەیداخە پیرۆزەیە کە کۆی گەلی کورد لەهەرشوێنێکی ئەم جیهانەدا بن ،بەچاوی ئومێدەوە لێ ی دەڕوانن ،بەتایبەت لەگۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەدا ،کەلە ٢٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ کۆتایی بەدەسەڵاتی ڕژێمی پەنجاو سێ ساڵەی بنەماڵەی ئەسەد هێنرا . بەمەبەستی ڕاڤەکردنی پرسی سیاسی گەلی کورد بەتایبەت لەڕۆژ ئاوای کوردستان و کۆی کوردستان بەگشتی و شانبەشانی گەلی کوردیش ئایندەی دۆخی گەلانی ناوچەکە لە سایەی گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی لەدەوڵەتی سوریا سەری هەڵدا ماڵپەڕی چامەنێت بە پێویستی زانی چەند پرسیارێک ئاراستەی ڕۆژنامە نووس و چاودێری سیاسی بەڕێز نیاز حامید بکات ، کە بەسوپاسەوە لەکورت ترین ماوەدا وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە ،ئێمەیش لێرەدا کۆی پرسیارەکان و وەڵامە پڕ زانیاری و بەهاکانی بۆ خوێنەرانی سایتەکەمان دادەنێین :
چامەنێت : لەسەرەتای ئەم قۆناغەی دواییەوە کەکەوتنی دەسەڵاتی ئەسەدی لێکەوتەوە ، باسی گۆڕانکاری نەخشەکان بەجۆرێک دەکرێت کە دروست بوونی قەوارەیەکی کوردی لەڕۆژ ئاوای کوردستان دێتەبەرباسکردن ، بەڕای بەڕێزتان ئەودەنگە تاچ ڕاددەیەک جێگەی ئومێدە بۆ گەلەکەمان ،یان تەنها باسێکە و دەکرێت …؟
نیاز حامد:ئەوگۆڕانکارییە دراماتیکیانەی کەلەسوریا ڕوویدا ،دوای ئەو لێدانانەی ئیسرائیل بەرئێران و ئیسرائیل کەوت ،لەدوای ٧ی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٣)وە تاوەکو کەوتنی دیمەشق لە ٢٧ی ١١ زەمینەیەک هاتە گۆڕێ بۆئەوەی ئەو گروپە تیرۆریستانە بەتایبەت گروپی ئەحراری شام کەلەلیستی تیرۆری نەتەوەیەکگرتووەکان و هەموو دەوڵەتە کانی جیهاندایە ،توانی بە پشتیوانی دەوڵەتی تورکیا و گروپەکانی دیکەی بەناو سوپای نیشتیمانی سوریا کەسەربەتورکیان هێرش بکەن و پێ بەپێ بچنە پێش ،وەسوپای ئەسەدیش بۆ خۆتان دەزانن ،سوپای ستەمکارە ،کاتێک کەدەبینی هیچ پشتیوانییەکی لەدەرەوە نابێت ئیدی ئەوسوپایە کەپێشتر حیزب اللە وئێران و ڕوسیاش پشتیوانی بوونە نەیانتوانی خۆبگرن تاوەکو دیمەشق ، ڕۆژێکی وەهای هێنایە کایەوە کەئیدی کورد لە ڕۆژهەڵاتی فورات وەکو قەڵای دژەتیرۆر دەتوانرێت ناوبنرێت ،لێرەدا بەرژەوەندی دەوڵەتان ئەوانەی کارەکتەری سەرەکین لەناوچەکە بەرژەوەندییەکان کەوتنە بەرامبەر یەکدی ، لەهاوکێشەکەدا ڕووسیا و ئێران و هەروەها حیزبواللەی لوبنان دەتوانین بڵێین لەهاوکێشەکە دەرچوو ، ئەوەی هات و جێگەی گرتەوە ئیسرائیل و تورکیا و هەروەها ئەمریکا ، وەلەپاڵ ئەوەش دیارە ستاتۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ، کەئەویش بەهەمان شێوە لەسەر ئەرز بوونی هەیە ، لەبەرئەوە ئەوچوار کارەکتەوە لەسەر ئەرز ڕۆژ هەڵات و ڕۆژ ئاوای فورات دیاردەکەن ،دیمان ئیسرائیل ئەو شوێنە ستراتیجیانەی کەپێشتر خەونی پێوە دەدیت داگیریان بکات داگیری کرد وە تورکیاش توانی لەڕێگای ئەو گروپە تیرۆریستانەوە تا دیمەشق بڕوا و دیمەشق داگیر بکات ،ڕۆژ هەڵاتی فوراتیش بەخۆمان دەزانین کەئەوستاتۆیەی لەوێدا هەیە ، وەهەروەها ئەمریکایشی لێیە ، کەواتە ناکۆکی دروست بووە ،ئێستاکە ئەو ناکۆکییانە ناگاتە ئەوەی کەئەوستاتۆیەی (بارۆس)باکور و ڕۆژ هەڵاتی سوریا ببێت بەدەوڵەتی ، بەڵام یەکلا دەبێتەوە ستاتۆی کوردان بەوگەلانەیشەوە کەلەگەڵیدا دەژین ،کە لە کۆنفیدرالیزمی دیموکراتی لەو ستاتۆیە پشت دەبەستێت بەفەلسەفە و ڕامانی ڕێبەر ئۆجەلان ،لەوێ ئەویش بوونی هەیە و دەیەوێت بەهەموو شێوەیەک بەرەڤانی بکات لەو دەستکەوتانەی کەبەدەستی هێناوە ، چونکە ئەو دەستکەوتەی کەبەدەستی هاتووە هەروابە ئاسانی نییە ، لەبەر ئەوە دەئەوێت لەداهاتووی سوریادا ، کەداهاتوویەکی نادیارە ، چونکە ڕەنگە لەوەڵامەکانی پرسیارەکانی داهاتوو ، زیاتر وەڵام بدەمەوە ، بەڵام ئەو ستاتۆیە هەوڵی ئەوە دەدات کەبتوانێت کاریگەری هەبێت لەچوارچێوەی جوگرافی سوریادا بەجۆرێک بتوانێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد و ئەوگەلانەی لەگەڵ کورد دەژین لە ڕۆژئاوای کوردستان دەستەبەر بکات.
چامە نێت : پەیوەندییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژ ئاوای کوردستان لەم دۆخەدا لە چ ئاستێکدایە دەبینن ؟
نیاز حامد : وەکو باسمان کرد کە ڕۆژئاوای کوردستان ژمارەیەکە لەهاوکێشەی سوریا و دەتوانین بڵێین لەهاوکێشەی هەرێمیشدا ، چونکە ئەودەوڵەتە هەرێمیانە وەکو ئیسرائیل وەهەروەها تورکیا ، کە دوودەوڵەتی هەرێمین ناکۆکن و بەرژەوەندییەکانیان ناکۆکە ، راستە پێشتر ئیسرائیل و تورکیا بەرژەوەندییەکانیان کۆک بوو ، لەزۆر مەلەف بەیەکەوە کاریان دەکرد ، تەنانەت دژی گەلی کوردیش کاریان دەکرد ، بەڵام ئێستا کەبەرژەوەندییەکانیان بەشێوازێکی دی کەوتۆتەوە لەبەر ئەوە لەبەر ئەوە دەبینین کورد فیگەرێکی بەهێزە ، وە ئەو خیبرەیەی دەستەبەری کردووە ،لەمامەڵەکردن لەگەڵ هێزێکی گەورەی وەکو ئەمریکا لەناوچەکە ،هەردووک لا توانیویانە سوود لەیەکدی ببینن ، کە ئەمەش لەخودی ئەو فەلسەفەیەی کە ئەم ستاتۆیەی لەسەر دامەزراوە ( ستاتۆی بارۆس ) دا ڕێگە پێدراوە ، واتە ڕێبەر ئۆجەلان لەزیندانەوە لەسەرەتای دروست بوونی داعش و شەڕی داعش بۆئەوەی کە ئەو ستاتۆیە لەسەر پێیان بمێنێت شیکاری و شرۆڤەی زۆر کرد ،لەسەر بوونی ڕووسیا و ئەمریکا لەسەر جوگرافیای تورکیا و چۆنێتی مامەڵەکردنی ، ئەوە دەکرێت لەو چوار چێوەیەدا ئەو مامەڵەیە ببینین ، هەربۆیە و بەڕاستیش جێگای خۆی گرت ، ئێستاکەش دەبینین کەکورد لەسەر جوگرافیای سوریا کاریگەری هەیە ،ئەمەش سەرباری ئەوەی کەدەوڵەتی تورکیا بەتەواوەی دژایەتی ئەوستاتۆیە دەکات ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لەسەر پێیانە ، ئەمڕۆکە ئۆردوگان لێدوانێکیدا ، گووتی : ( تازە دەزانم پەکەکە و یەپەگە بوونەتە ئەندامی ناتۆ ،ئەو هەموو چەکە و ئەو هەموو ئیمکاناتەی ناتۆ بۆ ئەوان دەچێت بۆ دژایەتی کردنی ئێمەیە) ، واتە یەوە دەلالەت لەوەدەکات کەدەوڵەتی تورک ئیتر ئەویش بەچاوی فیگەرێکی بەهێز لەخودی ئەو ستاتۆیە دەڕوانێت و هێزەکانی سوریای دیموکرات وەکو هێزی بەرەڤانی بۆ ئەو ستاتۆیە لەهەموو جیهان ناسراوە و پشتیوانی لێدەکرێت لەڕووی مەعنەوییەوە ، هەروەها لەڕووی شەڕی تیرۆریش جێگەی پێدراوە .
چامەنێت: هەڵکەوتەی ستراتیژی ڕۆژ ئاوای کوردستان بۆ ئایندەی گەلی کورد چۆن دەبینیت ؟
نیاز حامد: دیارە دیسان دەگەڕێینەوە سەر هەمان ئەو دەستەواژە یە یاخود بڵێین فیگەری بەهێز لەناوچەکە ،کەدەتوانێت تەواوی ئەو هەوڵانەی کەدەیانەوێت کورد نابینا بگرن و کورد پەنا بکەن و کۆمەڵکوژی بەردەوام بێت ، ڕۆژئاڤای کوردستان ،باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئێستا وەکو هێزێک قووت بووەتەوە ، و پشتیوان بەگەل و پشتیوان بە فەلسەفەیەکی مرۆیی و بەپراکتیزەکراو ، توانیویەتی لەسەر ئەرز خۆی ببینێتەوە ، لەبەر ئەوە دەبێت ئەوەی وەکو زۆر کەس باس دەکەن و دەڵێن (خۆری کورد لە ڕۆژ ئاواوە هەڵدێت ) کەبەڕاستیش وایە ، چونکە بوونی ئەو ستاتۆیە ڕۆحی بەرخۆدان و ڕۆحی باوەڕ بەخۆبوون و ڕۆحی گەڕانەوە بۆ بوونی کورد و شانازیکردنی کوردان بەبوونی خۆیانی زیندوو کردەوە ، لەبەرئەوە کاریگەری مۆراڵی ،کاریگەری مێژوویی ، و هەروەها بۆئایندەش کاریگەرێکی یەکجار زۆر گەورەی هەیە ، کەپێم وایە هەموو کورد چاوەڕێ دەکەن ئەو ستاتۆیە لەسەر پێ ی خۆی بووەستێت و بتوانێت دۆزی کورد کە دۆزێکی ڕەوایە لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست بیگەیەنێتە کەناری ئارام ،وە ڕاستە ڕۆژئاوای کوردستان (بارۆس) وەکو مەساحەی جوگرافی لەهەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان بجوکترە بەڵام کاریگەری یەکجار زۆر گەورەی هەیە ، کەدەبێتە هۆی ئەوەی کەنەخشەی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت ، واتا کاتێک کەنەتانیاهۆ باس لەگۆڕینی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات ، وەئەوەش باش دەزانێت کە بەبێ کورد ناتوانرێت ئەو نەخشەیە بگۆڕدرێت ، بۆیە دەبینین ڕایەدارانی ئیسرائیل بەبێ بوونی هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەگەڵ ستاتۆی بارۆس ، هەمیشە لێدوانەکانیان وەکو پشتیوانی ، ئەمە دیارە لەخۆڕانی یە ،واتا ئەگەر ئەو هێزە خۆی نەسەلماندایە ، بوونی نەبووایە و نەیتوانیایە دژی تیرۆر بجەنگێت و بتوانێت سیاسەتێک پەیڕەو بکات و لەسەپێیان بمێنێتەوە ، پێم وانییە کەس باسی بکردایە ،ئێستا خۆئێمە لەباشور گەر تەماشابکەین باشور ستاتۆیەکە لەناو خودی دەستوری ئێراقیدا بوونی هەیە ، بەڵام هیچ کاریگەری نی یە ، چونکە ئەسڵەن داگیرکەرانی کوردستان (ئێران ،تورکیا) توانیویانە ئەو ستاتۆیە لەجەوهەری خۆیەوە دایبماڵن ، ئەویش لەڕێگەی پارتی دیموکراتی کوردستان ،کە پارتێکی خیانەتکار و هەروەها پارتێکی دەستەمۆیە ، و بەردەوام دەتوانرێت بگوترێت ڕووی دووەمی داگیرکەرانی کوردستانە بە جل و بەرگی کوردییەوە ، لەبەر ئەوە دەبینین هیچ کاریگەری نییە لەهاوکێشەی بوونی کورد لە ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست ، ئەوەی کە بوونی کورد دەپارێزێت ، کە ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو پێش چوون دەچێت ، ئەو ستاتۆیەیە ،وەهەروەها ئەو گەریلایانەی ئازادییە کەئێستا لەچیاکانی کوردستان ، لەهەرێمی پاراستنی مێدیا و لەباکوری کوردستان و لەهەر چوار پارچەی کوردستان بوونیان هەیە ،ئێمە لەبیری نەکەین کاتێک کە کۆبانێ تووشی ئەو هێرشەی تیرۆریستان بوویەوە ،بەپشتیوانی دەوڵەتی تیرۆریستی تورکیا ، گەریلا خۆی گەیاندە ئەوێ و لەوێ هەزار گەریلا سەهید بوون ، تاوەکو توانییان گەورەترین سەرکەوتن لەمێژووی ڕۆژ هەڵاتی ناوەڕاست تۆمار بکەن ، کەسەدان ساڵە ڕۆژهەڵەتی ناوەڕاست لەمێژوودایە سەرکەوتنی ئاوهای تۆمار نەکردووە ،داستانی کۆبانێ بووە سەرەتای رووخانی خەلافەتی داعش ، خەلافەتی ئیسلامی سیاسی کەدەوڵەتی تورکیا پشتیوانی لێدەکرد ،ئەوە ئەوە ڕوون دەکاتەوە کەئەو ستاتۆیە ڕۆڵی کاریگەری هەیە و دەتوانێت ببێتە هەوێنی گۆڕانکاری لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ،کەتێیدا کورد پێشەنگ دەبێت .
-ماویەتی –