ووتار وبیر وڕا

تیرۆر خاڵە ھاوبەشەکەی نێوان کورد – تورک

تیرۆر لە دەربڕینێکی سادە گوزەراوە، بوەتە چەمکێک کە لە ژێریدا زهنیەتی پاکتاوکردن، نکوڵی و شەڕە بەردەوامەکانی مێژوو بەردەوامە.

نووسینی : عادل  عوسمان

2025/3/1

تیرۆر لە دەربڕینێکی سادە گوزەراوە، بوەتە چەمکێک کە لە ژێریدا زهنیەتی پاکتاوکردن، نکوڵی و شەڕە بەردەوامەکانی مێژوو بەردەوامە.

هەر هێزێکی دەسەڵاتخواز لەبەرامبەر وەستانەوەی هەژموونیەتەکەیدا بەرامبەر بە تیرۆر وێنا دەکات و ڕەوایەتی بە زهنیەتە دەسەڵاتخوازە پاوانگەرەکەی دەدات. تێکۆشانە شۆڕشگێڕییەکانیش لەبەر ئەوەی زهنیەتی کۆمەڵایەتی و کێشمەکێشە کۆمەڵایەتیەکان بناغەی بزوتن و جوڵەیان نییە و خۆیان لە زهنیەتی دەسەڵات و پەڕینەوە لەڕێگەی دەوڵەتەوە بۆ قۆناغێکگ ئارامتریان پشت سەر نەناوە، کەوتونەتە ناو هەمان چەمکی کوشتار و دووبارەکردنەوەی توندووتیژی. هەربۆیە سەدەی ١٩ و ٢٠ بەرهەمی خوێناویترین شەڕەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بەقوربانیبوون بووە.
ليرەوە دەتوانین هێرشی قڕکەری دەوڵەتە داگیرکەرەکان و کاردانەوەی بەرخۆدانی گەلی کوردیش لەچوارچێوەی پۆلێنی توندووتیژی و کاردانەوە بەرامبەر ئەویتر پێناسە بکەین. دەستبردن بۆ هاوتاکردنی چەمکێکی لەو شێوەیە بوێری و داناییەکی مەزن و دابڕان لە مێژوویی کۆمەڵکوژی و دەسەڵات و زهنیەتە پاوانخوازییەکەی دەوێت. لەو پێناوەدا تەڤگەری ئازادی کورد و ڕێبەرەکەی توانی ڕەخنەداینێکی مێژوویی گەردوونی ژیانی مرۆڤ و هۆشمەندییە لەڕێلادراوەکەی بکات و شێوازێکی نوێی ژیانی ئازاد پێکەوەیی پێناسە بکاتەوە. هەربۆیە لە چوارچێوەی تێکۆشانێکی بەزەحمەتی خوێناوییدا توانی زهنیەتی کۆمەڵگە و هۆشمەندی گەردوونی شیبکاتەوە و لێکگرێی بداتەوە. کە پەیوەندی و ناکۆکیە ناوخۆییە سروشتییەکانی ژیان بەجۆراوجۆرییەکەیەوە وەک هەبوونی سروشتی قبوڵکراو و ئاسایی بێت و پێویستی بە ڕەتکردنەوەی توندووتیژانەو لەناوبەر نەبێت.
کۆمەڵگە کە پێکهاتە جیاوازەکانی تێدا دەژی و لە کایەیەکی سروشتی و ئازاددا بەڕێوەدەچن و مرۆڤ تێیدا بوەتە خاوەن هۆشمەندییەکی هوشیارانەو کارتێکەر، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ژیانی کۆمەڵایەتی و سروشتی. کێشمەکێشی نێوان مرۆڤی سروشتی و هۆشمەندی ئانالیتیک (دەستکرد) کە ژیانی بۆ کوشتار، قۆرخکاری و لەناوبردن ئاراستە کردووە. مرۆڤایەتی لەبەرامبەر ئەوەدا بەرخۆدانی کردووە و وێرانەیەک دروستبووە کە پێویستی بەچارەسەر و وەڵامدانەوە هەیە. تێپەڕاندنی هوشیاری سروشتی بۆ هوشیاری ئانالیتیک گۆڕانکەرییە وێرانکەرەکەی لەڕێگەی دروستبوونی دەستگرتن بەسەر ڕەنجی کۆمەڵایەتیدا بەرهەمی وێرانکەری کۆمەڵایەتی ژینگەیی لەگەڵ خۆیدا هێنا. کە کایەکانی زانست و تەکنەلۆجیاشی خستە خزمەتی ئەو وێرانگەرییە قازانج پەرستەوە.
تێکۆشانی گەلی کوردیش کە دوبارەبوەوەی هەمان زهنیەتی کۆڵۆنی، قازانج و دزینی ڕەنجە بەرامبەر بە داگیرکاری، بەڵام نەیتوانییوە خۆی لە گۆڕەپانی توندووتیژی ڕزگار بکات و کۆمەڵگە بکاتە بناغەی هوشیاری، ڕێکخستن و چارەسەری دەردەکان. بەڕێز ئۆجەلان، توانی بە قوڵبوونەوە ڕەخنەگرییەکانی لەسەر سۆسیۆلۆژیای کۆمەڵایەتی و گەردوونیبوون ئەو تێگەیشتنە دروست بکات کە زهنیەتی کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە کۆنترۆڵکردنی هوشیاری ئانالیتیکی خراپکراو و بارگاوی کراوە بەقازانج، شەڕو توندووتیژی شرۆڤە بکات و بیخاتەوە سەرجێگە کۆمەڵایەتییە هاوبەش و پێکەوەییەکەی. هەربۆیە کاتێک دەڵێت “پەکەکەش بەرهەمی توندووتیژی سەدەی ڕابردووە”. تێگەیشتن لە پرسێکی لەوشێوەو دەستبردن بۆ ستراکتۆرێکی دامەزراوی پڕ لەڕەنج و قوربانی تێکەڵبوونە لەگەڵ ئەو بوێرییە گەردونییەی کە پێویستە سەرڕاست بکرێتەوە.
کەسێتی بەڕێز ئۆجەلان، کەسێتییەکی قاڵبوەوەی هەبونە گەردونیەکەیە، پەکەکەش خۆ گوزارشتکردنە ڕێکخستنیەکەیەتی بۆیە بێ چەندووچوون تێگەیشتنەکانی قبوڵکراو دەبێت، هەربۆیە ئۆجەلان دەتوانێت قۆناغ و کات و بوێری دەستبردنی هەبێت بۆ ڕاستکردنەوەی لەڕێلادان و خراپکارییەکان. لە پێشدا لە زهندا و دوای ئەوە پەیوەستی دەکاتەوە بە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، ڕەگەزی و گەردونییەوە. لێرەوەیە کە دەستدەبات بۆ چواندنی هەردوو توندووتیژی کورد ـ تورک و دەیەوێت چارەسەری بکات. لەنێوان کورد تورکدا چەمکێکی هاوبەش هەیە کە هەردوولا شەڕی دەکەن، تورک لەژێرناوی تیرۆردا کورد کۆمەڵکوژ دەکات، کوردیش لەناو شەڕی تیرۆری دەوڵەتدا بەرخۆدان دەکات. کەواتە خاڵی هاوبەشی هەردوولا شەڕە لەدژی تیرۆر. بەڵام چ تیرۆرێک و بەرهەمەکەی بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و ڕەگەزی چییە؟ وێرانگەری، سوتان و قڕکردنی هەمووان.
تیرۆر بناغەکەی کۆمەڵکوژی و بەرخۆدان بێت، ئەنجامەکەی توندووتیژی و وێرانگەرییە. دەبێت ئەم هاوبەشی و هاوکێشەیە کۆتایی پێبێت. توندووتیژی بەرهەمی زهنیەتی باڵادەستی، قۆرخکاری و ئینکارە، بەرخۆدانیش کاردانەوەیە بەرامبەر بەو قۆرخکارییە. هەردوولاش شەڕلەگەڵ تیرۆر دەکەن بەڵام بە پاساوە جیاوازەکان. بەڵام هەردوکیشیان توندووتیژی بەرهەمدێننەوە. کەواتە بۆچارەسەری هاوبەشیە پێکدادراوەکە دەبێت خاڵە ناکۆکەی تیرۆر کە لە ئەنجامی نکوڵی کردنە، بگۆڕین بۆ یەکترقبوڵکردن. دەستبردن بۆ چارەسەری پرسێکی لەوشێوە تەنیا بە ئامانجە گەردوونی و گەورەکان دەکرێت. هەربۆیە ڕۆڵی ئۆجەلان، ڕۆڵی کەسێکە کە گەردونییەو بوێری دەستبردن بۆ چارەسەرەکەی لە ڕێگەی پارادایمە گەردونیەکەی بۆ ژیانێکی نوێیە. ئەو ژیانەی کە بە پەیامەکە و بەڕەنگی کراسە جگەرییەکەیەوە دای کە پەیامی کامڵبوونی تێگەیشتنە گەردوونیەکەیە لەپێکهاتەی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، هەربۆیە دەڵێت (بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک) کۆمەڵگەیەک کەلەسەر بنەمای پێکەوەبوون، هاوبەشی، یەکترقبوڵکردن و چارەسەری دامەزرابێت، ئیتر توندووتیژی بە ڕەفە نەگریسەکانی مێژوی خراپکاری دەسپێرێت و پەڕە جوانە تەواونەکراوەکانی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی تێدا دەنەخشێنرێت و خۆرە دروشاوەکەی ئۆجەلانیش لە ناو ژیانی گەردونیدا سەرمەشقی پێشکەشکردنی بوێری دەستبردن بۆ تابۆ وێرانکەرەکانی سیستەمی چینایەتی و توندووتیژی ٥٠٠٠ساڵەی دەسەڵات دەوڵەت دەبێت و گەڕانەوە بۆ کۆمەڵگە دەکاتە بناغەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک.

 

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها پشکنین بکە
Close
Back to top button