دەستدرێژییەکان بۆسەر ئازادی ژنان و ڕۆنامەنووسانی ئازاد – خزمەتێکی تری دەسەڵات بەئەجێندای داگیرکەران
دیدارێک لەگەڵ بەڕێز نەجیبە قەرەداخی ، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی .
بەشی یەکەم
چامەنێت : وەکو بەڵێنمان بەخوێنەرانی ماڵپەڕەکەمان داوە بەردەوام لەبەرەی هێڵی تێکۆشانی ئازادەوە لەدژی هەر نادادپەروەری و هەر پەلکێشییەک بۆسەر هێڵی تێکۆشانی ئازاد ، لەبەرەی گەلەکەماندا لەدژی ستەمکاری دەبینە دەنگی دلێری هێڵی تێکۆشانی ئازاد ، جا هەروەک لای هەمووان ئاشکرایە ، لەدواین ڕۆژی ساڵی 2024دا هیزە ئەمنییەکانی سلێمانی هەریەک لە (کەناڵی ژن تیڤی و ڕێکخراوەکانی نوێگەر و ڕژاک و کۆمپانیای گزنگی بەربەیان) یان داخست، ئەمە لەکاتێکدا هەریەک لەم کۆمپانیاو ڕێکخراوانە لەڕووی یاساییەوە مۆڵەت پێدراون و لە ڕووی ئەمنی و کۆمەڵایەتی و کلتوری و نەتەوەییەوە ، جگە لەخزمەتکردن بەکۆمەڵگە ، هیچ هۆکارێک نابینرێتەوە بۆ گەمارۆدان و داخستنیان ، ئەم دەزگایانە فاکتەر و ئامرازی پێشخستنی هزری تاکی کۆمەڵگەن ، داکۆکاری سەرسەختی ڕاستەقینەی پرسی ئازادی کۆمەڵگە و پرسی ژن و مافەکانیان و نوێنەری ڕاستەقینەی هێڵی تێکۆشانن بۆ ئازادی کۆمەڵگە و نەتەوە و نیشتیمان ….
وەکو ماڵپەڕی چامەنێت بۆ تاووتوێ کردنی ئەم باسە بەپێویستمان زانی لەگەڵ بەڕێز ( نەجیبە قەرەداخی ) ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ، هەڵوێستەیەک لەسەرئەو دەستدرێژییانە بکەین و هۆکار و ئەنجامی ئەم دەستدرێژیانە بۆسەر خودی ژن و ڕۆژنامەگەری ژنان و پرسی ئازادی تاوو توێ بکەین .
چامەنێت: دەستپێک دەستخۆشیمان بۆ خانمی بەڕێز نەجیبە قەرەداخی و هیوای سەرکەوتن و تەمەن درێژیتان دەخوازین ، و دەپرسین کاریگەری ژنی ئازاد لەسەر کۆمەڵگە چی یە؟ بەتایبەت لەکۆمەڵگەیەکی وەکو باشوری کوردستان ، کەتاک تیایدا بەدەسەڵاتێکی دەستەمۆی داگیرکەران گەمارۆ دراوە .؟
نەجیبە قەرەداخی : سوپاس بۆ چامەنێت بۆ ئەم دەرفەتە ، …. قسەکردن لەسەر تەوەری ئازادی لەکۆمەڵگایەکدا کە لە زۆر بووارەوە ڕووبەڕووی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی بووەتەوە و تا ئێستاش وەک کۆمەڵگە لەهەوڵی دەستەبەرکردنی خۆبوونی خۆیدایە، چ لە بواری سیاسی، چ لەبواری ئابوری و بواری کۆمەڵایەتی و بواری دەروونی و هەموو بوارەکانی دیکە کە پەیوەندی بەژیانی ڕۆژانەیەوە هەیە، گرنگە. بۆ ئەوەش کاتێک لەو بوارانەوە سەیری کۆمەڵگەی باشور کوردستان بکەین، لەهەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان لەوانەیە زیاتر پێویستی بەوە هەبێت کە قسە لەسەر پێوەری ئازادی بۆ ژن و بە گشتی بۆ سەرتاپای کۆمەڵگە بکرێت. ئەو پێودانگەی کە ڕێبەر ئۆجالان دەڵیت ( ئەگەر ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگە ئازاد نابێت، ئازادی کۆمەڵگە بەندە بە ئازادی ژنەوە) وەکو پێوەری هەموو ئازادییەکانی لەقەڵەم دەدات. ئەگەر لەو ڕووانگەیەوە ، یان لەو سۆنگەیەوە سەیری باشوری کوردستان بکەین، دەبینین کە 34 ساڵی حوکمڕانی باشوری کوردستان و ئازادبوونی خاک لە داگیرکەری رژێمی بەعس نەبووە مایەی ئازادی نەک تەنیا بۆ ژن بەڵکو بۆ کۆمەڵگە بە گشتی چونکە ئەو بوارانەی لەسەرەوە باسمان کرد لە خزمەت بە کۆمەڵگەدا نییە و کۆمەڵگە کێشەی قووڵی لە بوارانەدا هەیە. لە کاتێکدا کە خەونی کۆمەڵگە و ژنان بە تایبەتی دابینکردنی پێویستیەکانیان و داماڵینیان لە داگیرکاریی لە هەموو ئەو بوارانەدا، ئەڵبەتە هەموو جۆرە داگیرکارییەکی دەرەکی و ناوخۆیی و ئازاد بوون لە هەموو جۆرە ستەمێکی نەتەوەیی، چینایەتی و ڕەگەزی. لەبەر ئەوەی ئازادی تەنیا و تەنیا ئەوە نییە لە تۆ لە کۆڵ داگیرکەرێک ببیتەوە بەڵکو ئازادی هەم بەرپرسیارێتی یە و هەم بونیاتنانی سیستەمێکی دیموکراتییە کە کۆتایی بەو هەموو جۆرە ستەمێک بێنێت، ئازادی دابینکردنی دەرفەتێکە بۆ خۆ دەربڕینی کۆمەڵگە، دەرفەتێکە بۆ خۆ بەڕێوە بردنی کۆمەڵگە ، دەرفەتێکە بۆسەر لەنوێ دانانەوەی پێوەرەکانی ژیان ، بەشێوەیەکی هاوسەنگ لەنێوان ژن و پیاو ، لەنێوان مرۆڤ و کۆمەڵگە ، لەنێوان مرۆڤ و سروستدا ، ئەگەر لەم سۆنگەیەوە سەیری کۆمەڵگەی باشوری کوردستان بکرێت، دەتوانین بڵێین کە پێوەری ژنی ئازاد لە هەموو کاتێک زیادتر بۆ کۆمەڵگەی باشوری کوردستان پێویستی بە پێناسە کردنەوەیە. لەبەر ئەوەی بەهۆی زهنیەتی دەسەڵاتداری و حوکمڕانی سی و چوار ساڵ، ئەوەی کەناوی ئازادی بێت لەمانا ڕاستەقینەکەیدا، ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی زۆر گەورە بۆتەوە. لەوانەیە ئەو زوڵم و زۆرەی کە ڕژێمی بەعس لەکۆمەڵگەی کوردستانی کرد لەسەری هەڵگیرابێ، بەڵام خۆ بەراووردکردنمان بەو قۆناغەی کەڕژێمی بەعس ئێمەی چەوساندۆتەوە بەراوردێکی هەڵە دەبێت بۆ پێناسەکردنەوەی ئازادی. واتا کاتێک کە کۆمەڵگەی باشوری کوردستان ڕووبەڕووی داگیر کارییەکی هەمەلایەنە بووەتەوە، لەڕێگەی میدیاوە، لەڕێگەی دانانی بنکە سەربازییەکانی داگیرکەرانەوە بە تایبەتی داگیرکەریی تورکیا و ئێران، لەڕێگەی هەژموونی سیاسی داگیرکەرانی کوردستان و هێزی نێودەوڵەتی بەسەر باشوری کوردستانەوە ، نەبوونی سەرچاوەیەکی بڕیاری ڕاستەقینە، نەبوونی یاسای دیموکراتیانە، ئەمانە هەموو وادەکات کە بەڕاستی ئازادی سەر لەنوێ پێویستی بە پێناسەکردنەوە بێت لەباشوری کوردستان. بەتایبەتیش لە کاتێکدا کە دان بە ئیرادەی ژن دا نانرێت و هەر ئیرادەیەکیش کە هەوڵی خۆرێکخستن بدات ڕووبەڕووی سەرکوت دەبێتەوە. بۆ قسەکردن لەسەر ژنی ئازاد، لەسەر ڕاگەیاندنی ئازاد ، لەسەر دەلاقەی نوێ بۆ ئازادی کە گفتوگۆ لەسەر پێوەری ڕاستەقینەی ئازادی بکات، زۆر گرنگە لەم قۆناغەی باشوری کوردستاندا. ناتوانین بڵێین خولیا بۆ ئازادی یان گەڕان بەدوای پێناسەی ڕاستەقینەی ئازادیدا لەباشوری کوردستاندا زۆر لاوازە. ئەوەشی هەیە پەرشوبڵاوە، بێ ڕێکخستنە. ئیرادەیەک هەیە، بەڵام ئیرادەیەکی ڕێکنەخراوە، ئیرادەیەکە بەڵام تاکەکەسیانەیە و ناتوانێت ئەو واقیعە داگیرکراوەی لەباشوری کوردستاندا هەیە گۆڕانکاری بەسەردا بهێنێت ، لەبەرئەوە بوونی پێوەری ژنی ئازاد لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستە لەم کۆمەڵگەیەدا گفتوگۆی جددی لەسەر بکرێت.
چامە نێت : سوپای داگیرکەری تورک چەند جار ژنەچالاک و وڵاتپارێز و ڕۆژنامە نووسە ئازادەکانی کردووەتە ئامانج ، لەم ڕۆژانەشدا لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە چەند دەزگایەکی چالاکی چاند و هونەری و مەدەنی و ڕۆژنامەگەری ژنان داخران ، پێتان وانی یە لەڕاستیدا هەر دووک لایەنی هێرشبەری سەر ژنانی ئازاد یەک پاکێج بن؟ سەرنجی ئێوە لەسەر داخستنی ( ژن تیڤی + ڕێکخراوەکانی نوێگەرو ڕژاک + کۆمپانیای گزنگی بەربەیان ) چی یە؟
نەجیبە قەرەداخی : هێرش و بەئامانج گرتنی ژنانی تێکۆشەر و چالاکوان لەم ساڵانەی دواییەدا بێگومان پاکێجێکی گرێدراوی یەکترییە. زهنیەتی دەسەڵاتداریی، پیاوسالار و زهنیەتی داگیرکەری دەوڵەتانی ناوچەکە لەو خاڵەدا یەکدەگرنەوە لە خەسڵەت و کارەکتەری ژنی ئازاد دەترسن. ئەوکاتەی ژنان دەنگیان بەرزکردەوە، ئەو کاتانەی کە ژن خۆی ڕێکخستن کرد، ئەوکاتانەیە کەزهنیەتی دەسەڵاتداری و پیاوسالاری فشاری بۆ دێت و زەمینە بۆ داگیرکاری ناهێلێتەوە. بێگومان ئەم زهنیەتە، زهنیەتێکە کە کاریگەری لەهەموو بوارەکانی ژیانمان کردووە و کاتێک ئەم ژنە تێکۆشەرانە بە دیدیان، هەوڵ و پڕۆژەکانیان، بە بەرهەم و چالاکی و نووسینەکانیان لەبەرامبەر ئەم زهنییەتە ڕادەوەستن، ئەمە خۆی لەخۆیدا هەم تێکۆشانێکە و هەم شەڕێکە، هەم شەڕێکی مێژووییە و هەم شەڕێکی ڕۆژانەیە. ئەم ئەقڵیەتە لەڕاستیدا لەژنی ئازاد دەترسێت، پەلاماردانی ئەم دەزگایانە، پەلاماردانی ژنانی تێکۆشەر بەشێوازی جیاواز، هەر لە لەناوبردنی فیزیکیەوە بگرە تا داخستنی دام و دەزگا ، پەیوەستە بەهەمان ئەقڵیەتی توند و تیژ کە لە مێژووی پێنج هەزار ساڵی ڕابردوودا قۆناغ بە قۆناغ پەرەی سەندووە و کەڵەکەبووە و دابڕاو نییە لەو مێژووە و لەقۆناغی ئێستاشدا لە کردار و هەڵوێستەکانیاندا دەردەکەوێت، داگیرکەر بە کۆمەڵکوژی وەڵامی داخوازی ماف و ئازادییەکان دەداتەوە، زهنیەتی دەسەڵاتدارییش لەم هەرێمە هاوتەریب لەگەڵ زهنیەتە هەڵسوکەوت دەکەن، لەوانەیە لە هەندێ جێگە و هەندێ جار هێزەکان وەک یەک نەبن بەڵام هەر نەبوونی پرۆژەیەکی دیموکراتیانەی نەتەوەیی دەیخاتەوە خزمەتی داگیرکەران. لەبەر ئەوە ڕاستە لە پرسیارەکەی ئێوەدا ئاماژەت بەوەدا کە یەک پاکێجە، بەدڵنیاییەوە یەک پاکێجە، یەک زهنیەتە، یەک شێوازی بیرکردنەوەیە، پێم وابێ کە لە حوکمڕانی سی وچوار ساڵی ڕابردووی باشوری کوردستاندا، چاوەڕوانی تێگەیشتنێکی دیکە، یان تێگەیشتنێکی دیموکراتیانە لەم دەسەڵاتە ناکرێت، زەحمەتە بەڕاستی، واتە کارەکتەرێک کەبەو شێوەیە هاتبێت تەنیا و تەنیا لەوەرچەرخانە مێژووییەکاندا ترسێکی لێ دەنیشێت و هەنگاو بۆ دواوە دەنێت، نمایشی ئەوە دەکات کە لە ڕووی کوردپەروەری و نیشتیمان پەروەرییەوە هەڵوێستی دیکە نیشان دەدەن. سەرنج بدەن، زهنییەتی دەسەڵاتداری بەبەردەوامی لەسەر هاوسەنگی هێز مامەڵە دەکات نەک لەسەر پرەنسیپی دیموکراسی، پرەنسیپی دیموکراسی ئەگەر هەبێت، دەبێت لەهەموو هەل و مەرجەکاندا پابەندبیت پێوەی، بەڵام کاتێک کەپرەنسیپی دیموکراسی نەبێت ، بەپێی هاوسەنگی هێز هەڵوێستەکان دەگۆڕێن. واتا هەرکاتێک وەرچەرخانێکی مێژوویی یان هاوسەنگی هێز بەلایەکدا بکەوێت ، ئەم هێزانە خاوەن خەسڵەتێکی بەوشێوەیەن کە حەربائاسا بەملاو بەو لادا دەکەون کە سەرەتا بیر لە بەرژەوەندییەکانی ئابووری و سیاسییە حزبییەکانی خۆیان دەکەنەوە، بەکەمێک جیاوازی کەمەوە. لەوانەیە هەندێک جار بەهۆی هەڵوێستی بنکەی جەماوەرییانەوە یان بەهۆی هەستی وڵاتپارێزیی کۆمەڵگەوە هێزەکانی دەسەڵاتدار نەتوانن هەموو شتێک بخەنە خزمەت داگیرکەرانەوە، کاتێ دام و دەزگای دیموکراتی سەرکوت دەکرێت ئەم بنکە جەماوەرییە دەنگی بەرز دەکاتەوە و هەڵوێست نیشان دەدات. لەڕاستیدا ئەوەیە پێوەری تێکۆشان ، پێوەری دیموکراسی. من پێم وانییە هێزەسیاسییەکان خاوەنی ئەم زهنیەتە بن، بەڵام باوەڕم بەوەهەیە کە کۆمەڵگا دەتوانێت سنور بۆ دەسەڵات دانێت یان ڕێ بە فشاری دام و دەزگا دیموکراتیەکان نەدا. داخستنی ژمارەیەک دام و دەزگا بەبیانووی بێ بنەما ، کە هەموو دەزگاکانی ئاسایش لەباشوری کوردستان دەزانن کام ڕێکخراوە چی دەکات، کام ڕێکخراوە خزمەتی کام توێژی کۆمەڵگا دەکات. لەبەر ئەوە داخستنی تەنیا و تەنیا بەبیانووی بێ بنەما، دەرهاوێشتەی زهنیەتێکی نادیموکراتی نانەتەوەیی ئەو دەسەڵاتەیە کەلەباشوری کوردستان هەیە. پێم وابێت کە ژنان لە کوردستان هەڵوێستی زۆر باشیان نیشاندا، بەتایبەتی لەبەرامبەر بەداخستنی دەزگاکانی ژنان، هەڵوێستێکی زۆر ووڵاتپارێزانەیان نیشاندا، کاردانەوەکانی ئەم ڕۆژانەی دوایی لەباشوری کوردستان و لەدەرەوەی ووڵات نیشانمان دەدات،کە ئەو کۆمەڵگایە چی دیکە بەو هەڵوێستە نادیموکراتیانە بێدەنگ نابێت و قایل نییە، هەڵوێستی خۆی هەیە، ئەمە مایەی دڵخۆشییە ، ئەمە بەڕاستی نیشانەی ئەوەیە کەباشوری کوردستان لەڕووی نەتەوەییەوە ، لەڕووی پێوەری دیموکراسییەوە ، لەڕووی تەنانەت تێکۆشانی ڕەگەزییەوە، خاوەنی هەڵوێستی تایبەت بەخۆیەتی، ناتوانین بڵێین ئەمە سەرتاپای کۆمەڵگەی گرتۆتەوە، بەڵام هەر ئەوبەشەی لەکۆمەڵگەدا ئەم هەڵوێستانە نیشان دەدەن، ئاماژەیە بەوەی کە لەو کۆمەڵگایە ئەو دەلاقەیە ماوەتەوە کە دەربڕینی بیرو بۆچوون ، دەکرێت بە ئاراستەی دیموکراسی و ئازادیدا خزمەت بکات، ئەمە زۆر گرنگە و پەیوەستە بە ڕیشە و ڕۆحی نەتەوەیی دیموکراتیانەی کۆمەڵگە کە ڕێبەر ئۆجالان بە ڕیشەی کۆمەڵگەی ئەخلاقی و سیاسی پێناسەی دەکات.
چامەنێت : یەکێک لەگرنگترین بنەماکانی کاری میدیایی ، یەکێک لەگرنگ ترین بنەماکانی کاری میدیایی پێداگریکردنە لەسەر پارێزگاریکردن لەکلتوری کۆمەڵگە و گرنگی دان بەوپرسانەی کۆمەڵگە کەپەیوەستن بەچاند و کلتور و بنەماکانی ووڵاتپارێزی ، لەباشوری کوردستان دەیان دامەزراوەی میدیایی هەیە ، تاکو چەند بنەمای ووڵاتپارێزییان تێدا دەبینرێت ؟ سەرنجتان لەسەر ڕۆژنامەگەری لەباشوری کوردستان چی یە؟
نەجیبە قەرەداخی : ئەگەر بەڕاستی پێوەری دیموکراسی و ووڵات پارێزی و یاسایی لەو وڵاتەدا جێبەجێ بکرایە، دەبوو دەیان دامەزراوە دابخرایە کە لەباشوری کوردستان پڕ و پاگەندە بۆ داگیرکەری دەکەن، زەمینەی هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا تاو دەدەن، بۆ نموونە فرەژنی ڕەوادەکەن، کۆمەڵگا بە گفت و گۆی بێ بنەما، بێ ناوەڕۆک و پوچ بەلاڕێدا دەبەن. ئەوانە ئەو زەمینەی تاو دەدەن لەبەرئەوەی لەبەریەکهەڵوەشاندنی کۆمەڵگا و ڕزاندنی کۆمەڵگا بەشێکە لە پڕۆژەی نیولیبرالیزم و ئەمە دەکەوێتە ناو خانەی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری نوخبەی دەسەڵاتدار لەباشوری کوردستان، ئەگەر نا خۆیان سەیری دەزگاکانی ڕاگەیاندنی خۆیان ناکەن. بەشێوەیەکی زۆر کراوە و ڕەها دەتوانیت لەشاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانیانەوە، بزانیت ئایا چۆن ئەم کۆمەڵگایە ڕۆژانە لە هێز دەخریت، فێری دیاردە و خووی ناتەندروست دەکرێن. پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا لەم دۆخی داگیرکارییە هەمەلایەنەدا ئەم دەزگایانە ئەم کۆمەڵگایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکەری ئامادە دەکرێت؟ ئەم کۆمەڵگایە خۆبوونی خۆی پێ دەناسرێت؟ ئەم کۆمەڵگایە بەئاراستەیەکی دیموکراتیدا ئاراستە دەکرێت، تۆ دەتوانیت ئەوە ببینیت کەبەتەواوەتی لەدژی بنەماکانی دیموکراتی، کۆمەڵێک دەزگای پەیوەست بەدەسەڵاتدارەوە و کۆمەڵێک دەزگای سێبەریان کە لەلایەن دەسەڵاتەوە داراییان دابین دەکرێت ، بەکراوەیی لە دژی کۆمەڵگەن. بۆ نمونە دام و دەزگا هەیە هەواڵ بڵاو دەکاتەوە، کە نە سەرچاوەی هەواڵەکە دیارە نە ئامانجی هەواڵەکە دیارە ، بە بۆچوونی من ئامانجەکەی تەنیا و تەنیا بوونە بەپارچەیەک لەشەڕی دەروونی، شەڕی تایبەت کە بەرامبەر بەسەرتاپای کۆمەڵگا بەڕێوە دەبرێت، لەبەرئەوە لەکاتێکدا کە ئەم دەزگایانە هەیە، بوونی دەزگا و دامەزراوەی دیموکراتی کە پرسیار بخاتە سەر ئەم شەڕە دەروونی و تایبەتە، سەرنج بخاتە سەر لایەنی نەرێنیانەی ئەم دام و دەزگایانە زۆر گرنگە. بۆیە لەم کاتەدا هێرش دەکرێتە سەر دام و دەزگای ڕاگەیاندنی ئازاد و ئەو ڕۆژنامەوانانەی کە دەیانەوێت تیشک بخاتە سەر ڕاستییەکان. دەزگا و دامەزراوەی میدیا، هێندە گرنگە تا ئەو ئاستەی کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر سەرتاپای کۆمەڵگە دروست بکات ، زانیاری بەکۆمەڵگا بدات ، بەر چاوی کۆمەڵگە و ئاسۆی کۆمەڵگە ڕۆشن بکاتەوە. لەبەرئەوە من پێم وابێ لەهەموو کاتێک زیاتر و لەهەموو شوێنێک زیاتر، لەباشوری کوردستاندا پێوویست بە پێوەری ڕۆژنامەگەری ئازادە، بەڵام ئێمە دەبینین کە میدیایەک بۆ سەرگەرمکردن، مێدیایەک بۆبەلاڕێدابردن، مێدیایەک بۆ داڕزاندنی کۆمەڵگە لەئارادایە کە چەواشەکارە، بۆنمونە بەئاوەژووکردنەوەی زانیارییەکان، ئەم جۆرە مێدیایە بەقووتی خەڵک، بەدارایی خەڵک بەمووچەی خەڵک بەڕێوەدەبرێت. لەکاتێکدا کە ئەم پارەیە بۆ ئەم دەزگا و دامەزراوانە تەرخان دەکرێت و مووچە بە خەڵک نادرێت. دەبینن کە چەندین مانگ لەسەر یەکتری، فەرمانبەر و مامۆستا مووچە وەرناگرن، بەڵام تۆ دەتوانی لەڕۆژێکدا بەلایەنی کەمەوە لەپەنجا دەزگای ڕاگەیاندنەوە، لە پەنجا سەرچاوەی ڕۆژنامەگەرییەوە لەباشوری کوردستان بە دەیان جۆری جیاواز لەهەواڵ لەسەر مووچە بڵاو دەکرێتەوە و وەک ئەوەی شەڕ لەگەڵ دەروونی ئەو خەڵکە بکەن. لە کاتێکدا ڕاستییەکان دەشاردرێتەوە لەکۆمەڵگە. زانیارییە ڕاستەقینەکە دەشاردرێتەوە لەکۆمەڵگە. ڕۆژنامەگەری ئازاد، ڕۆژنامەگەرییەک کە پەنجە بخاتە سەر برینی کۆمەڵگەکە، پەنجە بخاتە سەر ئەو زوڵم و زۆرەی لەلایەن دەسەڵاتەوە لێی دەکرێت، بۆ نمونە دەسەڵاتێک بۆتە چاوساغی داگیرکەر ، بۆتە هاوکاری داگیرکەر، بۆتە مینبەری پڕوپاگەندە بۆ داگیرکەر، ئەو میدیایە دەتوانێت بەربەست بێت لەبەردەمی ئەم مێدیایە (میدیای ئازاد) بۆ ئەوەیش بەڕای من لە واقیعی ئێستای باشوری کوردستان لەهەموو کاتێک زیاتر پێویستە میدیا ڕۆڵی خۆی ببینێت بۆ ڕۆشنکردنەوەی ڕاستییەکان.
..ماویەتی…