ژینگە و ژیان

پیس بوونی بەرگە هەوا ، هۆکار و کاریگەری ولێکەوتەکانی

پرسی ژینگە لەڕاستیدا گرنگترین پرسە کە پێویست دەکات زۆر ترین گەنگەشەی لەبارەوە بکرێت و نەخشەڕێژی و پلاندانان بۆ چارەسەری کێشە و ئاریشەکانی دابنرێت. .

  • سەرمایەداری جیهانی و سیستمەکەی بەجۆرێک بەربوونەتە گیانی سروشت و ژینگە ، کەڕۆژ لەدوای ڕۆژ وێرانکاری و کێشە و ئاریشەی ژینگەیی و تەندروستی بۆکۆی بوونەوەران دەخوڵقێنن ، بەجۆرێکیش کۆمەڵگەی مرۆییان بەدووی خۆیاندا تاو داوە کە نەتوانای خۆڕزگارکردنیان هەیە و نەدەستبەرداری سیحرو جادووی تەکنەلۆجیاو داهێنانە وێرانکارییەکانیان دەبن ، کۆی توخمەکانی ژینگە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ سیفەتی ژیاری خۆیان لەدەست دەدەن ، مرۆڤایەتیش بێ گوێدانەدۆخی تەندروستی ئێستای خۆی و نەوەکانی داهاتووی ، دوای سەرابی داهێنانەکانی سەرمایەداری کەوتوون ،

وەکو هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بەدۆخی ئێستای کۆمەڵگەکەمان و فەراهەمکردنی دۆخی ژینگەیی لەبار بۆنەوەکانی داهاتوو ، ماڵپەڕی چامەنێت بەپێویستی دەزانێت ئەرکی ژینگەیی لەئەستۆی خۆی بگرێت ، هەر لەم ڕووەوە ، لەزنجیرە پرۆگرامێکدا پرسی ژینگە و پیس بوونی توخمەکانی ژینگە و لێکەوتەوکاریگەرییەکانی دەکاتە کەرەسەی خاوی کاری میدیایی خۆی  .بۆ ئەو مەبەستە  گفت و گۆ و دیداری ئەمجارەی لاپەڕەی ژینگە و ژیان ، گفت و گۆکردنێکە لەگەڵ مامۆستای زانکۆ  بەڕێز (یەریڤان شاسوار) پسپۆڕی بواری ژینگەیی و پیس بوونی هەوا ، بەو هیوایەی مەڵۆیەک بخەینە سەر شارای خزمەتگوزاری ژینگەیمان .

چامەنێت : دۆخی بەرگە هەوای شاری سلێمانی لەڕووی سیستمی ژینگەییەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن ؟

م. یەریڤان : دۆخی هەوا لە جیهاندا گفتوگۆی چڕی لەسەرە و ڕێکخراوە نێودەوڵتیەکانی وەک ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئاژانسی پاراستنی ژینگە بەردەوام هوشیاری لەسەر تێکچونی بەرگەهەواو کاریگەریەکانی ئەدەن، عێراق لەو وڵاتانەیە بەپێێی داتای تۆڕی هەوای جیهانی (IQAir) لە دەیەی پێشودا هەمیشە لە ڕیزبەندی دەیەکەم ووڵاتی پیسە لە ڕووی جۆریەتی هەواوە.. سلێمانیش وەک شارێکی قەرەباڵغ لە ڕووی دانیشتوان و زۆری سەرچاوەکانی پیسبوون (مۆلیدە، هۆکارەکانی هاتوچۆ، زۆر بەکارهێنانی سپلیت)هەوای دەرەوەی لە ئاستی باشدا نیە و زۆربەی ڕۆژەکان ئاستی ستانداری تێپەڕاندوە .

چامە نێت : هۆکارەکانی پیس بوونی هەوای شاری سلێمانی بەبەراووردلەگەڵ دەیەکانی پێشوویداچی یە ؟

م. یەریڤان : بەداخەوە گۆڕانی کەش و هەوا وناڕێکی دابارین لە ئێستەدا هۆکارێک نین بۆ پاککردنەوەی هەوا کە جاران ڕەشەبا و دابارینی هاوسەنگ هۆکارێک بوو بۆ جوڵەی بەردەوام رونکردنەوە و کەمکردنەوەی پیسکەرەکان لەهەوادا. لە لایەکی تر هەوای ماڵەکانیشمان پیسن کەزۆربەی کاتەکانی تێدابەسەر دەبەین ئەویش بەهۆی ئەم جۆری باڵەخانە و بینایانەی ئێستا دروست دەکرێت کە هەواگۆڕکێی باشی نیە و لە لایەکی ترەوە خراپی جۆریەتی سەرچاوە و ئامرازەکانی گەرمکردنەوە و چێشتلێنان لە زستاندا . وە زۆری ئامرازەکانی فێنککەرەوەی وەک سپلیت کە گازی(CFCs) کلۆرۆفلۆرۆ کاربۆنەکان دەکاتە بەرگەهەواوە.

چامە نێت : لێکەوتە تەندروستییەکانی پیس بوونی بەرگە هەوا چین ؟

م. یەریڤان : پیسبونی هەوا بەیەکێک لەهۆکارە سەرەکیەکانی مردنی پێشوەختە دادەنرێت ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەدات لەساڵی ٢٠١٩ بەدواوە ساڵانە زیاترلە٦٫٥ شەش ملیۆن و نیو خەڵک لە جیهاندا بەهۆی پیسبونی هەوای دەرەوە و ناوماڵەکان دەمرن. توێژینەوەکان سەلماندویانە کە پیسکەرەکانی هەوا هۆکارن بۆ نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە و نەخۆشیەکانی دڵ وەک جەڵدەی دڵ وبەرزە پەستانی خوێن لەلایەکی ترەوە بەهۆی بونی میتاڵە قورسەکان لە تەنۆلکە پیسکەرەکاندا کاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی دەماری دروست دەکات وە هۆکاری نەخۆشیەکانی الزهایمەر و پارکنسن وە سەر ئێشە و سترێسیش. توێژینەوە تازەکان بەهۆکارێک بۆ کەمبونەوەی تەرکیز دایدەنێن بەتایبەت تەنۆڵکەکانی PM2.5 کەنیوەتیرەی تەنولکەکانی لە 2.5 مایکۆمەتر کەمترە و بەهۆی پێکهاتە خراپەکەیەوە کاریگەری زۆر خراپ لەسەر کۆی ئیکۆ سیستەم دروست دەکات.

چامەنێت :  چۆن دەتوانرێت کار لەسەر کۆنترۆڵ کردنی پیس بوونی هەوا بکرێت؟ و کێ دەتوانێت کاریگەری هەبێت ؟

م. یەریڤان : بەرگەهەوا سنوری نیە واتە ناتوانرێ بەئاسانی پێکهاتەکانی ناوی سنورداربکەیت چونکە پیسکەرەکان بەئاسانی چەندان کیلۆمەتر ئەبڕن بەتایبەت گازەکان و تەنۆڵکە پیسکەرە بچوکەکان بۆیە کاری کەمکردنەوەی پیسبونی هەوا پێویستی بەکاری نێودەوڵەتیە لە ئاستی فراواندا.هۆشیاری بەرپرسیارێتی تاک و کۆمەڵگە نیشتەجێبوەکان لەئاستی ناوخۆدا.

چامەنێت : پیس بوونی هەوا چۆن کاریگەری لەسەر پیس بوونی  توخمەکانی تری ژینگە دروست دەکات ؟

م. یەریڤان : بەهۆی ئەوەی هەوا ڕەگەزێکی سەرەکی ژینگەیە بۆیە پیسبونی هەوا کاریگەری لەسەر پیسبونی ئاو خاکیش دروست ئەکات ، چونکە لە کاتی نیشتن و شۆرانەوەی پیسکەرەکان ئەگوێزرێنەوە بۆ خاک و ئاو.

چامەنێت : ئایا تاچەند دەتوانرێت بەرگە هەوا لەپیس بوون بپارێزرێت ؟

م. یەریڤان : کۆمەڵێک کار هەن بۆ زیاتر پیسنەکردنی هەوا لەوانە زیادکردنی ڕوبەری سەوزاری و بەتایبەتی ئەو درەختانەی کە ڕوبەری گەڵاکانیان فراوانە، تێکنەدانی سیما و تۆپۆگرافیای خاک کە ڕۆڵی خەزانێکی گەورەی پیسکەرەکان ئەبینێ، بەکەلتورکردنی پاسکیلسواری و هۆکارەگشتیکانی گواستنەوە[هەرچەندە لە ئێستەدا لە ئاستی زۆر خراپدایە] . دورکەوتنەوە لە بەکۆنکرێتکردنی شار ، چونکە بە کۆنکرێتکردن سەرەڕای بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی شارەکان ئەبێتە هۆی زیاتر دەردانی مادە ژەهراویەکان بۆ ناو بەرگەهەوا. وە نەسوتاندنی پاشماوە کشتوکاڵیەکان کە ئێستا بە بیانوی جۆربەجۆر چەندان دۆنم پەرێز ئەسوتێنرێت . هاندانی بەکارهێنانی ئۆتومبێلی کارەبایی و سنوردانان بۆ ئەو ئۆتومبیلانە کە هۆکاری پیسکردنی شارەکانن بەتایبەت ڕێکخستنی هاتوچۆی ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر لەناوشارد.

چامە نێت : بەرپرسیارەتی تاکی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ژینگە چی یە؟

م. یەریڤان : بۆ پاراستنی بەرگەهەوا بەشی زۆری ئەرک لەسەر تاکە چ لە ڕێگەی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و کەم کردنەوەی هۆکارەکانی پیسکردنبێت یان لە ڕێگەی فشارکردن بێت بۆ سەر دەسەڵات بەمەبەستی چاودێری وردی کارگە و پاڵاوگەکان و داخستنی پاڵاوگە بێمۆڵەتەکان . وە قەدەغەکردنی مۆلیدەی تایبەت بەماڵان و پاڵپشتی دانانی سیستەمی ووزەی نوێبووەوە، لەکۆتایدا هەموو ئەو پاشماوانەی ئەیکەینە ژینگەوە بە شێوەیەکی ترسناکتر بۆ ناو جەستەی خۆمان دەگەڕێتەوە ، نەخۆشخانە و کلینکەتایبەتەکان بەڵگەی پابەندنەبوونی ئێمەن بۆ پاراستنی ژینگە و ژیان. زۆری ژمارەی توشبوانی شێرپەنجە ئاماژەی مەترسیدارن بۆ ووێرانکردنی ژینگە و بەتایبەت بەرگە هەوا.

چامە نێت : لەکۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ بەڕێز مامۆستا یەریڤان پسپۆری بواری ژینگەیی بەرگەهەوا کەکاتی خۆیی بە ئێمە بەخشی .

Chama Net

سەرنووسەر و سەرپەرشتیاری ماڵپەڕ

بابەتەکانی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

هەروەها پشکنین بکە
Close
Back to top button