دیداری چامە

پرسی ئاشتی لەدووڕیانی بەرەو پێش چوون و چەق بەستندا

بەشی دووەم


چامەنێت : پەیامەکەی بەڕێز ئۆجەلان و وەڵامی قەندیل بەئاشکرا و زۆر بەڕوونی پرسی دیموکراسی لەناو دەوڵەتدا بەبنەمای بەڕێوەچوونی ئاشتی نیشانداوە ، ئایا دیموکراسی تائەو ڕاددەیە ترسناکە کەدەوڵەت ئیرادەی ئەوەی نەبێت بڕیار لەسەر ئاشتی بدات ؟

ئیبراهیم فەرەج : تورکەکان بەخۆیان دەڵێن ئێمە دەوڵەتێکی دیموکراتی عیلمانیمان ھەیە. تورکیا وڵاتێکی فرە نەتەوەو فرە باوەڕی ئاینی و مەزھەبییە. گەر دیموکراتیەتی ڕاستەقینە بوونی ھەبوایە ، چۆن ئەو وڵاتە سەد ساڵە لەشەڕدا دەبوو لەگەڵ کورد؟ چۆن ئەوتورکانەی دەکوشت کەھەڵگری بیرو ڕای جیاواز بوون ؟ نموونەی ئیبراھیم کایپاکایا، ماھیر چایان ،دەنیز گەزمیش …… ھتد.
لەوڵاتێکدا دیموکراتیەتی ڕاستەقینەی تێدا بێت چۆن ئەو ھەموو کودەتایە ی تێدا ڕوو دەدات؟ لەوڵاتێکدا دیموکراتیەت ھەبێت چۆن مرۆڤی فاشست و ڕەگەز پەرست بوونی دەبێت؟ چۆن زمان و کولتوورو ڕەگەزی نەتەوەی کورد دانی پێدا نانرێت ؟ سیاسەتی قەیووم لەکوێی چەمکی دیموکراتی جێی دەبێتەوە؟ قبوڵ نەکردنی ڕای جیاوازو ڕەخنە گرتن لەکام دەوڵەتێک دیموکراتی تێدا بێت بەتاوان دادەنرێت سزای زیندانی بۆ دەردەکرێت چۆن دەبێت زیاتر لەچوارسەد ھەزار مرۆڤ لەزینداندا بن. لەسەر بیروڕای جیاواز، ڕەخنەو داواکردنی مافە نەتەوەیی ودیموکراتیەکان ؟ ئەم پرسیارانە و وەڵامەکەی پێمان دەڵێت تورکیا وڵاتێکە نەک سیستمەکەی دیموکراتی نییە بەڵکو فاشستیە. ئەگەر تورکیاو گەلی تورک دەیانەوێت لەو ھەژاری ،برسێتی ، بێ پارەیی ،ئابوری خراپ و دۆخی خراپی سیاسی ،کۆمەڵایەتی ڕزگاریان بێت . پێویستە پەیامەکەی ئۆجالان کۆمەڵگە ی دیموکراتیک کەھاو واتایە لەگەڵ مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتی پەسەند بکەن.
لەڕاستیدا چەمکی دیموکراتی بۆ وڵاتێکی فرە پێکھاتەی نەتەوەیی ،ئاینی ،مەزھەبی وەکو تورکیا گرنگ و پڕ بەھایە. چارەسەری دۆزی کوردو ئاشتی لەکۆمەڵگەیەکی سیاسی ،ئەخلاقی ،دیموکراتیک دایە ئاشتی کۆمەڵایەتی لە سیستمێکدا بەدی دێت کە بیروڕای جیاوازو ڕەخنە پەسەند بکات . لەدوادیداریدا ئۆجالان لەگەڵ عومەر ئۆجالانی برازای چەمکی سوسیالیزمی دیموکراتیکی کۆمەڵگەییشی خستۆتە ڕوو کەمەبەست لە سوسیالیستی کۆمەڵگەیی. کۆمەڵگە یەکی ژینگەدۆست ،ئازاد،یەکسان ،دیموکراتیکە. بۆ چارەسەری پرسە نەتەوەیی ، ئابوری ،کۆمەڵایەتیەکانی گەلانی تورکیا ڕێ و ڕێبازی ھەرە گونجاوە.تائستا بەدرێژایی ئەو سەد ساڵەی شەڕی کورد ، تورک ھەر کورد دەستپێشخەر بووە بۆ ئاشتی و پرۆژەی گشتگیرو گرنگی پێشکەش کردووە. ھەرگیز تورکەکان ،بەھۆی ئەوەی بیرێکی فاشستی و ڕەگەزپەرستی، لەناخیاندا چێنراوە . دەستپێشخەری ئاشتی نەبوون . بچوکترین پرۆژەیان بۆ ئاشتی و پێکەوەژیانی دیموکراتیانە،ئازادو یەکسان ، شکۆمەندانەی تورک و کورد نەبووە. ئێستاش نیانە . ئەی تۆ دێیتە ناو دانوستانەوە نابێت پرۆژەیەکت پێ بێت کە لۆژیکی بێت. نەک ھەر تەسلیم بوون چەک دانان و خۆ ھەڵوەشان . بێ داننان بەمافەکانی کورد.
تورکیا وسیاسیەکانی دەبێت ئەوانیش ببنە خاوەن پرۆژەی ئاشتی کەخاڵی جەوھەری لەخۆ بگرێت کوردیش ڕازی بکات . سەد ساڵی دووەمی کۆماری تورکیا ئەبێت خاڵی بێت لەبیری فاشیزم وڕەگەزپەرستی. ھەر شەرمە لەسەدەی بیست و یەکدا دەوڵەتێک بوونی ھەبێت خاوەن سیاسەتێکی فاشستانە بێت. تورکەکان نابێت لەچەمکی دیموکراتی بترسن . ئۆرھان بامۆک گەورە ڕۆماننووسی تورک دەڵێت لەم دەساڵەی دواییدا تورکیا ئەو کەمە دیموکراتیەی ھەیبوو ئەویشی نەما. واتە تورکیا ئیتر بەم شێوازە بڕوات بەرەو سیستمی پۆتینییزمی کەھەموو دەنگێکی ئۆپۆزسیۆن کپ دەکات . بەرەو شێوازی دەسەڵاتی کیم چۆن ی کۆریای باکوور ملی ڕێگای گرتووە. دیمرتاشیش دەڵێت لەتورکیادا لەجیاتی مرۆڤە خراپەکان لەزیندان بن ئەوان لەدەرەوەن و مرۆڤە باشەکان لە زیندان تووند دەکرێن . ئەزموون وەربگرن لەوڵاتانی وەکو ئەمەریکا،ئەلمانیا،سویسرا ،فەرەنسا، بەریطانیا، ،بەلجیکا…… بەسەدان دەوڵەت ھەیە سیستمی فیدرالی و ناناوەندی تێدا پیادە دەکرێت .پارچە پارچەش نەبوون. دیموکراتی ڕۆڵی تورکیا لەجیھاندا بەھێز دەکات .فاشیزم ھەروەک چۆن لەسەد ساڵی ڕابردوو تورکیای لاواز کرد .ئەگەر لەسەد ساڵی دووھەمیش بەردەوام بن ئەوا تورکیا پارچە پارچە دەبێت ،تێک دەشکێت . تورکیا بۆتە گەورەترین ووڵات کەزۆرترین زیندانی سیاسی ،ڕەخنەگرو ڕۆژنامەوان ی تێدایە کەمەزەندە دەکرێت بەسەرو چوارسەد ھەزار .
لەکوێی چەمکی دیموکراتیدا جێگایەک بۆ زیندانی سیاسی وڕەخنەگر ھەیە؟
ئەقڵانیەت ئەوەیە دەسەڵاتدارانی تورک بەشێوازی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانەو دژە دیموکراتیانەی خۆیاندا بچنەوە.
ئاشتی و پێکەوەژیانی ئازادو دیموکراتی بنەمای کۆمەڵگەیەکی خۆشگوزەران و ئارام ،یەکسان و دادپەروەرانەیە لەتورکیا.
پرۆژەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک و سوسیالیستی ئۆجالان . بۆ دەرباز بوونی نەک ھەرگەلانی تورکیایە بەڵکو سوود مەندە بۆ ھەموو گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوین .ڕزگاریان دەکات لەوگێژاوە ھەمەلایەنە قوڵەی تێی کەوتوون. چارەسەری ئاشتیانەو دیموکراتیانەی دۆزی کورد ناوچەکە بەرەو ئارامی دەبات دەیپارێزێت لەدەستێوەردانی وڵاتانی زل ھێز. وەک ھێلین ئۆمیت دەڵێت ھاوپەیمانی نێوان کوردو تورک دەبێت ببێتە ھەنگاوی یەکەمی دووەمین سەد ساڵی تورکیا . ستەمکاری،دەسەڵاتخوازی،نادیموکراتی ،زیندانی کردنی سەدان ھەزار مرۆڤی کوردو تورک ،تورکیا ناشیرین و بچووک دەکاتەوە .ڕێگاش بۆ دەست تێوەردانی وڵاتانی تر خۆش دەکات..
….ماویەتی …

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button